له‌سه‌رهێل 100
هه‌ینی 11 خاکه‌لێوه‌ 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید ڕەشیدی كەریم زادە

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەمان هەڵدەینەوە، چەندین قۆناغی پڕ زەحمەت و فیداکاری و خەڵاتی خوێن و قوربانی دەبینین کە بەشێكی زۆری ئەو مێژووە پڕ لە سەروەریە لە لایەن چینی هەژارو چەوساوانی ئەم گەلە ئازاو و نەبەردە تۆمار كراوە. مانەوەی كوردستان و نەتەوەی تێکۆشەری کورد بەند بووە بە تێکۆشان و قوربانیدانی ڕۆڵە ئازاو نەبەردەكان و مێژووش ئەوەی سەلماندووە کە خەبات و قوربانیدانمان، هۆکاری مانەوەو سەروەریمان بووە. ئەم خەبات و كۆڵنەدانە بۆتە دیرۆک و پێناسی نەتەوەیی.
بەڵێ‌ و بێگومان كاروانی شۆڕ و خەباتی مافخوازانە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە کە لە نێو کۆڕی شەهیدانی کوردستاندا، شەهیدانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران جێگەی گرینگی گرتووە وگەرمترین کۆڕیان هەیە و شەهیدانی ڕێبازی كوردایەتی و ئازادیخوازای لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات، لە بەنرخترین ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە بوون. یەکێک لەو شەهیدانە کە کۆڕی فیداکارانی لە گیان و ژیان بوردوو كە بە حەماسەوە بەرەو پیری مردن چوو، شەهید ڕەشید كەریم زادەیە.
شەهید ڕەشید كەریم زادە كوڕی كاك عەزیز خەڵكی گوندی كانی بەن سەر بەناوچەی بانە زەحمەتكێشێكی هەژارو نەدار بوو كە هەر لە سەرەتای ژیانیدا لەگەڵ كاری كشتوكاڵ بۆ بەڕێوەبردنی ژیان دەستەو یەخە بوو، سەرەڕای ئەوەش لە هەموو خۆشیەكی ژیان بێ‌ بەش بوو تەنانەت نەیتوانی بخوێنێ‌ ولە زۆربەی پێویستیەكانی تری ژیان بێ بەش بوو. لە هەموو بارێكەوە هەستی بە ژێر دەستی و نەداری دەكرد. ئەو گشتە نەهامەتی و ئازارانەی هەر لە سەرەتای ژیانیەوە تووشی ببوو هەروەها بوونی ستەم و بێدادی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی هاندەرە هۆی سەرەكی بوون بۆ ئەوەی چەكی پێشمەرگایەتی و خەبات لە شان بكات و زۆر بە ڕێك و پێكی ئەركی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەرێوەبرد.
شەهید ڕەشید لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا كەسێكی لە سەرخۆ بوو لە گەڵ هەفاڵانیدا و لە مەیدانی نەبەردو ڕوبەڕوبونەوەی دژمنیش قارەمان و بە هەڵمەت و چاونەترس بوو. جێگەی داخە ئەو قارەمانەی كوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی ئازادیخوازی لە ڕۆژی 10 ی جوزەردانی1364ی كۆچی خۆری،لە جەنگێكی نابەردا لە بەرانبەر پاسداران و بەكرێگیراوانی ڕژیمی ئاخوندی لە گوندی كانی گوێز كە لەو شەڕەدا چەندین كەس لە هێزی دوژمن كوژران، زۆر بەداخەوە شەهید ڕەشید بە گوللەی دوژمنان پێكرا و دوای 3 ساعەت لە برینداری، گیانی پیرۆزی فیدای كوردستان كرد.
هەزاران سڵاو لە رۆحی بەرزی شەهید ڕەشد و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و بە تایبەت شەهیدانی قارەمان و نەبەزی ڕێبازی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران.

ڕێکه‌وت: 2022-05-31 20:03:09
به‌شی ( شه‌هیدان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: یادی سەروەران