له‌سه‌رهێل 92
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بشێوی و ناكۆكیە تازەكان لەپێكهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا

زۆر جار  بەرپرسانی دەسەڵات لە رێگە رۆژنامەو تلویزیون و  هۆكانی راگەیاندن، باس لە بوونی تەبایی و هاوكاری لە نێوان ناوەندەكانی دەسەڵاتداری لە ئێراندا دەكەن.بە تایبەت ئەوە زۆر دوپات دەكەنەوە كە هەموو لە ژێر بڕیارو راسپاردەكانی خامنەیی هەنگاو هەڵدەگرن و كار دەكەن. بەڵام راستیەكان پێچەوانە، نیشان دەدەن و بە روونی دەبیندرێ‌ كە لە نێوان ئاخوندەكاندا ناكۆكی قوڵ و كێشەی زۆر هەیە.

ئەگەر چی كێشە لە نێوان باندەكانی دەسەڵات هەر لە ساڵانی سەرەتای حكومەتی ئاخوندی بوونی هەیە،بەڵام لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ئەو ناكۆكیانە بە شێوەییكی بەرچاو پەرەی سەندوە و باندەكانی دەسەڵات بە ئاشكرا هێرش  دەكەنە سەر یەكتر. ئەو هێرشانە گەیشتونە قۆناغێك كە ناراستەوخۆ خامنەیی ڕێبەری رژیمیش  كەوتە بەر ئامانج. هەر چەند تا ئێستا  ناوی خامنەی لە  ناو هێرشەكاندا نەهێندراوە، بەڵام دەزگاو ناوەندەكانی سەر بە خامنەیی زۆر بە ڕاشكاوانە كەوتونەتە هێرشی جۆراوجۆر بەرانبەر رەفسەنجانی و رۆحانی .

 لە ڕێكەوتی 17ی خەزەڵوەر  ئاخوند حەسەنی روحانی  لە ڕێوڕسمی كردنەوەی 21 مین پیشانگای بڵاوكراوەو چاپەمەنیەكان باسی لە پەراوێزخرانی راگەیاندنەكان و گرتنی رۆژنامەنووسانی سەر بەباڵی خۆیان وداخستنی رۆژنامەكان كرد كە مەبەستی روحانی دەزگای قەزایی سەر بە خامنەیی بوو.لە دوای ئەو هێرشە ڕاشكاوانەی روحانی بۆ سەر باڵی خامنەیی،لە كاردانەوەو لێدوانێكی تونددا، ئاخوند لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕژیم،رۆحانی تۆمەتبار كرد كە پەرە بە ناكۆكی دەداو پیلانی دوژمنان جێبەجێ‌ دەكات.

هەر بە كاردانەوە لە بەرانبەر قسەكانی روحانی رۆژنامەی كەیهان كە بەزمانحاڵی باڵی خامنەی دەناسری و بەرپرس و سەرنوسەرەكەی حوسەین شەریعەتمەداری یەكێك لە مۆرە دیارەكانی باڵی خامنەییە لە راپۆرتێكدا كە لە 17ی خەزەڵوەر بڵاوی كردەوە باسی لە گرتنی كەسێكی لوبنانی نیشتەجی تاران بە ناوی (نزار زكا) كرد و و رایگەیاندوە كە ناوبراو ئەفسەری پلە بەرزی ئاژانسی گەشەپێدانی نەتەوەیی ئەمریكایە كە لە رێگەی یەكێك لە بەرپرسانی سەرەكی ناوەندی تیكنۆلۆژی زانیاریەكانی ئێران دەدزێ‌.لەو ڕاپۆرتەی كەیهاندا هاتوە كە لە دوای گرتنی (نزار زكا) بەرێوەبەرە نێوخۆییەكانیش دەگیرێن.

 هەر لە چوارچێوەی هێرشەكانی باندەكانی رژیم بۆ  سەر یەكتر لە رۆژی یەكشەممە 17 خەزەڵوەر تلویزیۆنی رژیم قسەكانی ئاخوند رۆحانی لە پێوەند بە بەشی قەزایی رژیمی بڵاوكردەوە كە رۆحانی وتبووی ،دەزگای قەزایی دەبێ‌ جێگەی موتمانەی كۆمەڵگاو خەڵك بێ‌ و ئەو پەندەی وەك نمونە هێنابۆوە كە هەركێشەیەك هەبێ‌ كاتێك كە خۆی   سەلامەت و پاك بێ‌ دەكرێ‌ رێگە لە خراپەكان بگیرێ‌ بەڵام ئەگەر خوێ‌ فاسید و خراپ بێ‌ كارەكان زۆر سەخت دەبن.

لە بەرانبەر ووتەكانی  رۆحانیدا، ئاخوند لاریجانی لە 18ی خەزەڵوەر ووتی ئەگەر دەسەڵاتی ئیجرایی فاسید بێ‌،ئەگەر دەوڵەت فاسید بێ‌ وەزعی ووڵات لەوە باشتر نابێ‌. 

 بێگومان روبەروبونەوەو شەڕەدەمەی نێوان مۆرەكان و بەرپرسانی قوەی قەزایی و باڵی رەفسەنجانی و رۆحانی  بە شێوەییكی بەر چاو  و كەم وێنە درێژەی هەیە. ئاخوند رۆحانی  لە قسەكانیدا رایگەیاند كە هەموو كەس لە بەرابنەر قانوندا بەرانبەرەو تەنانەت ناراستەوخۆ مەبەستی ئەوە بوو كە وەلی فەقیهی رژیمیش لە بەرانبەر قانوندا بەرانبەرە. بەڵام كاتێك دەبینێ‌ دەزگای قەزایی جیاوازی دەكا لە لێپرسینەوەدا، دەزگای قەزایی بە هۆیەك دەشوبهێنێ‌ كە كاریگەری نەماوەو ناتوانێ‌ رێگری لە فاسید بوون بگرێ‌. گرتنی ژمارەیەك لە رۆژنامە نووسانی سەر بە باڵی رۆحانی و رەفسەنجانی لە لایەن دەزگای قەزایی و هەروەها هەرەشەی رۆژنامەی كەیهان لە مەڕ پێوەندی ژمارەیەك بەرپرسی رژیم بە بێگانەكان و هاوكاری كردنی (نزار زكا)ی لوبنانی،دەرخەری ئەو راستیەیە كە باڵی خامنەیی مەبەستیەتی رێگە لە بەرەو پێش چوونی باڵی رەقیبی بگرێ‌ و لانی كەم زۆربەی ناوەندەكانی دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرغ بكەن.

كێشەی نۆی نێوان باڵەكانی دەسەڵات لە پێش شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی رژیم نوقتە گۆرانێكی گەورەیە لە جەنگی دەسەڵات.ئەو جەنگە لە رۆژانی داهاتووداو لە گەرمەی پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردن دەچێتە مەرحەلەییكی ئەوتۆ كە ئەگەری هەیە باڵی خامنەیی لە رێگەی دەزگای قەزایی دەست بداتە گرتنی مۆرە دیارەكانی باڵی بەرانبەر،بە تایبەت كە باڵی رەفسەنجانی هێرشەكانیان بۆ سەردەزگای قەزایی پەرە پێداوە.ئاشكرایە هێرش بۆ سەر دەزگای قەزایی و دادوەری رژیم هێرشە بۆ سەر خامنەیی و بەیتی رێبەریی.

 كێشەو ناكۆكی قووڵ لە نێوان باندەكان و باڵەكانی دەسەڵات لە هەلومەرجێكدایە كە ئاخوندەكان لە گەڵ چەندین كێشەی وەك، جێ‌ بە جی َ كردنی رێكەوتنی ناوكەیی ولە كارخستنی سانتریفوژەكان و ڕاگرتنی كاركردنی راكتۆری ئاوی قورسی ئەراك و هەروەها كێشەی ئابووری و بێكاری و گرانی لە رادەبەدەر و بەرز بوونەوەی رێژەی فەسادی كۆمەڵایەتی و ئیداری و لە هەمانكاتدا گیرۆدە بوون بە جەنگی سوریەو كوژرانی ژمارەیەكی بەرچاو لە فەرماندەو بەرپرسانی سپای پاسداران لە جەنگی سوریەداو دەخالەت لە كاروباری ووڵاتانی ناوچەكەو هاوكاری كردنی شەڕخوازان لە یەمەن و رووبەروبوونەوەی سیاسی لە گەڵ ووڵاتان و حكومەتەكانی عەرەبی بە تایبەت حكومەتی عەربستانی سعودی،دەسەڵاتی ئاخوندی خستۆتە قەیرانی قورس وچارەسەر نەكراو.

چاوەروان دەكرێ‌ ئاڵۆزییەكان لە پێكهاتەی دەسەڵاتداری ئاخوندی  زیاتر پەرە بستێنێ‌ وشكست و لە ناوچونی حاكمیەتی ئاخوندی چاوەڕێ‌ دەكری.

 
ڕێکه‌وت: 2015-11-29 15:21:49
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی