له‌سه‌رهێل 31
سێ‌شه‌مه 9 سه‌رماوه‌ز 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ئاماری نوێی توندوتیژی لە دژی ژنان لە جیهان، ئێران و کوردستان

ئامادە کردن : فرمێسک ڕەزایی
لە ڕاگەیندراوی (نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ژنان) کە کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ساڵی ١٣٩٩ بڵاوی کردۆتەوە (هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە یاخود هەڕەشە بەو کردەوەیە لە ژیانی گشتی و تایبەتی کە بەپێوەری ڕەگەز جێبەجێ بکرێ و ژنان ناچار بکات و یا بەهۆی زوڵم و ستەم لە ئازادی بێ بەشی بکات) بە توندوتیژی دژی ژنان ئەژمار دەکرێت.
بەپێی وتەی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی (who) یەک لەسەر سێی ژنان لە لایەنی هاوسەر توندوتیژیان لە دژکراوە.
هەروەها لە هەرچوار کچی مێرمنداڵ یەک کچ بە خراپترین شێوە کەوتۆتە بەر پەلاماری توندوتیژی بنەماڵەیی.
ئەم ڕاپۆرتانە بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی نووسراوە و دەرخەری ئەوەیە کە توندوتیژی بنەماڵەیی لە سەرەتای لاویەتی دەست پێ دەکات و هەروەها یەک لە چواربەشی ژنانی ١٥ تا ١٩ساڵە لە ژیانی خۆیاندا یەکجار ڕوبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە.
زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی لە دژی ژنان لە نێوان تەمەنی ٣٠تا ٣٩ ساڵ بینراوە.
لە ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی نەتەوەکان باسی لە پەرەسەندنی توندوتیژی بنەماڵەیی کرد و بەهۆی قەڕەنتینەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەم ڕێژەیە پەرەی سەندووە و زیاتر لە ١٥ملیۆن ڕاپۆرت لەسەر توندوتیژی ڕاگەیندراوە، هەرچەند ئاماژە بەوەش دەکەن کە ڕێژەی ڕاستەقینە زۆر لەمە زیاترە.
زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی لە ئافریقا و لە کونگۆ ڕاگەێندراوە کە زیاتر لە ٤٧ لە سەدە و لە گینە و ئۆگاندا و لیبریا ئەم ڕێژەی ٤٦ لە سەدە.
هەروەها کەمترین ڕێژەی توندوتیژی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئوروپا و ئاسیای ناوەندی و ئاسیای ڕۆژهەڵات ڕاگەیندراوە.
لە وڵاتی ئینگلیسش ٢٤ لە سەد لە ژنانی ١٥ تا ٤٩ ساڵ لە لایەن هاوسەری و هاوبەشی ژیانیان توندوتیژیان لێ دەکرێ.

لە هەموو جیهاندا نزیکی ٧٥٠ ملیۆن ژن و کچ پێش هەژدەساڵان هاوسەرگیریان کردووە و ٢٠٠ملیۆن ژن و کچ خەتەنە کراون.
هەر بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو ژنانەی کە ئەزمونی توندوتیژی بنەماڵەیی و یا سێکسیان بووە، ئەگەری لەباربردنی منداڵیان زۆرتر و دووهێندە ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی زیاترە.
ڕێژەی توندوتیژی لە دژی ژنان لە ڕادەبەدەرە و یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤە، زۆربەی ئەو ژنانەی کوژراون لە لایەن هاوسەر یا هاوسەری پێشووی ژیانیان کوژراون.
ڕێژەی کوژران بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی زیاتر لە ڕێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجە و پێکپێدادانی ئۆتۆمۆبێل، شەڕ یا تووشبوون بە نەخۆشی مالاریایە.
بەراورد کراوە کە لە هەر پێنج ژن، یەک ژن لە ماوەی ژیانی خۆی کەوتۆتە بەر پەلاماری دەستدرێژی سێکسی.
لە زۆربەی وڵاتەکان ژنانێک کە دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان و یا پێش هاوسەرگیری پەیوەندی سێکسیان هەبێ و یا خەیانەتی سێکسیان کردبێ، لە لایەن بنەماڵەی خۆیان دەکوژرێن. ژمارەی ئەم کوشتنانە کە بە قەتڵی نامووسی ناسراوە لە ماوەی یەکساڵدا لە جێهان دەگاتە پێنج هەزار نەفەر.

ڕێژەی توندوتیژی لە ئێران و کوردستان

ڕێژەی توندوتیژی لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ، ٦٦ لە سەدی ژنان لە ئێران لانی کەم یەکجار ئەزموونی توندوتیژیان هەیە و ٤٨ لەسەدی ژنانی دووگیان توندوتیژیان لێ دەکرێ و لە نێوان پیشەکاندا ٧٢ لە سەدی پەرەستارەکان لەگەڵ توندوتیژی ڕووبەڕوو دەبن. بێگومان بەهۆی سەرکوتی ڕاگەیاندن لە ئێران ئەم ڕێژەیە زۆرتر لەوەیە کە بڵاو دەبێتەوە.
لە ساڵی ١٣٧٥ دوو هەزار و ٨١٨ نەفەر و لەساڵی ١٣٨٠ سێ هەزار و ٢٧٥ نەفەر، هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠، هەزارو ٣١٥ کەس خۆیان کوشتوە کە زۆربەی خۆکوژەکان لە ڕەگەزی ژن بووە.
بە پێی ئەم ڕێژەیە ٣٠ لە سەدی ئەو ژنانەی کە ژیانی هاوبەشیان هەیە لانیکەم یەکجار، ئەزموونی توندوتیژی جەستەییان بووە و دە لە سەدی ئەم ڕێژەیە بۆتە هۆی زیانی بەردەوام یان کاتی.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە لەمەڕ توندوتیژی دژی ژنان، هەم تەمەنی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان لێ دەکرێ هاتۆتە خوار و هەم بەشی ژنان لە توندوتیژی پەرەی سەندووە.
لە ئێران کاتێک باس لە توندوتیژی دەکرێ، باسی توندوتیژی جەستەیی دێتە ئاراوە و ڕێژەکان زیاتر لەسەر ئەو بنەمایەیە، بەڵام ئەگەر بپڕژینە سەر توندوتیژی دەروونی، ئابووری و توندوتیژی لە شوێنی کاردا ئەم ڕێژەیە لە ڕادە بە دەرە.

بە گشتی لە ئێران نە ڕێژەیەکی ڕاستەقینە هەیە و نە ئەو بۆێریە لە ژناندا هەیە کە سکاڵا بەرزکەنەوە.
زۆربەی ژنان بەهۆی ئەوەی مافی سەرپەرشتی منداڵیان لێ دەستێننەوە یان ژیانیان دەشێوێ و دەکێشێتە جیابوونەوە، هەر بۆیە توندوتیژی ڕاناگەێندرێ.
لە ڕێژەی ڕاگەێندراو لە لایەن ماڵپەڕی زانکۆ و زانستی ئێران، لە سنە و ئەهواز زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی ژنان تۆمار کراوە.

سروشتی کوردستان, [٢٢/١١/٢٠٢١ ٠٧:٣٥]
ئەم ڕێژەیە لە کوردستان و بنەماڵەی کورددا ٨٨ لە سەدە. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی گشتی ئەم ڕێژەیە لە شاری تاران ڕێژەیەکی زۆرە و ئەهواز بە توندوتیژترین شار ناسراوە. توندوتیژێک لەم شارە ڕوو ئەدات کە زۆرتر دەبێتە هۆی کەم ئەندامبوون و کوشتن.
هەروەها لە شاری سەقز و میناب زۆرترین توندوتیژیەکان لە شێوەی توندوتیژی سێکسییە.
ساڵ بەساڵ ڕێژەی توندوتیژی لە دژی ژنان پەرە دەستێنێ و بۆ نەهێشتن و یان کەمکردنەوەی ئەم دیاردە قێزەونە، پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە کە شۆڕشێک لە دژی پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاوسالار لە ئێران وەگەڕبخەن.

ڕێکه‌وت: 2021-11-23 20:47:42
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی