له‌سه‌رهێل 96
سێ‌شه‌مه 4 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەڕێوەچوونی یادی ٣٥ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە وولاتی نۆروێژ

 كاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی  شەممەی ١٩ی مانگی سێپتامبێر لەشاری براندبوی ووڵاتی نۆروێژ كومیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەبۆنەی یادی سی و پێنجەمین سالیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات رێورەسمێكی  سازكرد. لەو رێورەسمەدا بەڕێوبەری گشتی و نوێنەری  كومیتەی ئوروپای سازمانی خەبات و  هەروەها  بەشێكی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و كوردانی دانیشتوی ووڵاتی نۆروێژ ئامادە بوون ویادی ٣٥ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانیان بەرزو پیرۆز ڕاگرت.

بڕگەی یەكەمی مەراسیمەكە  سەرەتا بە هۆنراوەی هاتەوە  ٥ی خەرمانان لەلایەن  كاك پەژار حسینی  ئەندامی ڕێكخراوی لاوان دەستی پێكرد و پاشان بەرێز كاك جەلال خۆشكەلام نوێنەری  كومیتەی ئوروپای سازمانی خەبات بە نوێنەرایەتی كومیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە سەرجەم  ئامادەبووان كرد. پاشان دەقیقەیەك بێ دەنگی  بۆ  گیانی پاكی شەهیدانی گەل و سازمانی خەبات ڕاگیرا. 

لە پاشاندا داوا لە ڕێزدار  كاك بابا شێخ حسینی بەڕێوبەری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران كرا كە  پەیامی خۆی بۆ ئەو یادە پێشكەش بە ئامادەبووان بكات. ڕێزدار كاك باباشێخ حسینی وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووانی مەڕاسیمەكە، پیرۆزبایی ٣٥ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانی لە چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و كەسوكار و بنەماڵەی  شەهیدان و زیندانیانی سیاسی كوردستانی بەتایبەتی كرد. پاشان لەسەر مێژووی سازمانی خەبات و شكۆداریی و دڵسۆزیی و چاونەترسی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و هەروەها سیاسەتی ڕوون و شەفاف و ڕاستگۆیانەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانی بە درێژایی كار و چالاكی سیاسی خەباتی خۆی و لە هەموو دەوران و ساتە حەساس و دژوارەكان دا  بە چەندان بەڵگە و دەلیل بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و ڕایگەیاند كە سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران وەك هێزێكی سەرەكی و شۆڕشگێڕ ی مەیدانی سیاسی و موبارەزە ڕووی خەبات و تێكۆشانەكەی وەك هێزێكی نەتەوەیی تەنها لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبووە بەڵكو ڕووی لە باقی بەشەكانی تری كوردستان بوە و لە سەخترین ودژوارترین هەلومەرج و بارودۆخ دا لە پێناو قازانجی هەموو كوردان تێكۆشاوە و هاوكاری پێشمەرگەی لایەنەكانی تری كردوە و بۆ پاراستنی گیانی ڕۆڵەیەكی كوردی كوردستان ئامادەبووە هەر گیان فیداكاریەك پێویست بووبێ بیكات.  پاشان ڕێزدار كاك بابا شێخ حسینی ئاماژەی بەیەكڕیزی و خەباتی هاوبەش و لێكنزیك بوونەوەی لایەنەكانی كوردستانی ئێرانی كرد و ڕایگەیاند كە سازمانی خەبات هیچ كاتێك بەربەست نەبووە و نابێ لەبەردەم كار و خەباتی هاوبەش بە مەرجێ خزمەت و هەوڵەكان نەتەوەیی بن و لە خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دابێ. ڕێزدار كاك باباشێخ حسینی وێڕای  بەخێرهاتنی دووبارەی ئەندام و لایەنگران و میوانان ، پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی لە هەمووان كرد و دەسخۆشی و سوپاسی لە بەڕێوەبەران و هەڵسوڕاوانی ئەو مەڕاسیمە كرد.

دوایین بڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە پاش خواردنی نانی ئێوارە، تەرخان كرابوو بۆ  شایی و هەڵپەڕكێ، كە تا درەنگانێكی شەو درێژەی هەبوو.

صورة
ڕێکه‌وت: 2015-09-21 14:25:02
به‌شی ( چالاکیه‌کان )





دیمانه

سیاسی