له‌سه‌رهێل 89
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سیاسەتی سەركوتگەرانەی رژێم لە حاست هاونیشتمانیانى یارسان

پێكهاتەی كورد لە كوردستانی ئێران فرە ئایین و مەهەب و مەسلەكه‌، پێكەوەژیان لە كوردستاندا بە درێژایی مێژوو لە نێوان پەیرەوانی ئەو دین و مەزهەبانەدا بەشێوەی ئاشتیانە ئیدامەی هەبووەو هیچ كەس و مەزهەبێك دەستدرێژی نەكردۆتەسەر ئەوی دیی.

ئەوەی زۆرجار بۆتە كۆسپ لەبەردەم پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە مەزهەبی و فكریەكان لەكوردستان دەستێوەردان و بەرنامەی سیاسی نادروست و تێكدەرانەی ده‌سه‌لاته‌ داگیركەره‌كانی كوردستان بووە. ئه‌وان هەمیشە هەوڵیان داوە كە جیاوازی فكری و مەزهەبی و دینیەكان بكەنە هۆیەك بۆ دروست كردنی بشێوی و شەر و ئاژاوە لە نێوان پێكهاتەكان، وەك دەبینین لە هەندێ كاتدا ئەو شەر و كێشانە كاری كردۆتەسەر پیَوه‌ندى نزیك و برایەتی پەیرەوانی ئایین و مەزهەبەكان و كاریگه‌رى خراپیشى هه‌بوه‌ لە سەر مەسەلە گرینگ و چارەنووس سازە نەتەوەییەكانمان.

به‌ هاتنەسەركاری نیزامی سیاسی وەلی فەقیە لە سەر ئەساسی مەزهەبی ووشك و سه‌ركوتى نەتەوەی كورد و پىَ شیَل كردنى مافەكانی و سه‌ركوتى خاوه‌ن باوه‌رانى مه‌زهه‌ب و بیروڕا جیاجیاكانى پیَك هیَنه‌رى ئیَران و جیاوازی دانانى مەزهەبى یەكێكی دیكە بوو لە فشار و سەركوت لە كوردستان.

به‌لَى، نەتەوەی كورد كە هاوكات لەگەڵ زەوتكردنی مافەنەتەوەییەكانی بەرەوڕوویی فشار و سەركوت و جیاكاری دینی بوویەوە.به‌تایبه‌ت یارسانەكان كە پێكهاتەیەكی گرینگ و بەرچاوى كوردستانن لە 36 ساڵی رابردوودا بەتەواوی لە باری نەتەوەیی و دینیەوە چەوساونەوە و مافەكانیان لە هەردوو باردا پێ خوست كراوە.

هاوكات لەگەڵ پێشێلكردنی مافی ئەو پێكهاتانە، ده‌سه‌لاتدارانى خۆسه‌پیَن له‌ ئیَران، پەرەیان بەشەرو كێشەی پێكهاتەكان داوە وەك كێشەی نێوان یارسان و سووننی، یارسان و شیعە، سووننی و شیعە، سووننی و ئەرمەنی، ئەرمەنی و شیعەو، كاری زۆریان كردوە بۆ تێكدانی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە كوردستانی ئێراندا.

ئەوەی ئاشكرایە رژێم لە چەندین ساڵە هەوڵ دەدا كە پەیرەوانی یارسان، بە شەیتانپەرەست بناسێ و لە ژێر ئەوناوەدا ئاسانتر هەوڵ بدا بۆ پاكتاو ئاسیمیلاسیۆنی ئەو ئایینە. بۆیە پێویستە كورتەیەك لە سەر ئەو ئایینە و مێژووی سەرهەڵدان و هەڵكەوتەی جوغرافیایی و نیشتەجێبوونی پەیرەوانی بەخەینەڕوو.

بەشێوەیەكی گشتی پەیرەوانی ئایینی یارسان لە كوردستانی ئێران و عێراق دا دەژین، بەڵام لە هەندێ شوێنی دیكە لە ئێران و توركیە و زۆر شوێنی دیكە بوونیان هەیە. بەڵام لە كوردستانی ئێران یارسانەكان بە زۆری لە ئوستانی كرماشان و لورستاندا دەژین. ئایینی یارسان دابەش دەبێ بەسەر 11 خانەوادە كە لە باری داب و نەریتەوە جیاوازیان هەیە. بەگشتی پەیرەوانی ئەو ئایینە لە كوردستاندا بە ئەهلی حەق، كاكەیی، ئایینی یاری، تایفەی سان و كیشی حەقیقەت دەناسرێن و ناودەبرێن.

لە سەر سەرهەڵدانی ئایینی یاری لێكۆڵەر و مێژوونووسان یەك رایان نیە و فرەبۆچوونن. هەندێك پێ یان وایە لە مەزهەبی شیعە جیابوونەوە، هەندێ پێیان وایە پەیرەوی ئیمامی عەلین، هەندێكی دیكە بە گرێدراوی شیعەی عەسناعەشەری جەعفەری دەیاناسێنن و زۆر بۆچوونی دیكە، بەڵام بۆخۆیان ئەهلی حەق هەر لە رۆژی ئەزەڵەوە بوونی هەیەو دەستووراتی ئایینەكەیان بە نهێنی و دەم بە دەم لەلایەن پیاوچاكانەوە گوازراوەتەوە تا لە سەدەی حەوتەمدا، سوڵتان ئیسحاق ئەو دەستوراتە نهێنیانەی بە هاورێكانی گووتووە و وەك یاسا دایانڕشتووە. هەر بۆیە سوڵتان ئیسحاق بە دامەزرێنەری ئەو ئایینە دەزانرێ.

لە دوای داگیركردنی كوردستان لەلایەن هێزەكانی رژێمی ئێرانەوە، یارسانیەكان لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە بە تووندی تووشی سەركوت و گرتن و بێرێزی و راوەدوونان هاتن، بۆیە بەشێك لە یارسانەكان روویان لە عێراق كرد و لەوێ مانەوە و بەشێكی بەچاویشیان دژ هەوڵەكانی رژێم هەڵوێستیان گرت و لەگەڵ باقی خەڵكی كوردستان دژ بەو رژێمە لە شۆرشی كوردستاندا بەشداری كارایان كرد و ئێستاش بەدەوامن.

وەك باسكرا لە ماوەی 36 ساڵی رابردوودا یارسانەكان بەشی زۆری قورسایی فشار و سەركوتی هێزەكانی رژێمیان لە سەر بووە، بۆ نمونە لە مانگی جۆزەردانی 1392ی ك.خ لە گرتووخانەی هەمەدان هێزەكانی رژێم سمێڵی زیندانیەكی یارسانیان بەناوی كەیومەرز تاشی. كە ئەوكارە وەك بێ رێزی كردن حیسابی بۆ دەكرێ، هەر بۆیە لە ناڕەزایەتی بەو كارە لاوێكی یارسان لە هەمەدان بەناوی حەسەنی رەزەوی لە بەردەم فەرمانداری ئەو شارەدا خۆی سووتاند. هەر لە سەر ئەو بێ رێزی كردنە، لە 14ی جۆزەردانی هەمان ساڵدا یەكێكی دیكە لە پەیرەوانی یارسان بەناوی نیكمەردی تاهیری لە بەرچاوی كامێرادا خۆی سوتاند. هەر ئەو ساڵەو لە 27ی گەلاوێژدا یەكێكی دیكە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سیساتەكانی رژێم لە بەردەم مەجلیسی ئاخونداندا ئاگری لە جەستەی بەرداو گیانی دا. لە دوای ئەوە ناڕەزایەتیەكانی یارسانەكان پەرەی سەندو چەندین رێپێوان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرێوەبرد، وە داوایان ئەوەبوو كە ئەو بێ رێزیەی كە دژی یارسانەكان رێكخراوە، راگیرێ.

بەڵام بۆ جارێكی دیكەو رێكەوتی 8ی رەشەممەی ئەوساڵ (1394) گروپێكی 100 كەسی كە خۆیان بە پەیرەوانی (خەتی ویلایەت) ناوبردووە بەبەرچاوی هێزە ئینتزامیەكانەوە بە شیعاری (ئەو ئایینە گومرایە دەبێ لە ناوبچێ) هێرشیان كردۆتە سەر دوایین جەمخانەی یارسانەكان لە شائاباد لە پارێزگای كرماشان و دەرگاو پەنجێرەكانیان شكاندووە و بینای جەمخانەكەش خەسارەتی وێ كەوتووە.

لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی كە دژ بە برایانی یارسان گیراوەتە بەر بەردەوام لە شاری شائاباد" بەو شێوە رووبەرووی بێ رێزی دەبنەوه‌، پێویستە وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هێزە سیاسیەكان و كەسایەتی و چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە حاست ئەو زوڵم و زۆرانە بێ دەنگ نەبن و ببنە دەنگی یارسانەكان و سنوورێك بۆ زیادەرەویەكانی رژێم لە كوردستان بەتایبەت لە حاست یارسانەكان دابنێین
ڕێکه‌وت: 2016-03-04 16:36:35
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی