له‌سه‌رهێل 74
دووشه‌مه‌‌ 3 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 15ی بەفرانباری 1394

 

ڕاگواستنی دوو زیندانیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی

دوو زیندانیی کورد پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە هۆی جیانەکردنەوەی تاوانەکان لە زیندانی ورمێ، مانیان لە خواردن گرتبوو، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزران. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی "ڕەووف محەممەد عەلی و بەهمەن دەلایی میلان" کە لە بەندی پێنجی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ناسراو بە بەندی "ڕەوان دەرمانی" ڕاگیرابوون، داوایان لە بەرپرسانی زیندان کردبوو بە جیاکردنەوەی تاوانەکان، بۆ بەندی زیندانییە سیاسییەکان ڕایانگوازن. بەندی پێنجی ڕەوان دەرمانی، شوێنی چارەسەر کردنی پشێوییە دەرونییەکانە لە ڕێگای دەروون شیکارییەوە. بە هۆی گوێ‏نەدانی بەرپرسانی زیندان و جێبەجێ‏نەکردنی داواکارییەکەیان، ئەو دوو زیندانییە کوردە مانیان لە خواردن گرت و ڕۆژی پێنج‏شەممەی ڕابردوو بە دەستووری بەرپرسی زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزران. بەهمەن دەلایی میلان ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی" دەستبەسەر و بە ١١ساڵ زیندان حوکم درا و پاش چوار ساڵ ڕاگرتنی لە زیندانی مەریوان، لە ساڵی ١٣٨٩وە، بۆ زیندانی شاری خۆی ڕاگوێزرا و دواتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٤، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ کرا. هەروەها تۆمەتی ڕەووف محەممەد عەلی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەویی" ڕاگەیەندراوە، بەلام زانیاری زیاتر لە سەر تۆمەتەکانی ناوبراو و چۆنیەتی و ماوەی حوکمەکەی لەبەردەستدا نیە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بووژاندنەوەی لێرەوارەكانی كوردستان لە لایەن ژینگە دۆستانەوە

 ئەنجومەنێکی خەڵکی لە کرماشان، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٠ هەزار تۆوی بەڕوویان چاندووە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، هەژدە هێکتار لە لێڕەوارە سووتاوەکانی ناوچەی کرماشان و ئیلام، لە پێنج قۆناخ‏دا، لە لایەن ئەنجومەنی "هیلوو"وە بووژاندنەوەی بە خۆیەوە بینی. ئەو بووژاندنەوەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک بەڕێوە چووە کە لە بەشی یەکەمیدا ٢٠٢٠٠ تۆوی بەڕوو و هەروەها ئەو چەشنە لە دارە پاڵپشتەکانی، وەک هەرمێ کێوی و ئەرژەنیش چێندراوە. ئامانج لە چاندنی ئەو بەڕوویانە بە وتەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی هیلوو، پاراستن و بووژاندنەوەی لێڕەوارەکانی زاگرۆس بە تایبەتی جەنگەڵکاریی شوێنە سووتاوەکانی عوسماندوەند (باشووری کرماشان)، زەردەڵان(سنووری دوو پارێزگاکە) و پەناگای ژینگەی ئاژەڵە دڕندەکانی وەرمنجە دەبێت. سەعید سلێمانی لەمەڕ بەردەوامیی ئەو کارە، بە هەواڵدەریی ئیسنای وتووە کە؛ تاکوو تۆوی بەڕوومان بۆ دابین بکرێت، ئەوا لەم هەڵمەتە خۆبەخشانە بەردەام دەبین. ساڵی ٩٣، زیاتر لە ٢٥٠ هێکتار لە لێڕەوارەکانی پارێزگای کرماشان ئاگریان تێ‏بەرببوو کە بە وتەی چالاکانی ژینگە، دەستی کەسانی هەلپەرەست بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەویەکانی لە پشتە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بارینی به‌فر له‌ پیرانشار گه‌یشته‌ 106 سانتی مه‌تر

به‌رپرسی ئیداره‌ی که‌شناسی شاری پیرانشار وتی: ڕێژه‌ی بارینی به‌فر له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به‌ 106 سانتی مه‌تر له‌ شاری پیرانشار گه‌یشتووه‌. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ڕه‌حمان ئیبراهیمی، به‌رپرسی که‌شناسی شاری پیرانشار  وتی: شاری پیرانشار له‌ باری ڕێژه‌ی بارینی به‌فر له‌ ڕۆژانی ڕابردوو له‌ ئاستی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، پاش سه‌رده‌شت پله‌ی دووهه‌می بۆ خۆی مسۆگه‌ر کردووه‌. ئیبراهیمی له‌ درێژه‌دا ڕایگه‌یاند: ڕێژه‌ی بارینه‌کانی ئه‌مساڵ واتا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌زبه‌ر تا ئێستا 359 میلی مه‌تر بووه‌ که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌چاو ماوه‌ی هاوشێوه‌ی ساڵی ڕابردوو له‌سه‌دا 5.8ی دابه‌زینی بووه‌. به‌رپرسی ئیداره‌ی که‌شناسی پیرانشار به‌ ئاماژه‌ به‌ دابه‌زینی به‌رچاوی پله‌ی گه‌رما له‌م شاره‌ ڕایگه‌یاند: پله‌ی گه‌رما له‌ پیرانشار پاش ته‌واوبوونی بارینی به‌فر دابه‌زینێکی به‌رچاوی بووه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ پله‌ی گه‌رما له‌ شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌/ 13ی به‌فرانبار له‌ پیرانشار بۆ نزیک 10 ده‌ره‌جه‌ی ژێر سیفر گه‌یشتووه‌.جێگەی باسە كە،  به‌رزایی به‌فر که‌ بۆ سێهه‌مین جاره‌ له‌ ماوه‌ی مانگه‌کانی ڕابردوو ناوچه‌که‌ ده‌گرێته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نزیک 106 سانتی مه‌تر که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ به‌رزاییه‌کانی ناوچه‌که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 2 مه‌تر.  

 

 

 

 

 

 

 

 

كوژرانی 2 پاداریتری رژێمی ئاخوندی لە سووریە

رێژەی كوژراوانی رژێمی ئاخوندی كە بۆ كوشتاری خەڵكی بێتاوانی سووریە رۆیشتوونەتە ئەو وڵاتە تادێت زیاتر دەبێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، سایتی هێزە تیرۆریستییەكانی قۆدس كوژرانی دوو پاسداریتری رژێمی ئاخوندی لە سووریە راگەیاند. بە پێی ئەم راپۆرتە، دوو پاسداری كوژراوی رژێم لە سووریە بریتین لە، پاسدار عەبدۆڵا قۆربانی لە دایكبووی ساڵی 1360 كە دەرەجەی ناوسالاری سێهەم بووە و پاسدار مۆستەفا خانزاد خەڵكی مازەندەران. جێگەی باسە كە لاشەی ئەم دوو كوژراوەی رژێمی ئاخوندی ئەمرۆ سێشەممە 15ی بەفرانبار لە شوێنی لە دایكبوونبان دەنیژرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

كووەیت باڵوێزی خۆی لە تاران بانگهێشت كردەوە

تا دێت نارەزایەتییەكان بە هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران زیاتر دەبێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، دوێنی دووشەممە 14ی بەفرانباری 1394، سەرۆكی مەجلیسی كووەیت، هێرشی لیباس شەخسییەكانی خامنەیی بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و كۆنسولگەری ئەو وڵاتە لە مەشهەد بە توندی مەحكووم كرد. مەزرووق ئەلغانم رایگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلكردنی ئاشكرای پەیمانە نێونەتەوەییەكانە بۆ پاراستنی هەیئەتە دیپلۆماتیكەكان لە لایەن رژێمی ئاخوندییەوە. جێگەی باسە كە لە دژكردەوە بەو هێرشانەی دەست و پەیوەندەكانی خامنەیی بۆ سەر بالوێزخانە و كۆنسولگەری عەرەبستان لە تاران و مەشهەد دەوڵەتی كووەیت بریاریدا كە سەفیری خۆی لە تاران بانگهێشت بكاتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

شۆرای ئەمنییەت هێرشكردنە سەر سەفارەتی عەرەبستانی مەحكووم كرد

شۆرای ئەمنییەتی سازمانی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرش كردنە سەر سەفارەتی عەرەبستانی لە تاران بە توندی مەحكووم كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئەمرۆ سێشەممە 15ی بەفرانباری 1394، تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە وێرای بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند كە رژێمی ئاخوندی كەوتووەتە غەلەتم كرد و ئەمرۆ بە نووسینی نامەێك بۆ شۆرای ئەمنییەت تێیدا نارەحەتی خۆی لە هێرشكردنە سەر سەفارەتی عەرەبستان نیشانداوە و بەڵێنی داوە كە چیتر ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر نوێنەرایەتی وڵاتان دووبارە نابنەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، رژێمی ئاخوندی لە نامەكەیدا رایگەیاندووە كە هەوڵ دەدات بكەرانی هێرش بۆ سەر سەفارەتی عەرەبستان دەستبەسەر و بە توندی سزا بدات.

 

 

 

 

 

 

 

 

كۆمەڵگای‌ عه‌ره‌بی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ رێكده‌خات

دوێنی دووشه‌ممه‌ 14ی بەفرانباری 1394،كۆمەڵگای‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بڕیاریدا یه‌كشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سازبكات، له‌سه‌ر داوای‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌، بۆ تاوتوێكردنی‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان ئێران‌و سعودیه‌. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئه‌حمه‌د بن حلی‌ جێگری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند : " ئه‌مڕۆ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ جامیعه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، یاداشتێكی‌ فه‌رمی‌ له‌وه‌فدی‌ هه‌میشه‌یی‌ سعودیه‌ له‌جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌تێیدا داوای‌ سازدانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌ب، له‌ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو، كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ ئیدانه‌كردنی‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ رژێمی ئاخوندی ئێران به‌رانبه‌ر به‌باڵیۆزخانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ تاران ‌و كونسوڵخانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ مه‌شهه‌د و سه‌ركۆنه‌كردنی‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی‌ ئێران له‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌".
ڕێکه‌وت: 2016-01-05 15:54:23
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی