له‌سه‌رهێل 57
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بۆ چی بایكوتی هەڵبژاردن؟

 

بایكوت ووشەێكە كە لە ئەنجامی سنوورداركردن و دەرفەت نەدان بە چالاكی وە یان رێگە نەدان بە تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەسەندەكان و هەروەها كاردانەوەیە بەرامبەر هەر كردارێك كە مەترسی لێ بكرێ كە كۆمەڵگا بەرەو هەڵدێرو سیستەمی دیكتاتۆریەت ببات. گەلی كورد لە ئێراندا بە مەبەستی وەدیی هاتنی ئامانج و ماف و ئازادیەكانی لە نارەزایەتی شێلگیرانە بۆ رووخانی رژێمی پاشایەتی بەشداری كرد،بەلام خومەینی و دارودەستەكەی سواری شەپۆلی هەستی جەماوەری ئێران بوون و ئەنجامی راپەرینەكانی خەڵكی ئێرانیان دزی و بە دامەزرانی سیستەمی ویلایەتی فەقیە، رێگەیان بە بیرجاوازان نەداو و بە بەرتەسك كردنی فەزای سیاسی لە ئێران، هەلومەرجێكیان خولقاند كە هەر لە سەرەتاوە گەلی كورد و باقی ئازادیخوازانی ئێران ناچار كرد دژ بەو سیاسەتانە هەڵوێست بگر ن. 

 یەكێك لەو هەنگاوانەی رژێمی ئێران كە هەر لە سەرەتاوە هێزە شۆرشگێرەكان بەتایبەت هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستان، هەڵوێستی لە بەرامبەریدا هەبووە، مەسەلەی هەڵبژاردنە لە سیستەمی رژێمی ویلایەتی فەقیەدا، لە سەرەتاوە ئاكامی هەڵبژاردنەكان روون و ئاشكرایەو ئەنجامەكەی دیاری كراوە و ئەنجامدانی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن، بە قەولی بەرێوەبەرانی رژێم موهەندیسی شودەیە. یانی دەبێ ئەنجامەكان بە پێی ویستی دەسەڵاتداران بێ. هەر بۆیە هەڵویسَتی زۆربەی ئەحزابی كوردستانی و هێزە شورشگێڕەكان لە ئێراندا بایكوت و تەحریمی هەر جۆرە هەڵبژاردنێك بووە لە سیستەمی ویلایەتی فەقیەدا. بەلام چەند ساڵێكە بۆچوونێك هەیە، هانی خەڵك دەدا بۆ بەشداری كردن لەو هەڵبژاردنانە و خۆ بە دوور گرتن لە بژاردەی بایكوت. لە هەمانكاتدا ئەو پرسیارە دەورووژێنن كە ئێمە چەندین ساڵە بژاردەی بایكوتمان گرتۆتەبەر چیمان پێ كراوە؟ با خەڵك بەشدار بێ و دەوری خۆی لە كۆمەڵگادا بگێڕن!. وەڵامی ئەو بۆچونە، كە داوا لە خەڵك دەكەن بەشداری شانۆی هەڵبژاردن بكەن، پێویستە بۆ خەڵكی روون بكەینەوە كە ئەو جۆرە قسانە لە كوێ و لە چیوە سەرهەڵدەدەن، ئەو بەرێزانە بەو جۆرە سیاسەتەیان وادیارە زۆر ئاگاداری رووداوەكانی ناوخۆی كوردستان و هەڵسووكەوتی رژێمی دەسەڵاتدار لەگەڵ خەڵك و مەسەلەی سیاسی و ماف و ئازادیەكان نین. یان ئەوەی كە بەبێ گوێدانە ئەو بابەتە گرینگانە دەیانەوێ سیاسەتی بەشداری لە هەڵبژاردن و تا ڕادەیەكیش دژایەتی بژاردەی بایكوتی هەڵبژاردن،بە قەولی خۆیان هەوڵ بدەن لە چوارچێوەی ئەو رژێمەدا چارەسەری مەسەلە سیاسیەكان بكەن!!! ئەم هەنگاو بۆچونانە لە كاتێكدایە كە مێژووی رژێمی ئاخوندی پڕە لە جینایەت و رووداوی گەلێك ناخۆش و تاقی كردنەوەی بژاردەی سازان لە گەڵ دەسەلاتی دیكتاتۆری ئاخوندی، نەك هەر سەركەوتوو نەبوو بەڵكوو قوربانی گەورەشی لێ‌ كەوتەوە. راستیەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە لە چوارچێوەی رژێمی ئێستادا ناكرێ هیچ هەنگاوێك لە راستای ئەرێنی هەڵگیرێ‌ و ئەو بۆچونە لە بەر چاونەگرتنی درندەیی و سەرەرۆی وهەست نەكردن بە ئازارە قوڵەكانی خەڵكی وەزاڵەهاتوی كوردستانە. لە رابردوودا (فراكسیۆنی بە ناو نوێنەرانی كورد) لە مەجلیسی رژێمدا توانیان چیی بكەن و چ كارێك بۆباش بوونی هەلومەرجی سیاسی كوردستان بكەن؟ ئایا تا ئێستا توانیویانە ببنە فشار لە سەر مەجلیس و قانوونێك لە قازانجی خەڵكی كوردستاندا بچەسپێنن؟ ئایا توانیویانە ببنە فشار لە سەر دەزگای بەرێوبەری و بۆ چارەسەری نەك پرسە گەورەكان بەڵكوو حەتا پرسی بێكاری لە كوردستان؟ یان توانیویانە لە سەر كوشتنی كۆڵبەران وەزیرێكی دەزگای بەرێوەبەری بانگ بكەن و لێكۆڵینەوەی لێ بكەن؟ یان توانیوە ئیعدامی لاوێكی كورد ڕاگرن و .... هتد؟. ئەوە بەدەر لەوەی كە دەزانین ئەوانەی خۆیان دەپاڵێون دەبێ خاوەنی چ رابردوویەك بن بۆ ئەوەی لە فیلتەری شۆرای نیگابانەوە دەرچن. بێ شك رژێمی ئێران تا ئێستا بەردەوامە لە سەر سیاسەتی پاكتاوی نەتەوەیی و فەرهەنگی گەلی كورد لە ئێران. رۆژ لە دوای رۆژ وەزعی ئەمنیەتی لە كوردستان خراپتر دەبێ. خێرە تا رژێم توندتر دەبێ لە سەر هەڵوێستەكانی دژ بە كورد بەڵام ئەوانە هەڵوێستی نەرم دەگرن.؟ بەڵام ئەوەی كە ئێمە بایكوتی بكەین چیی روودەدا، دەبێ زۆر روو راستانە خوێندنەوەی بۆ بكەین، ئەویش ئەوەیە كە بە بایكوت كردنی پرۆسەكانی هەڵبژاردن پاشەكشەی لەو سیاسەتە هەڵە و دژە گەلیانەی دەر حەق بە كورد نەكردوە، بەڵام بەو پێ یەی رژێم كەڵكی سیاسی لە پرسی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵك بە نیشانەی مەشروعیەتی نیزامەكەی لێك دەداتەوە، وەك هێزە شۆرشگێڕ و ئازادیخوازەكان باشترین بژاردە لە ئێستا هەر هەمان بایكوتی هەڵبژاردن و داواكردن لە خەڵكە بۆ ئەوەی بە دەم داوای سەرانی رژێم بۆ بەشداری لە دەنگدان نەچن. چوونكە بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستان بەدەم داوای ئەحزابەوە دەچن و بایكوتی هەڵبژاردنەكان دەكەن. ئەحزابی كوردستان دەبێ بژاردەی بایكوت وەك هەڵوێستێكی سیاسی و شۆرشگێڕانە دژ بە سیاسەتەكانی رژێم هەڵبژێن. نەك بەشداری خەڵك هۆیەك بێ بۆ پاشگەز بوونەوەمان لە هەڵوێستی دژ بە رژێم و شۆرشگێڕانە. لە راستیدا كۆی ئەم باسە دوو رێگەمان بۆ دێڵێتەوە كە یان دەبێ لە رابردووی خۆمان پاشگەز بینەوە هەوڵ بدەین بۆ نزیك بوونەوەی رژێم و لەو هەڵوێستە شۆرشگێر و بەرهەڵستكارانەی رابردوومان دابەزین. یان ئەوەی لەو فەزای هەڵبژاردنانەی كە دروست دەبن هانی خەڵك بدەین كە بە بەشداری نەكردن لە پرۆسە سیاسیەكانی كە رژێم بەرێوەی دەبات بەشداری نەكەن و بەو شێوەیە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە دەسەڵاتداران بگەیەنن.

 
ڕێکه‌وت: 2016-01-28 16:04:58
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی