نوێترین ههواڵهکان
یادی سەروەران
ڕێکهوت: 2022-05-26 20:36:10
بهشی ( شههیدان )

یادی سەروەری گەل شەهید ڕەحمان پوور كەریمی ناسراو بە ڕەحمان ساردەكۆسانی
نووسینی: سیامەند
ئەی نیشتمانی ڕەنگین ڕۆڵەكانت بە تاسەی ئازادیت سەر دەنێنەوە، لاوانی خوێن گەرم دەست لە ژیان و خۆشیەكانی هەڵدەگرن و لە ماڵ و كەس و كاریان پەرتەوازە دەبن لە پێناو ئازادی و سەربەستی و گەیشتنی گەل و نیشتمان بە مافی ڕەوا. لە مێژساڵە ئەم نیشتمانە مەیدانی نەبەردیی و نەبەزی ڕۆڵە خاوەن هەست و لە گیان لەسەر دەستەكانە، كە لە بەرانبەر هێز و دەسەڵاتی داگیركەر و دژمنانی قین لە دڵ و حەق نەبیست تێدەكۆشن و خەبات دەكەن. كوردستانیانی خێر لە خۆ نەدیو، دەردەداری خۆسەپێنی دەسەڵاتە ملهوڕەكان و داگیركراوی نیشتمانی ڕەنگین و زوڵمی بێ بەزەییانەیانن. هۆ داگیركەرانی بەدفەساڵی ناشیرین و دزێو، ئێوە بۆ حەق نابیستن و لە كەلی شەیتان نایەنە خوار، مەگەر نەتانزانیوە خەوی داگیركردنی كوردستان و لە ناوبردنی گەلی كورد هیچكات نایەتە دی، لە مێژ ساڵە ئێوە هەر لە خۆڕا خۆتان و چارەنووستان بە داگیركردنی كوردستان و بە چۆكدا هێنانی گەلی كورد بەستۆتەوە، بزانن ئەوە ویستێكی بێ بنەمایه كە بێجگە لە دۆڕانی خۆتان هیچ دەستكەوتێكی بۆ وەدی نەهێناون.
لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندە مێشک وشک و دواكەوتووەكان لە ئێران، هێزی پاسدار و بەكرێگیراو هەروەها بە فریودانی ژمارەیەک كوردی خۆفرۆش بە خەیاڵی خاویان دەتوانن هیممەتی مەردانەو بڕیاری لێبڕاوانەی گەلی كورد و ڕۆڵە نەبەزەكانی سست بكەن، بەڵام ئەوەی دیارەساڵانێکە بە هەموو توانایان و بە خەرجكردنی پووڵێكی زۆر و بەكارهێنانی پێشكەوتوترین چەک و تەقەمەنی نەیانتوانیوە بڕیاری گەلی كورد بۆ تێكۆشان و لە پێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا لە چوارچێوەی ئێراندا سست بكەن. گومان نییە كاتێک گەلێگ كە خاوەنی ڕۆڵەی خاوەن هەستی وەک كاک ڕەحمان پوور كەریمی ساردەكۆسانی بێ، نیشتمانێک كە قارەمانی وەک كاک ڕەحمان لە داوێنیدا پەروەردە بووبێ هیچ كات دوژمنانی ناتوانن سەركەوتووبن لە وەدی هێنانی ئامانجی چەپەڵیان. هەر چەند داگیركەرانی نیشتمانی ڕەنگینمان لە لایەن دەسەڵاتی ستەمگەری ئاخوندی بەردەوامە، بەڵام بوونی قارەمانانی وەک شەهید ڕەحمان كە خوێنی خۆیان دەكەنە چۆڵەچرای ڕێگەی ئازادیی و بەختەوەری گەلی كورد، بۆ هەمیشە خەوی ئاخوندانی ملهوڕ لە گۆڕدەنێن و بە بەخشینی گیانی پیرۆزیان حەقانیەت و ڕەوایی خەباتی كۆڵنەدەرانەی گەلی كورد دەسەلمێنن. بێگومان خۆێنی شەهید ڕەحمان و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و خەباتی نەپساوەیەو بۆتە هەوێنی شۆڕشی بەردەوام لە بەرانبەر حكومەتی ستەمگەری ویلایەتی فەقێدا.
قارەمانی گەل و ڕۆڵەی بە وەفای كوردو سازمانی خەبات شەهید ڕەحمان پوور كەریمی كوڕی كاک ڕەحیم لە ساڵی ١٣٦٣كۆچی خۆری لە خانەوادەیەكی هەژار و نیشتمانپەروەر و لە داوێنی خاتوو پەریزاد دایكی ڕەنج كێش، لە دێی ساردەكۆسان لە دایک بوو. تەمەنی منداڵی وەک زۆربەی منداڵانی كوردستان بە بێ نازی بردەسەر، لە تەمەنی ٦ ساڵی چووە مەدرەسەی ساردەكۆسان و چەند ساڵی سەرەتایی دەرسی خوێند.
بەڵام بە مەبەستی هاوكاری خانەوادەكەی لە كاری ئاژەڵداری و جوتیاری و بۆ دابینكردنی داهاتی خانەوادە دەستی لە خوێندن هەڵگرت.
زوڵم و ستەمی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی و هێزە بەكرێگیراوەكانی لە بەرانبەر خەڵكی كوردستان و خەڵكی ساردەكۆسان و هەروەها ئامانجی كوردایەتی و خزمەت بە ڕێبازی سازمانی خەبات كاک ڕەحمانی هاندا بێتە ڕیزەكانی سازمانی خەبات و هەر بەو مەبەستە لە پاییزی ساڵی ١٣٨٢ كۆچی خۆری ڕووی كردە بنكەكانی سازمانی خەبات و دەورەكانی بارهێنانی سیاسی و نیزامی بە سەركەوتوویی تەواو كرد و لە بنكەی سەرەكی سازمان چەكی شەرەف و پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانی لە شان كرد.
بەهۆی بوونی بنكەی تەشكیلاتی و پێشمەرگەیی سازمانی خەبات لە دێی ساردەكۆسان دانیشتووانی ئەو دێیە بە تێكڕا زۆر بە باشی لەگەڵ سازمانی خەبات و ڕێبازەكەی ئاشنا بوون. دێی ساردەكۆسان وەک یەكێک لە دێ و ناوچەكانی كوردستان بە قەڵای سازمانی خەبات دەناسرێ و هەروەها مامۆستا مەلاكەریم سەیادی ناسراو بە مامۆستا ڕاوچی یەكێک لەو كەسایەتیانە بوو كە هاوكاری مامۆستای ڕێبەر مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو لە دامەزراندنی سازمانی خەبات. ساردەكۆسان یەكێک لە مەڵبەندەكانی كوردایەتی و شۆڕشگێڕیەو خاوەنی چوار شەهیدی سازمان، شەهید سڵێمان سڵێمان نژاد، شەهید سادق زەندی، شەهید مام خدر پوور كەریمی كە مامی شەهید ڕەحمان بوو، هەروەها دێی مامۆستا مەلاكەریم ساردەكۆسانی یەكێک لە دامەزرێنەرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانە.
ئەو ڕاستیانە بوونە هەوێنی ئەوە تا شەهید ڕەحمان زۆر دڵسۆزانە لە پێناو بردنە پێشی سیاسەتەكانی سازمانی خەبات و گەشەی تەشكیلاتی هەڵسووڕێ، و بە چالاكی بەردەوام و نەبڕاوەی پلەو بەرپرسایەتی لە ئورگانەكانی كۆمسیونی سیاسی نیزامی و بەشی پێوەندیە كوردستانیەكانی سازمانی خەبات پێ بسپێدرێ. كاک ڕەحمان كەسێكی زمان شیرین و زۆر كۆمەڵایەتی بوو زۆر بە زوویی ناسیاوی بەرینی لە گەڵ خەڵک و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كوردستانی عێراق پەیدا كردبوو و ببووە خۆشەویستی خەڵک. شەهید ڕەحمان كادری دڵسۆز و خاوەن باوەڕ لە كاتی سەردانی بۆ لای خانەوادەكەی و هەروەها لە ئەركێكی تەشكیلاتی دوای زیاتر لە سیانزدە ساڵ پێشمەرگەیی و لە ئەستۆگرتنی چەندین بەرپرسایەتی گرینگ لە رۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ كۆچی خۆری لە لایەن بەكرێگیراوان و خۆفرۆشانی ڕژیم شەهید كرا.
لە بیرەوەری شەهادەتی شەهید ڕەحمان پوور كەریمی ڕۆڵەی گوندی ساردەكۆسان مەڵبەندی كوردایەتی و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو ڕۆژە دێتە دی كە ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندەكان لە ئێران بڕوخێ و ئەوكات خەڵكی ئێران و گەلی بەش خوراوی كورد لە نیشتمان و لە ماڵی خۆی بە ئاسودەیی و دوور لە هەڕەشە ژیان بكا.
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی شەهید ڕەحمان و سەرجەم شەهیدانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران کوردستان.
بهشی ( شههیدان )
خوێنهر دهتوانێ ئهو وتاره له تۆڕهکۆمهڵایهتیهکان بڵاوبکاتهوه
ناونیشای وتار: یادی سەروەران
ناونیشای وتار: یادی سەروەران
پەیامی بەڕێز کاک بابەشێخ حوسەینی، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهید كرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕیێیانی
بهشی : سکرتێری گشتی رۆژ: 2023-03-30

ڕووسیە و ئێران لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی بەرجام هاوڕا بوونی خۆیان دەربری
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-03-29
بلینکن پێداگری لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ژنانی ئێران و ئەفغانستان کردەوە
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-03-29
بهشی : ههواڵی ئێران
رۆژ: 2023-03-29

