
سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)
چەندی داگیركەران لە سەر داگیركردنی خاكمان سووربن. چەندی دوژمنانی گەل خەیانەت وكوشت وكوشتار بكەن. چەندی بە دەیان و سەدان تەرمی پیرۆزی ڕۆڵە فیداكارەكانی ئەم ئاو و خاكە بە دەستی دوژمنانمان بكەونە سەر عەرز، گەلی قارەمان و كۆڵنەدەری كورد بە چۆكدا نایەت و دەست لە شۆڕش و موبارزە هەڵناگرێ و كاروانی لاوانی كوردستان بەرەو كۆڕی خەبات بێ پسانەوە و حەسانەوە، ڕێگەی خۆی دەپێوێت و تا گەیشتن بە لوتكەی ئامانج درێژە بە ڕێگەی شەهیدە هەمیشە زیندووەكانمان دەدات. دایكانی بە شەرەفی نیشتمان پەروەری كوردەواری لەگەڵ هەر لای لایەو لاواندنەوەیەكی كۆرپەی خۆشەویستیان دەرسی خۆڕاگری و موقاوەمەت لە بەرانبەر دوژمنانی گەل و خۆشەویستی دایكی گەورە نیشتمانی كوردیان فێر دەكەن و هەربۆیە لاوانی بە شەرەفی گەلەكەمان ناتوانن تەحەمولی زوڵم وزۆری داگیركەران بكەن و چاویان بە داگیركەرانی كوردستان هەڵنایەو بەبێ دوو دڵی ڕیزی شۆڕشی پڕ لە شەرەفی كوردایەتی هەڵدەبژێرن و بە گیان و دڵ بۆ پاك كردنەوەی كوردستان لە شوێنەواری داگیركەر هەوڵ دەدەن و لەو پێناوەدا دەست لە هەموو خۆشیەكی ژیان هەڵدەگرن و بەوپەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان دەبەخشن . بەڵێ شەهیدە سەربەرزەكانمان ڕوناك كەرەوەی ڕێگای بێ پەڵەی خەباتن و هەر لاپەڕەیەكی ژیانی سەربەرزانەیان دەرسی فیداكاری و موقاومەت فێری رێبوارانی ئەو ڕیبازی دەكەن. داگیركەرانی كوردستان بۆ بەچۆك داهێنانی شۆڕشگێڕان و بە خەیاڵ بۆ كپ كردنی شۆڕشی ڕەوای كوردستان لە هیچ چەشنە تاوان و جینایەتێك درێغیان نەكردووە و نایكەن. هەر لە زیندان و ئیعدام و كوشت و بڕەوە بگرە هەتا سیخۆڕ دروست كردن لە ڕیزەكانی شۆڕش و مین دانانەوە لە سەر ڕێگای پێشمەرگەدا بۆ چوونە سەری مەبەستە گلاوەكانیان، بەڵام ڕۆڵە فیداكارەكانی گەل قارەمانانی بار هاتوو لە مەكتەبی فیداكاری وخۆڕاگری دا بەو بایانە نالەرزن و مسقاڵێك باوەڕی پتەوەیان بە شۆڕش كز ناكات. لاوانی قارەمانی كوردستان بۆ چوونە سەری بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد وازیان لە هەر چەشنە قازانجێكی شەخسی خۆیان هێناوە و تا دوا كاتەكانی ژیانی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتیان لە خزمەت شۆڕش و گەلدا بوون لەو پێناوەدا بەو پەڕی شانازییەوە گیانی پاك و پیرۆزیان بەخشی و چوونە ڕیزی شەهیدە سوور خەڵاتەكانی شۆڕشی گەلەوە. لاپەڕەكانی ژیانی هەركام لەو شەهیدە سەربەرزانە پڕن لە دەرسی فیداكاری و خۆڕاگری، وەك یادگارێكی بە نرخ لە پاشیان بە جێ ماوە و بۆ بەرەكانی داهاتووی ئەو كوردستانە وەك وانەی بە نرخ بۆ فێر بوونی دەرسی پارێزگاری لە بەرهەمەكانی شۆڕش و خوێنی شەهیدان كەڵكی لێ وەردەگرن.
لە یادی سەروەرانی ئەمرۆماندا یادی ڕۆڵەیەكی دیكە لە مەیدانی خەبات و تێكۆشان دەكەین كە سەرەڕای هەژاری و ئاوارەیی بنەماڵەكەی بەوپەڕی لە خۆ بردووییەوە هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتییەوە و لەو پێناوەدا گیانی پاكی پێشكەش بە دایكی نیشتمان كرد. ئەو شەهیدە هەمیشە زیندووە شەهید عەبدوڵا قەیتووڵی ناسراو بە(ئاوارە)یە.
شەهید عەبدوڵا كوڕی عەلی، لە ساڵ (1348) لە ئاوایی قەیتوڵی سەر بە شاری جوانڕۆ چاوی بە كوردستانی بەش مەینەت و چەوساوە هەڵێنا. كاك عەبدوڵا لە ژێر باری ستەمی گرانی داگیركەرانی حكومەتی پاشایەتیدا هەر دەهات و گەورە دەبوو كاتێ پێی نایە(7) ساڵی باوكی سەرەڕای ئەوەی كە فەقیرو بێ دەرەتان بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی كە جگەر گۆشەكەی وەك خۆی كوێر و بێ دەسەڵات نەبێت ناردیە مەدرەسەو بە فەقیری و هەژاری كەل وپەلی مەدرەسەی بۆ فەراهەم كرد. شەهید عەبدوڵا تا پۆڵی 5ی ئیبتدایی درێژەی بە خوێندن دا.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە سەركاری دەستەیەك ئاخوندی بێ مێشك لە ئێراندا هێرشی لەشكەری دەگیركەری ئاخوندی بۆ سەر كوردستان و هەروەها دەست پێ كردنی شەڕی ئێران وعێراق لە سنوورەكانی ئاوایی قەیتول یەكێك لەو سەدان ئاواییەی كوردستان بوو كە كەوتە بەر ئاگری سووتێنەری ئەو شەڕە ماڵ وێران كەرەوە. خەڵكی ئەو گوندە زۆربەیان ئاوارەی عێراق بوون كە یەكێك لەو بنەماڵانە، بنەماڵەی شەهید عەبدوڵا بوو. شەهید وێڕای بنەماڵەكەی پاش كێشانی تاڵی و ناخۆشی و دەردی ئاوارەیی و دەربەدەری لە ئۆردوگای ئاوارە ئێرانییەكان لە روومادییە گیرسایەوە، ئەو قۆناغەی ژیانی بنەماڵەی شەهید عەبدوڵا زۆر سەخت و دژوار بوو. چونكە پیری باوكی و خێزانداری بنەماڵەكەیان شەهید عەبدوڵای وادار كرد كە ڕەنج و زەحمەتێكی زیاتر بكێشێ تا بتوانێ بژێوی ئەوان لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە دابین بكات و موحتاجی كەس نەبن.
شەهید عەبدوڵا وێڕای ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری بنەماڵەكەی بۆ ساتێكیش شۆڕش وپێشمەرگایەتی لە بیر نەكرد. لە ئۆردوگا وەك لایەنگری سازمان كاری دەكرد و پەیوەندی لەگەڵ سازمان دەوامی هەبوو. پێی خۆش بوو كە زووتر بێتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەبدوڵا لە ڕێكەوتی 1/رەزبەری/1368دا بە باوەڕێكی پتەو بە شۆرش هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات و پاش ڕاهێنان و بارهێنان نێردرایە مەڵبەندی یەكی سازمانەوە. شەهید عەبدوڵا كوڕێكی قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەردەوام خەریكی موتالەعەو بردنە سەری پلەی زانیاری خۆی وهەڤاڵانی بوو. شەهید عەبدوڵا بە هۆی دڵسۆزی ودڵپاكی لەو ماوە كەمەی پێشمەرگایەتیدا کە لە خۆی نیشان دا، كرا بە كادری بێ سیم لە مەڵبەندی یەك و زۆر دڵسۆزانە ئەو ئەركەی بەڕێوە برد. شەهید عەبدوڵا لە بەهاری 1369دا لەگەڵ دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی مەڵبەندی یەك بۆ گەڕانی سیاسی نیزامی بەرەو ناوچەكانی جنوبی كوردستان بەرێ بوون. پاش گەڕانێكی چەند ڕۆژ لەو ناوچانە شەهید عەبدوڵا لەو مەئمورییەتەشدا زۆر هەڵسوڕاوانە كاری كرد. بەڵام داگیركەرانی كوردستان كە لە ترسی پێشمەرگە لە هیچ كونێكدا جێگایان نابێتەوە، سەرەڕای مین گوزاری پایەگاكان، ڕێگاوبان و شاخی و كێوی كوردستانیشیان بە مەوادی (تەقەمەنی) ومین پڕ كردبوو تا بەخەیاڵی خاویان بەر لە جموجۆڵی پێشمەرگە بگرن. لە درێژەی گەرانی پێشمەرگەكانی سازمان لە ناوچەی بانە شەوی 20لەسەر21ی جۆزەردان شەهید عەبدوڵا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی دیكە كە بۆ مەئموورییەتێكی سازمان دەڕویشتن لە ساعەت 12ی شەودا مینێكی تەڵەیی گەورە كە بەكرێگیراوانی ڕژێمی ئێران كە لە پشت ئاوایی نیروانی ناوچەی بانە دایان نابوو، لە ژێر پێیاندا تەقییەوەو شەهید ئاوارە وهەڤاڵێكی دیكەی شەهید بوون و ژیانی پێشمەرگایەتی شەهید عەبدوڵا وەك ژیانی خۆی جوانەمەرگ بوو. تەرمی پیرۆزی شەهید عەبدوڵا بە ڕەنج و زەحمەتی هەڤاڵانی گوێزرایەوە بۆ گۆرستانی ڕۆمادییە و لە خاكی غوربەت و ئاوارەیی چووە باوەشی خاكەوە و گیانی پاكی بەدایكی نیشتمان كوردستانی خۆشەویست بەخشی.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید ئاوارەو هەڤاڵانی
بهشی ( شههیدان )
ناونیشای وتار: یادی سەروەران
پەیامی بەڕێز کاک بابەشێخ حوسەینی، بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهید كرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕیێیانی
بهشی : سکرتێری گشتی رۆژ: 2023-03-30

ڕووسیە و ئێران لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی بەرجام هاوڕا بوونی خۆیان دەربری
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-03-29
بلینکن پێداگری لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ژنانی ئێران و ئەفغانستان کردەوە
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-03-29

