له‌سه‌رهێل 79
سێ‌شه‌مه 5 ره‌زبه‌ر 2722
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران


سەروەرانی گەل: شەهیدان عەبدوڵا هەمزە، خەلیل جەعفەری ناسراو بە (خەلیل ڕەشاش)، تاهیر قادری ناسراو بە (تاهیر یاكوباوایی)

گەلانی ستەم لێكراو و ماف پێشێلكراو، ڕێگەیەكیان هەیە كە ژیان بە سەربەرزی دوایی بهێنن، جوێ لە خەبات و موبارزە، جوێ لە خۆ بە كوشتدان بە دەستی داگیركەر لە مەیداندا، لە زینداندا بە ئەشكەنجە یان ئیعدام؟بەڵێ‌ ڕێگەیەك بۆ گەلانی ژێر ستەم نیە كە ژیان بە سەربەرزی دوایی بهێنن، جوێ لەوە كە لە دوژمن ڕاپەڕێن و وەڵامی زۆردارانی نازی و بە زۆر دەسەڵات بدەنەوە. خۆ دیارە شەڕ و خوێنڕێژی شتێكی ناڕەوایە و تا بكرێ و چار ببێ نابێ ببێ. بەڵام ئاخر چ ڕەوایە كە دەسەڵاتداران بە بەشی خۆیان دانەمركێن و چاو چنۆكی هانیان بدا بۆ دارایی ئەم و ئەو. كاتێك كە دڵیان ڕوناكی تێدا نییە. كاتێك تەنیا مەنتقیان بۆ ستەم و ستەمكاری دەچێتە سەر، بێجگە خۆ فیدا كردن چ ڕێگا چارەیەكی دیكە هەیە. ئەوە چارەنووسی هەموو گەلێكی لێقەوماوە كە دەبێ دژ بە داگیركەر وستەم گەران ڕاپەڕێ. سەرە نێزەی زۆرداران لە سنگی خۆی بنووشتێنێتەوە. گەلەکەمان یەكێك لەو گەلانەی كە زۆر و ستەم خەباتی لەسەر شان فەرز كردوە. كوژرانی ستەمگەرانی كردۆتە تاكە ڕێگەی سەربەرزی، كە نەشگەن بە سەربەرزی و سەربەستی، خەباتیان ببێ و بەختەوەری شەهادەتیان لە چارەنووسیان بنووسرێ. ئەو گەلەی تێ دەگا كۆیلەتی شەرمە بۆ ئادەمیزاد، شەرمەو كۆیلەیی ناكا، ئەویش كۆیلەیی لەسەر ئاو و خاكی خۆی و بە نانی خۆی و ئاوی خۆی لە چوارچێوەی نیشتمانی خۆیدا. دیارە خەبات تاكە ڕێگەیەتی و شەهادەت وبریندار بوون و بە دیل گیران و ئەشكەنجە و ئیعدام، هەمووی چاوەڕوان دەكرێ. هەموو بە سەرهاتە بە سەرهاتی مەردایەتیە، بە سەرهاتی شەرافەتمەندانەیە. جا بۆیە رۆڵەكانی گەلەكەمان ڕێگای خۆیان بەدی كردووە و باكیان لە مەرگ نیە لە رێی خەباتدا، چونكە ئەو مەرگەی هەر لەسەر رێگەی ئادەمیزاد دایە ئاوا و لەو رێگەیەدا شیاوی ئینسانە، نەك مەرگی بە ستەمگەری یان مەرگی بە ژێر دەستی. پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان بە تایبەتی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات، بۆ رزگاری گەل، بۆ ئازادی كوردستان لە مەیدانی خەباتدا لە هیچ مەترسییەك سڵ ناكەن. هەروەها كاتێك دەكەونە داوی دوژمنی دژی ئینسانی دیسان شێرانە لە بەرانبەریدا دەوەستن. چرچ لە ناو چاویاندا نابیندرێ و مەترسیان تێدا هەست ناكرێ و سوورن لەسەر ڕێباز و باوەڕ و ئامانج و خەباتیان. دەوەستن لە بەرانبەر ئەشكەنجە و ئازاردا و زمانیان بە زیانی هیچ برا كوردێك ناگەڕێ. شانازی دەكەن بەوەكە لە دەرەوەی زیندان لە بەرانبەر هێزەكانی دوژمندا وەستاون، بە چەكی شەرەفیان سنگی داگیركەرانیان وەك ڕووی بێژنگ لێ كردووە و شانازی دەكەن بەوە كە لە زیندانی ئەو خوێن مژانەدا زمانیان لە ئاست برایانی كورد گرێ داوە. لەسەر دوژمنایەتی ڕژێم سوور دەوەستن. جا وەرەن هەندێ لە باسی قارەمانی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە زیندانەكانی ڕژێمی خومەینی بدوێین. 5 قارەمانەکەی سازمانی خەبات كە بەدەستی دەستەیەكی خۆفرۆش بە ناوی حیزب الدعوەو،ژمارەیەك چەكداری بزوتنەوەی ئیسلامی كە ئاڵقە لە گوێی ڕژێمی ئێران بوون لە 5ی پوشپەڕی ساڵی 1364 و 1365 دا لە سنووری كوردستانی ئێران و عێراق گیران و برانەوە بانە. ماوەی 3 ساڵ لە زیندانەكانی ڕژێم لە ژێر ئەشكەنجە و ئازاری لەش دابوون. شەهیدان عەبدوڵا هەمزە و خەلیل رەشاش و تاهیر یاكوباوایی و غەفور شیوەڵەیی و حەسەن سەلیمی هەروەها قارەمانێكی تری سازمانی خەبات بە ناوی تالبی مورادی كە لە 18/رەزبەری/1365 کۆچی خۆری لە نزیك دیێ گەورەداری بانە دوایی شەهید بوونی 3 هەڤاڵی بە نرخی، بە دیل گیرا، قارەمانانی ئەم ڕوداوەن. ئەم شەش ڕۆڵە بە نرخەی سازمانی خەبات، قارەمانانە لە بەرانبەر جەلادانی رژێمی خومەینی دا ڕاوەستان، خوێن مژەكانی ڕژێم كە سوور بوون لەسەر ئەوەی كە ئەو ڕۆڵە قارەمانانە لە جەنگە پارتیزانیەكانی سازمانی خەبات دا، ئەوپەڕی لە خۆبردووییان بووە، زۆربەیان برینە كۆنەكانی لەشیان شاهید بوو كە رۆڵەی نەبەزی شۆڕش بوون. ئەشكەنجە و ئازاری زۆر دەكران كە ناوی هاوكاران و یارمەتی دەران بڵێن و نهێنی شۆڕش دەرخەن، بەڵام ڕۆڵە بە شەرەفەكانی خەبات ی خوێناوی لەسەر قارەمانی و گیانبازی خۆیان سوور بوون بێ ئەوە ناوی كەسێك لە خەڵكی كوردستان بە زمانیان دابێ یان نهێنییەك دەرخەن. كاتێك لە ژێر ئەشكەنجە و ئازار دەیانگێرانەوە هاوبەندەكانیان بە دەورووبەری خۆیان کۆدەکردەوە، رۆڵەكانی كوردستان لە دوژمنایەتی رژێمی خوێن مژ ئاگادار دەکردو دەیانگوت: هەی یاران نەچن ناوی كەس بەرن، با هەر ئێمە ڕەنجی زیندان بكێشین، هەر ئێمە ئیعدام كرێین بۆچی كەسیتر پێوە كرێن. ئەوانەی یارمەتی ئێمەیان داوە وەك ئێمە شۆڕشگێڕن، كۆمەكی ئێمەو شۆڕشیان كردووە با ئەوان بمێنن درێژە بە یارمەتی شۆڕش بدەن. ئای چەند سەربەرزییە بۆ گەلەكەمان كە ڕۆڵەی ئاوا بە نرخی هەن.
قارەمانی سازمانی خەبات، بەرگی پێشمەرگایەتیان كە پێوە گیرابوون دەكردەوە بەر، زەنگاڵی پێشمەرگایەتیان هەڵدەكێشاوپشتێنی زۆریان دەبەست و جامانەكانیان وەك ڕۆژانی ئازادی لە كەژ و كێوە زەنوێرەكەی كوردستان لەسەر دەبەست، لەناو هاو زیندانیان وا دەهاتن و دەچوون و دەیان گوت، ئێستا برا پێشمەرگەكان ئەوان و چەكی شەرەفیان لە شاندایە دوژمنانی ئێمە و گەلەكەمان ئا ئەو پاسدار و بەسیج وخوێن مژانە دەكووژن. چەندە جێی شانازییە كە رۆڵە قارەمانەكانی گەلی كورد لە زیندانەكانی دوژمن دا بێ پەروا لە ڕوی جەلادەكان لە دادگا بێ دادەكانی رژێم دا دەیان گوت بەڵێ تۆ دەڵەی سەد پاسدارت كوشتووە نەخێر دووسەدم كوشتووە و ئێستاش بچمە دەر زیاتر دەكوژم. چەندە جێی سەربەرزییە بۆ هەڤاڵەكانیان و برا پێشمەرگەكانیان كە شەهید عەبدوڵا هەمزە و شەهید خەلیل رەشاش و هەڤاڵانیان بایەخێكیان بۆ قازیە جەلادەكانی رژێم تەنانەت بۆ دادستان دانە دەناو لەبەریان هەڵنەدەستان و پوشێكیان قیمەت بۆ دانە دەنان. ئەوەیە باوەڕ بە مافی گەلی كورد، ئەوەیە بێزاری لە ستەم و ستەمگەر.بەڵێ ئاوان پێشمەرگەی بەڕێزی كوردستان، ئاوان ڕۆڵە بە شەرەفەكانی گەلەكەمان كە هەتا دواین هەناسە لە سەنگەری موبارەزە دژ بە ڕژێمی خوێن مژی ئاخوندی دا سەخت و پتەو دەوێستان. تا چەكیان لە دەست دایە و بە چەك، كە چەكیان لە دەست نەما، بە یەقینی پتە و هەڵوێستی بە بڕشتیان تیژتر لە گوللە دڵی دوژمن دەسمن و بە دەنگی دلێریان پەڕی دڵ و پەردەی گوێی دوژمن دەدڕن، لە زیندانان چاكتر عەزەمەتی گەل و حەقانییەتی شۆڕش دەناسێنن. ئەو پێنج ڕۆڵەی کوردستان نمونەیەكن لە پێشمەرگەی قارەمانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران،
کە بەداخەوە دوای شکنجە و ئازارێکی زۆر و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی نزیک بە 3سێ ساڵ لە گرتوخانە، لەگەڵ زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1367ی کۆچی خۆری لە سێدارە دران و ڕۆحی پاکیان بۆ بەهەشتی شەهیدان فڕی. ئەم پۆلە شەهیدە بە شەهادەتیان سەنەدی حەقانیەتی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمانیان مۆر کرد و بە خۆراگریشیان لە بەرانبەر جەللادانی ڕژیم ،ئەو ڕاستیەیان سەلماند کە سازمانی خەبات‌ خاوەنی وەها ڕوڵە گەلێکە و تا سەرکەوتن بەبڕشت و بڕست لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندی ڕادەوەستێ و تاگەیشتن بەمافەڕەواکانی نەتەوەکەمان هەدا نادات .

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی سەرجەم شەهیدان کوردستان

ڕێکه‌وت: 2022-08-16 08:04:45
به‌شی ( شه‌هیدان )






به‌شی : هه‌واڵی کوردستان
ڕێکه‌وت : 2022-09-19

به‌شی : هه‌واڵی ئێران
ڕێکه‌وت : 2022-09-16