له‌سه‌رهێل 78
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
لە یادی سی و یەكەمین سالیادی شەهید بوونی شەهیدی فەرماندە كاك خەلیل خۆشكەلام

نامرن ئه وانه ی وا له دلی میلله تا ئه ژین

یادی سەروەری گەل شه هید خەلیل محەممەدی ناسراو بە( خەلیل خۆشكەلام).

بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانی سەخت وپڕ چەرمەسەری زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ نەهێشتنی زولم و ستەم لە سەرشانی هەژارەكانی نیشتمان، بۆگۆڕینی ئاسەواری چەوسانەوەی گەلێك لە گەلێك وچینێك لە چینێك خەباتێكی سەخت ودرێژماوە پێویستە كە خاوەنی بیرو باوەری رەسەن وپێشكەوتوانە بێ ولەهەستی پاكی نەتەوایەتی جەماوەر هەڵ قوڵابێ. ڕێكخراوێك بۆ پێشرەوی پێویستە كە خاوەنی قەوارەیەكی ڕێك وپێك ورێبازێكی رەسەن وئامانجێكی بەرزو پیرۆز بێ. خەباتێك پێویستە پیاوانی به باوەر ئاڵای بخەنە سەر شان وهەموو دەسەڵاتێكی دەست كرد وپڕتاوانی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا رەد بكەنەوەو پاڵ پێوەنێن وە بەندەكانی دیلی وژێر چەپۆكەیی بشكێنن ورزگاری تەواوی مرۆڤ لە دەست هەموو زۆردارانی سەرزەوی بە دیاری بێنن. لەو مەیدانەدا ڕۆڵەكانی كوردستان ئەوانەی تامی تاڵی دەسەڵاتی تاوانباری داگیركەریان چێشتووە ،بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ستەم دەوری شۆڕشگێری خۆیان بینیوەو لە ڕێكخراوی پێشرەوی خۆیاندا هاوفكری وهاوكاریان كردووەو زۆر ڕۆڵە فیداكاریان كردووەته قوربانی.ڕۆڵەی شۆڕشگێری وەك شەهید خەلیل محەممەدی ناسراوبە(خەلیل خۆشكەلام) پێشمەرگەیەكی بە باوەر لە سەرەخۆ و هێمن وبەسەبروخۆڕاگر,پێشمەرگەیەك كە بە گژدا چوونەوەی دوژمنانی نەتەوە ونیشتمانەكەی بە واجبێكی نه ته وه یی و ئایینی و ئینسانی خوی دەزانی. پێشمەرگەیەك كە خومەینی ودارودەستە خوێن ڕێژو چەپەڵەكه ی به دوژمنی سەرەكی كومه لی مرووایه تی دەزانی. شەهیدخەلیل پێی وابوو كورد دەبێ بۆ چارەسەركردنی ناتەواوییەكانی ژیانی كوردەواری هه ول و تەقەلا بكا، چونكه هەر ئامانجێك كە ئینسان بیهەوێ وەدەستی دەكەوێ و وەدەست دێ. لە هەمان كاتیشدا فیداكاری لە پێناو ئاواتدا بە سەركەوتنی گەورە دەزانی . شەهید خەلیل پێی وابوو دەبێ گیانی له پێناو كورد وكوردستاندا لە دەست بدا. خوێنی بڕژێ وهەموو تاڵی وسوێری رێگای سەخت ودژواری شۆڕش بچێژێ . هه ر بویه لە ساڵی (1358)دا كە كوردستانی دابەش كراو دیسان كەوتە بەر پەلاماری توندی هێزەكانی رژێمی ئاخوندی وخەڵكی كوردستان بو بە نیشانەی تیری بە كرێگیراوەكانی خومەینی، شەهید خەلیل چەكی پارێزگاری لەگەل ونیشتمانی كردە شان وبە گژداگیركەراندا چوەوە . ژیرانە بیری دەكردەوە وئازایانە هەڵمەتی دەبرد . هەر چەند شەهید خەلیل لاوێكی نەخوێندوار بوو بەڵام مانەوەی لە سەنگەری خەباتدا وبوونی لە گەل پێشمەرگەی خەبات هانی دا كە لە بیری خوێندن دابێ . هەر لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا دەستی كرد بە فێربوون تا توانی بخوێنێتەوە وبنووسێ. شەهید خەلیل پاش 5ساڵ پێشمەرگایەتی وقەبوڵی رەنج ودەردی دەربەدەری لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە ڕۆژی 14 بە فرانباری(1363) لە پشتی كیوەروی ناوچەی بانە لەگەڵ برای هاوسەنگەرو ڕۆڵەیەكی دیكەی ساوان كاك تاهیر ساوانی بە گوللەی دوژمنانی كوردستان پێكران وشەهید بوون وگیانی پاكیان بەرەو بەهەشتی بەرین باڵی گرت وئەركی خەبات وتێكۆشانیان بۆ هاوبیروباوەرەكانیان بەجێ هێشت . لەو ڕۆژەدا بوو كە تەمەنی 28ساڵەیی كاك خەلیل كۆتایی پێهات وچواركۆرپەی ساوای كە بریتی بوون لە 2كوڕ و 2كچ بۆ كوردستان وبۆ گەل بە یادگار بەجێ هێشت . 

یادی شه هید خه لیل خوشكه لام و تیكرای شه هیدانی سازمانی خه بات و شه هیدانی ریگه ی رزگاری كورد و كوردستان به رز و به ریز بیت

صورة
ڕێکه‌وت: 2016-01-03 10:07:25
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی