له‌سه‌رهێل 61
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
قــــەیرانی بێكاری بەردەوام لە پـەرەسەندندا

 

بە پێی دواترین سەرژمێرییەكانی بانكی جیهانی لەبارەی ئابووری ئێران لە ساڵی 2015، ئێران بە دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووری، دابەزینی پشك لە ئابوری جیهانی ، كەمبوونەوەی سەرمایەدانان و داهاتی نەتەوەیی، دابەزینی داهات و تێچووەكانی دەوڵەت و هەروەها خەراپتر بوونی هەل و مەرجی بێكاری رووبەروو بووە. بە پێی راپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی پووڵ بارودۆخی كار دروست كردن و كاردۆزینەوە لە ئێران خەراپتر بووە، بە جۆرێك كە باس لە بێكاریی بە چركە سات دەكرێ‌ و باس لە بێكار بوونی 300 كەس لە ماوەی تەنیا یەك سەعات دەكرێ‌. بە پێی سەرچاوە هەواڵدەرییەكانی حكوومەت، ئێران میلیۆنان هێزی كاری دامەزراوی هەیە و چەندین میلیۆنیش بێكار. بارودۆخی رێكەوتننامەكانی كار، نالەبار و تووشی شێواوی بووە و دەورەی هاوكارییەكانی كرێكاران و خاوەن كارەكان بە لانی كەم بە مانگێك و 29 رۆژ گەیشتووە. زۆرێك بە بێ هۆكار هێزی كاریان دەردەكەن و زۆر ئاگایان لەوەیە كە هەل و مەرجی رێكەوتننامەكانی كار دژی خۆیان نەبێ، تەنانەت ئەگەر مافەكانی بەرانبەریشی پێخۆست بكرێ‌. ئەو هەل و مەرجە  دەریدەخات بازاری كاری ئێران تووشی كێشەی زۆر جیددی بووە و رەوتی هاتن و دەركردنی هێزی كار تێیدا بە رێك و پێكی بەرێوە ناچێ‌. 

كارناسان دەڵین، كەشی كار بە جۆرێكی لێهاتووە كە سەرمایەدانەران وایان پێباشترە تەنانەت بە بوونی چەندین ساڵ چالاكی و كاری بەردەوام هێزی كاریان بە شێوەی كاتی و ئامادە بە دەركردن راكێشن و رابگرن.  پێشتریش وەزیری كاری دەوڵەتی روحانی سەبارەت بە هاتنی سوونامی بێكاری بە بوونی 6 میلیۆن بێكاری نوێ وریایی دابوو، لەبەرئەوەی كە خوێندكارانی ئێستا كە 4.5 میلیۆن كەس دەبن  دێنە ناو بازار و بە بوونی دارووخانی قووڵی كەرتی ئابووری لە ئێستا دا، دەرفەتی راكێشانی تەنانەت یەك لەسەر 20ی ئەو كەسانە بوونی نییە. 

لە كاتێكدا سوونامی بێكاری بە رێوەیە كە كرێكاری ئێرانی لە خوارووی ریزبەندییەكانی جیهانی سەبارەت بە مافەكان دایە و تێچووی هێزی كار لە ئێران بۆ خاوەنكارەكان 10 لەسەد و لە جیهاندا لە نێوان 50 بۆ 60 لەسەدی قازانجی بەرهەمەكانیەتی. هەر لەبەر ئەوەش مافی كرێكار لە ئێران لەچاو زۆرێك لە وەلاتانی جیهان هیچ شتێك نییە، كەوایە دەبێ لە رێگەی داواكاریی هەرزانی هێزی كار بە ئاسانی سەرمایەدانان بكرێ‌.  بە پێی سەرژمێرییەكان مافی كرێكارانی ئێرانی لە پلەی 138ی جیهاندایە. هەروەها پلەی ئێران لە دەركردن و وەرگرتنی هێزی كار لە نێوان 148 وەلاتی جیهان لە پلەی 104 و سەبارەت بە حەقدەستیش لە پلەی 138 دایە. بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ناوخۆ لە پێوەند بە بەشی پیشەسازیی باس لە گەشەی مەنفی دوو لەسەدی بۆ بەشی پیشەسازیی و 6 لەسەدی بۆ بەشی كانگاكان لە وەرزی بەهار دەكرێ‌. سەدان ناوەندی ئابووری لەماوەی 2  ساڵی رابردوو داخراون، سەدان ناوەندی بەرهەمهێنان تەنیا بە یەك شیفت و كەمتر كار دەكەن. ئازارەكانی بێكاری رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر تەنگی بە لاوان هەڵچنیوە. گەشەی ئابووری بەردەوام لە دابەزین دایە و پەرەسەندنی بەردەوام شەپۆلی بێكاری لە ئێران بە تایبەتی لە نێوان دەرچووانی خوێندن دەرخەری ئەو راستیەیە. بێگومان گەشەی مەنفی لە كەرتی پیشەسازیی و نەبوونی هیچ گەشەیێكی ئابووری كە لە میدیاكانی خودی رژیمەوە بڵاو دەكرێتەوە هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی قەیرانی بێكارییە . ئەو دۆخە كارەساتاوییە لە كاتێكدایە كە روحانی ساڵی رابردوو لە مەشهەد ووتی: ئێمە بەڵینتان پێدەدەین كە بەسەر ئەو دابەزینە دا لە كەرتی ئابووری زاڵ دەبین  و ئێمە گەلاڵەی پێویستمان بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە ئامادەكردووە و پێش كەشی مەجلیسمان كردووە و ئەمرۆ لە لای گۆڕی ئیمامی هەشتەم رایدەگەێنم كە بە خۆشیەوە ئێمە لە دابەزین تێپەریوین. لەهەمانكاتدا چەندین بەرپرسی تری رژیم ئەو درۆیەیان دووپاتە كردۆتەوە  پێویستە ئەو پرسیارە بكرێ‌ كە ئایا بەراستی بە بوونی ئەو رێژە سەرسوورهێنەرەی حەشیمەتی بێكار لە قۆناغی دابەزین تێپەریون؟ هەڵبەت هەر ماوەێك لەمەوپێش 4 وەزیری دەوڵەتی رۆحانی لە نامەیێكی ئاگاداركەرەوە دا درۆكانی رۆحانی و دەوڵەتیان ئاشكرا كرد و باسیان لەوە كرد كە بەردەوامی ئەو دۆخە قەیرانی زۆر گەورەی لێدەكەوێتەوە. زۆر روون و ئاشكرایە كە بارودۆخی نالەباری ئابووری لە هەل و مەرجی ئێستا و یەك لەوان قەیرانی بێكاری و چارەسەر نەبوونی بابەتی كار، لە پلەی یەكەم دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتداریەتی ئاخوندان و بێگومان هیچ دەوڵەت و كادرێكی ئەو نیزامە ناتوانێ‌ كێشە و قەیرانەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لەو نیزامە دا چارەسەر بكات . لەبەرئەوەی كە بەرهەمهێنەران و كاردروست كەرانی راستەقینە لە ئێران لە ژێر فشاری دوو دەوڵەتی تاڵانچی پشتیان چەماوەتەوە. یەكیان دەوڵەتی رەسمی بە بردنەسەرەوەی  نزیك بە دووبەرانبەری ماڵیات و گرانی خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەتی وەك ئاو و برق و گاز و سووتەمەنی و لابردنی یارانەكان  و وەرگرتنی سوودی سەرسوورهێنەری بانكەكانی دەوڵەتی لە بەرهەمهێنەران كە هەمووی ئەوانە بۆتە هۆی پەرەسەندنی لەرادەبەدەری بەرهەمهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا هێنانەناوەوەی سەرسوورهێنەری كەل و پەل و بەرهەمە دەركیەكان لە لایەن دەوڵەتەوە پشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی شكاندووە. لە لایێكی دیكەوە دەوڵەتی نارەسمی بەلام گەورەتر لە دەوڵەتی رەسمی كە سەرقاڵی دزینی سەرمایەی خەڵك و لەناوبردنی بەرهەمی ناوخۆیە، سوپای پاسدارانە. سپای پاسداران بە بوونی  هەزاران دامەزراوەی ماڵی نایاسایی و قازانجی سەرسوورهێنەر لەرێگەی شیركەتە گەورەكانی سەر بە ماڵی خامنەیی و بە بوونی سەدان بەندەری تایبەت كە ساڵانە نزیك بە 40 میلیارد دۆلار كەل و پەلی قاچاخ دێننە ناو ئێران بۆتە خۆركەی كەرتی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنەرانی راستەقینە. راستیەكەی ئەوەیە كە بە بوونی ئەو دۆخە جێگەیێك بۆ سەربەرزكردنەوەی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی و كارخوڵقێنەران نامێنێتەوە. لە ئەنجامی خوێنمژینی ئەو دوو دەوڵەتە  شتێك جگە لە لەناوچوونی پیشەسازیی ناوخۆیی و پێكهێنانی ئەرتەشێكی گەورەی بێكاران كە بەردەوام سەرژمێرییەكانی زۆرتر دەبێ بەرهەم نایەت. هەر لەبەر ئەوەش بە حەقیقەت رێگەچارەیێكی تر بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان، بێجگە لە رووخانی ئەو نیزامە بە تەواوی باڵ و لاباڵە دز و جەردەكانی نامێنێتەوە. 

 
ڕێکه‌وت: 2015-11-29 15:17:50
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی