له‌سه‌رهێل 99
هه‌ینی 11 خاکه‌لێوه‌ 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

سەروەری گەل:
شەهید عارف خزمەت گوزار

ئەو شۆڕە لاوانە كە گوڵی تەمەنیان بە دەست ڕەشەبای داگیركەران هەڵوەرا، ئەو قارەمانانە كە گیانیان لە پێناو خزمەت بە گەلەكەیاندا بەخت كرد، ئەو ڕۆڵە كوردانەی كە لە گیانیان بووردن و لە مافی ڕەوای گەلەكەیان نەبووردن ناوی پاک و پیرۆزیان بۆ هەمیشە لە مێژووی پڕ لە حەماسەو قارەمانەتی گەلی كورد دا دەمێنێتەوە و یادیان بۆ هەمیشە لە دڵی دانەدانەی گەلەكەمان دا تۆمار دەكرێ. ئەو گیان بەرزانەی كە لە پێناو مافی گەلی كورد دا بەختكران ئەو خوێنە ئاڵ و گەشانەی كە بە دەستی نگریسی داگیركەرانی ئەم ئاو و خاكە، ڕژانە سەر عەرز بۆ ساتێكیش لە بیر شەرافەتمەندانی گەلەكەمان ناچێتەوە و یاد و بیرەوەیان شەو چەلەی مەجلیسانە و دڵی مردوان گەرم دادێنێ و هەناوی خائینان و خۆفرۆشان دەخا...
ئەو دەستە پیسانەی كە لە شەهیدكرانی پارێزەرانی شەرەف و كەرامەتی گەلەكەماندا بەشداریان كردوە بە دەستی بە هێزی ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان قرتاون و تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهیدان لە دڵی دانەدانەی خەڵكی بە شەرەفی گەلەكەمان دا بلێسە دەستێنێت و ئاگرەكەی لە گیانی دوژمنانی گەل بەر دەبێت. هەر چەند شەهیدكران و كەوتنە سەر عەرزی تەرمی پیرۆزی هەر قارەمانێكی مەیدانی خەبات و تێكۆشان داخ وكەسەرێكی گەورەیە لە سەر دڵی گەل وهەڤاڵانی، هەر لەو كاتەدا گڕو تین بە دڵی شۆڕشگێڕان دەدات و بە ڕژانی خوێنی هەر شەهیدێک حەقانییەتی زیاتری كورد و دوژمنایەتی لەبن نەهاتووی دوژمنانی گەل بۆ هەموو كەس ڕوون دەكاتەوە. لاوانی بە ئەمەگ و فیداكاری كورد كە بە دڵ و گیان هەست بە زوڵم و زۆری داگیركەران دەكەن و تامی تاڵی چەوسانەوەیان چێشتووە بەو پەڕی لە خۆبردوویی و شۆڕشەوە و لەو پێناوەدا لە هیچ چەشنە فیداكاریێک درێغی ناكەن. یادی سەروەرانی گەلەكەمان وەک یەكێک لە یادگارە بە نرخەكانی شۆڕشی ڕەوای گەلی كورد گڕ و تین بە دڵی شۆڕشگێڕان دەبەخشێت و مێژووی پڕ لە حەماسەی ئەو گەلەی پێ دەنەخشێنێت. بەڵێ ڕۆڵە قارەمانەكانی كوردستان كە لەوپەڕی هەژاری و بێ دەرەتانی لە ژێر باری ستەمی چەند قاتی داگیركەراندا ماهییەتی دوژمنانی گەلەكەمانیان بۆ دەركەوتووە هەر چەشنە ڕەنج و نارەحەتیەک لە پێناو ئامانجەكانی شۆڕشدا قەبووڵ دەكەن و بە بێ دوودڵی دێنە ڕیزەكانی شۆڕشەوە و بۆ بەرەو پێشبردنی ئامانجەكانی گەل تا سەرحەددی گیان بەخشین دەڕۆن و بەو پەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان پێشكەش بە بارەگای گەل دەكەن و دەچنە كاروانی شەهیدانی سوور خەڵاتی گەلەوە و بە خوێنی خۆیان سەنەدی حەقانییەتی شۆڕشی گەلی كورد مۆر دەكەن. یەكێک لە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان كە لە پێناوی ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستاندا گیانی بەخشی، شەهید عارف خزمەتگوزار ناسراو بە عارف مەولانەیە.
شەهید عارف خزمەتگوزار كوڕی مەولان لە ساڵی ١٣٣٩ ی هەتاویدا لە ئاوایی (دەرەتفێ)ی مەریوان لە بنەماڵەیەكی هەژار و بێ دەرەتانی ئەم كوردستانە چاوی بەدنیا هەڵێنا. شەهید عارف لەبەر هەژاری و بێ دەرەتانی بنەماڵەكەی نەیتوانی بچێتە مەدرەسەو ئەویش بە ڕیزی هەزاران لاوی بێ سەودای ئەم كوردستانە زیاد بوو. شەهید عارف كە لە بنەماڵەیەكی جوتێر و هەژار بوو بە یارمەتیدانی بنەماڵەكەی لە كاروباری وەرزدا هەر لە منداڵییەوە و لە تەمەنی ٨ ساڵیدا لە كاتێكدا كە هێشتا كرچ و كاڵ بوو قۆلی بۆ كاركردن هەڵماڵی و دەستی بە كارو كاسبی كرد. شەهید عارف هەر لە منداڵییەوە تاڵی چەوساندنەوەی چێشتبوو چونكە لە سایەی داگیركەرانەوە هەر لە منداڵییەوە بۆ پەیداكردنی بژێوی بنەماڵەكەی سەرەڕای كاری وەرزێری لەگەڵ براكانی مەجبوور بوو بۆ شارە فارس نشینەكانی ئێران بچێت. دوای ڕوخانی ڕژێمی شایەتی و هاتنە سەركاری ڕژێمی ئاخوندان و هەڵایسانی شۆڕشی كوردستان شەهید عارف خزمەتگوزاریش هەر وەک باقی ڕۆڵەكانی كوردستان عیزەتی بزووت و خۆی پێڕانەگیراو لە پاییزی ١٣٦٠ دا هاتە ڕیزی شۆڕشی كوردستانەوەو ئەوەی لە توانای دابوو بۆ ئەركی شۆڕش بە كاری دەهێناو درێغی نەدەكرد. عارف كورێكی قسەخۆش و لەبەردڵان بوو بە دەنگە خۆشەكەی زۆر جار مەجلیسی گەرم دادێنا. پاش ماوەیەک نێردرایە زیندانی مەركەزی سازمان و بە جوانی ئەركەكانی بەجێ گەیاند. لە بەهاری ساڵی ١٣٦٨دا نەقڵی مەڵبەندی ١ی سازمان كرا و لەو مەڵبەندەشدا وەک پێشمەرگەیەكی ئازاو فیداكار مەئمووریەتەكانی بەجێ دەگەیاند بە جۆرێک كە لە جەولەی سیاسی نیزامی پێشمەرگەكانی ئەو مەڵبەندە لەو ساڵەدا لە ناوچەی مەریوان دەوری باشی گێڕاو لە زۆربەی شەڕەكانی ئەو ساڵەدا واتە ١٣٦٨ ئازایانە بەشداری كرد. بە داخێكی گرانەوە لە شەوی ٢٠ لە سەر ٢١/ جۆزەردان/١٣٦٩ دا لە كاتی بەجێهێنانی مەئموورییەتی سازمانی دا مینێكی دوژمن لە پشت ئاوایی ( نیروان)ی ناوچەی بانە لە ژێر پێدا تەقیەوە و لەگەڵ هەڤاڵێكی قارەمانی دیكەی شەهید بوون و گیانی پیرۆزیان بۆ بەهەشتی شەهیدان فڕٍی و بە جووت چوونە كاروانی شەهیدانی كوردستان.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید عارف و هاوەڵانی

ڕێکه‌وت: 2022-06-10 09:10:17
به‌شی ( شه‌هیدان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: یادی سەروەران