له‌سه‌رهێل 127
یه‌کشه‌ممه‌ 12 پووشپه‌ڕ 2722
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
مامۆستا شێخ رەئوف حوسەینی ئەندامی سەركردایەتی پێشووی سازمانی خەبات كۆچی دوایی كرد

خەبات مێدیا: بەداخەوە ئەمرۆ سێ شەممە 26ی بانەمەڕی 1401ی ك خ، مامۆستا شێخ رئەوفی حوسەینی كەسایەتی دیار و ئەندامی سەركردایەتی پێشووی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و هاوكاری مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی لە دوای ساڵانێكی دوور و درێژ شۆرش و خەبات و خۆراگری دڵە گەورە و پڕ لە ئاواتەكەی لە لێدان كەوت و بۆ هەمیشە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بە جەستە بەجێ هێشت.
مامۆستا شێخ رئەوفی حوسەینی لە دایكبووی 1318 لە سەرقوڵی ناوچەی بانە و لە ساداتی سەیدانی واژە و بەرزنجەییە. مامۆستا هەر لە هەڕەتی لاوەتیەوە لە خزمەت مامۆستا شێخ عزەدین و مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی خوێندوویەتی و لە رێگەی ئەوانیشەوە بە خەباتی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی نەتەوەكەی ئاشنا بووە. مامۆستا شێخ رئەوف لە كاتی راپەرینەكانی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتی، لە شاری بانە هاوكار و جێی متمانەی مامۆستا شێخ جەلال بووە. لە دوای سەركەوتنی راپەرینیش لە دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین و لە دامەزرانی سازمانی خەبات و پێشخستنی كارەكانی سازمان بەردەوام بووە لە هاوكاری و پشتیوانیەكانی بۆ مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی.
رەوانشاد مامۆستا شێخ رەوفی حوسەینی ساڵانێكی زۆر ئەندامی سەركرایەتی سازمانی خەبات و لە ئورگانە جیاجیاكانی سازماندا ئەرك و بەرپرسایەتی وەئەستۆ گرتووەو كارەكانی بەوپەڕی لێبڕاوی و دڵسۆزیەوە بەرێوەبردووە.
مامۆستا شێخ رەوف مامۆستایەكی ئایینی شۆرشگێڕ و نیشتمانپەروەر و خەباتیەكی خەڵكی و خاكی، خەباتكارێكی جیددی و پێداگر لەسەر ماف و ئازادیەكانی گەلی كورد و بەرنامەكانی سازمانی خەبات بوو. مامۆستا لەدوای چەندین ساڵ مانەوە لە سەنگەری پارێزگاری لە نیشتمان و داكۆكی لە مافەرەواكانی كورد و پاراستنی سازمانی خەبات بەهۆی وەزعی تایبەتی پەریوەی وەڵاتی سوئێد بوو. بەڵام نە ئاوارەیی و نە ژیانی تاراوگە نەیتوانی كار لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی بكەن و مامۆستا شێخ رئەوفی نەمر تا دوا هەناسە بەتاسەوە چاوەروانی رزگاری نیشتمان و گەلی كوردی دەكرد و ئەندام و دڵسۆزی رێبازی مامۆستا شێخ جەلالی نەمر و سازمانی خەبات مایەوە.
رێكخستنی دەرەوەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی كۆچی دوایی مامۆستای وەڵاتپارێز مامۆستا شێخ رئەوفی حوسەینی پرسە و سەرەخۆشی بە مامۆستا ژنە خەجیج، كاك نەبەز، كاك جەمال، كاك سەلاح، كاك زاهیر، كاك هەژار، كاك پێشەوا، خوشكە جەمیلە، خوشكە گوڵاڵە و خوشكە سەرگوڵ و تێكڕای خزمان لە سەرقوڵ و شاری بانە و شار و ناوچەكانی دیكەی كوردستان دەكات و داوا لە خوای گەورە دەكات مامۆستا شێخ رەوف بخاتە بەر رەحم و بەزەیی خۆی و سەبر و ئارامی بە خانەوادە، كەس و كار و دۆستانی بدات.
إنا لله وإنا إلیه راجعون

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
رێكخستنی دەرەوە
26ی بانەمەڕی 1401ی ك خ
ڕێکه‌وت: 2022-05-18 07:38:36
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )






  به‌شی : هه‌واڵی ئێران   کات : 2022-07-03 17:52:21
به‌شی : هه‌واڵی کوردستان
ڕێکه‌وت : 2022-06-29

به‌شی : هه‌واڵی کوردستان
ڕێکه‌وت : 2022-06-26

به‌شی : هه‌واڵی ئێران
ڕێکه‌وت : 2022-06-25

سیاسی