له‌سه‌رهێل 49
سێ‌شه‌مه 9 سه‌رماوه‌ز 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ناشیرین کردن و سوکایەتی بە هەر جۆرە بیر و ئایینێک دژی بنەما دیموکراسیەکانە!

ماردین زاهدی
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆر بۆ ناشیرین کردنی ئایینی ئیسلام دراوەو تا ڕادەیەکی زۆریش ئەو شێوە تێڕوانین و بیرکردنەوە لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکی ووڵاتانی ئوروپایی دا بڵاوبۆتەوە، هۆکارە سەرەکیەکەشی بوون و سەرهەڵدانی گروپ و تاقمە ترۆریستیەکانی وەک داعش، حیزبوڵڵا، تاڵبان، ئەلقاعیدە، ئەنسارول ئیسلام و سوپای پاسدارن و چەندین گروپ و تاقمی ترۆریستی دیکە کە لە ژێر ناوی ئیسلام دا ئاژاوەگێڕیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام داوە و ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی گرفتێکی زۆر بۆ خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت.
ناوچە کوردنشینەکانی وەک کوردستانی ئێران، عێراق و سوریە لەماوەی ئەم ساڵانەدا زۆرترین شەڕ و ناکۆکی و ئاوارەبوونی دانیشتووانی بەخۆیەوە دیتووە، و بە هەزاران کوژراو و بریندار و کەم ئەندام لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە، ئەمەش هۆکارێکی گەورەیە بۆ هەڵاتن و کۆچ کردنی هاووڵاتیان لەو ناوچانەدا لەپێناو بەدەستهێنانی داهاتویەکی باشتر و هەڵهاتن لەناو ئاگر و شەڕ، و پەنابردن بۆ وڵاتێکی ئوروپای.
ووڵاتانی ئوروپایی بەحوکمی بوونی دیموکراسی و حکومەتێک کە لە خزمەتی خەڵکی خۆیاندان، بە باوەشی کراوەوە پێشوازیان لە خەڵکی لێقەوماو کرد، بەڵام بەداخەوە کردەوه ترۆریستیەکان لەو ووڵاتانەش سەری هەڵدا و کەسانی توندڕەو یان هێندێک بەکرێ گیراو هەوڵیان دا ئاژاوەکە توشی ئەو ووڵاتانەش بکەن و سەرکەوتووش بوون و بەداخەوە خەڵکی بێ تاوانیان خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە، هەر بۆیە یاسای پەنابەری و وەرگرتنی پەنابەرەکانی ناوچە ئیسلامیەکان زۆر بە سەختی ئەڕواتە پێشەوە و وەرگرتنیشیان ئەستەمە.
لەم ڕۆژانەی دواییدا شاهێدی دۆخی خەماوی و کارەساتباری کۆچبەرانی کوردین لەسەر سنورەکانی پۆلەندا و ڕۆژانە شاهێد و بیسەری هەواڵی مردنی ئەو کۆچبەرە کوردانەین کە بەداخەوە بەهۆی سەرماوە ڕەق هەڵدێن...
ئەمەش لەکاتێکدایە کە سنورەکان تا ئێستاش بەڕوی ئەو کۆچبەرانەدا داخراوە و ڕێگەیان پێ نادرێ.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆتەوە، دەوڵەتی پۆلەندا ڕایگەیاندووه کە هۆکاری ڕێگە نەدان بەو پەنابەرانە بۆ پشتیوانی لە هەڵوێستی خەڵکی ووڵاتەکەیەتی کە بوونی مسوڵمانان لە ووڵاتەکەیاندا بە مەترسی دەزانن و حکومەتیش پشتگیری لەو هەڵوێستەیان دەکات، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئەو کۆچبەرانە نوێژی بەکۆمەڵیان کردووە.
حکومەتی ئەو وڵاتە باسی لەوە کردووە کە ئەوان دوو ملیۆن پەنابەری ئۆکراینیان هەیە و بە ئاشتی لە وڵاتەکەیاندا دەژین و هیچ کێشەیەکیان بۆ ووڵاتەکەمیان دروست نەکردووە.
لەکۆتاییدا دەمهەوێ بڵێم کە ئەوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە بەها مرۆییەکانە، ئەوەی لەئێستادا ڕوودەدا کارەساتێکی مرۆیی دڵتەزێنە و بەهەزاران مرۆڤ لەگەڵ مەرگ و ژیانێکی پڕ چەرمەسەری دەست و پەنجە لێدەدەن.
ئەوەش ڕوونە کە ڕژیمی ئاخوندی ئێران وەک هەمیشە و لە هەر جۆرە کردەوەیەکی شەڕانگێزی دا جێ پەنجەی دیارە و بە پاڵپشتی لە گروپ و تاقمە تیرۆریستیەکان، لەهەوڵی شێواندنی ئاسایسی جیهانی دایە و لە هەر ووڵاتێکدا کە ئەو دەسەڵاتەو سوپای تیرۆریستی بوونی هەبێ، ئاژاوە گەیشتووەتە لووتکەی خۆی و بە پێچەوانەی خواستی خەڵکەکانیان بە ناردنی میلیشیاکان، ژیانی ئەو خەڵکەیان شێواندوەو دەربەدەریان هاوردۆتە ڕێگەیان.
پێویستە بەزووترین کات ڕێگەچارەی ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و پێش ئەوەی کە بەشوێن تاوانباری سەرەکی دا بگەڕێن، بیرێک لەو هەلوومەرجە بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەرمابردووان، کۆچکردووان و نەخۆشەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت و لەو ئاستە مەترسیدارەی ئێستا زیاتر نەبێ.

ڕێکه‌وت: 2021-11-14 22:28:30
به‌شی ( سیاسی )





دیمانه

سیاسی