له‌سه‌رهێل 114
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەڵەبجە، رەمزی هەرمانی نەتەوەی كورد!

 

بیست و هەشت ساڵ لەوەپێش و لە رێكەوتی 16ی مارسی 1988، هێزەكانی رژێمی بەعس پەلاماری شاری هەڵەبجە لە كوردستانی عێراقیان داو لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بەبەرچاوی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێ تاوان بوونە قوربانی.

ئەگەر چیی نەتەوەی كورد ئەوە یەكەم جینایەت نیە دەرحەقی دەكرێ، بەڵام كارەساتی هەڵەبجە برینێكی زۆر بە ئازاربوو كە تا ئێستاش برینەكەی سارێژ نەبووەو بەو زوانەش سارێژ بوونی حەستەمە.

لە رۆژی روودانی ئەو كارەساتە تا ئێستا زۆر بە كەمی هەموو راستی رووداو كارەساتی هەڵەبجە بۆ خەڵك روون كراوەتەوەو هەر كە باسی هەڵەبجە دێتە پێش هەموو لایەك تەنها پەنجە بۆ حكومەتی بەعس رادەكێشین، لەگەڵ ئەوەی قسە لە درندەیی ئەو حكومەتە نیە، بەڵام دەستی دیكەش بوونی هەیە لە روودانی ئەو كارەساتەدا كە پێویستە بخرێتەبەر باس. وەك روون و ئاشكرایە هەر دوو رژێمەكانی عێراق و ئێران لە سەدەی بیستەمدا بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە شەری یەكتریدا بوون و ئەو شەرە بە یەكێك لەو شەڕانە بوو كە ماوەیەكی زۆری كێشاو بە هەزاران كەس بوونە قوربانی تیایدا.

لە مانگی مارسی 1988دا حكومەتی عێراق ئاگادار بوو كە رژێمی ئێران هێزێكی زۆری ئامادە كردوە بۆ پەلاماری ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە، حكومەتی عێراق ئاگاداری دایە بەرامبەرەكەی كە لە ئەگەر داگیركردنی هەڵەبجەدا چەكی شیمیایی بە كار دێنێ، لە هەمانكاتدا ئاگاداری خەڵكی هەڵەبجەی كرد كە شار بەجێ بێڵن، هاوكات هەموو هێزەكانی خۆی لە ناوچەكە كێشایەوە. خەڵكێكی زۆر لە ترسی گیانی خۆیان هەر زوو رۆیشتن و روویان لە سنوورەكانی كوردستانی ئێران و كوێستانەكانی ناوچەكە كرد، بەڵام رژێمی ئێران لەگەڵ گرتنی شاری هەڵەبجە رێگەی بە باقی خەڵكەكە نەدا برۆن و شار بەجێ بێڵن، بۆ ئەوەی خەڵكی هەڵبجە بكەنە بەڵاگێرەوەو رژێمی بەعس لە بەر خەڵكەكەش بووە چەكی كیمیایی بەكار نەهێنێ.

تاوانی رژێمی ئێران لە كارەساتی هەڵەبجەدا كەمتر نیە لە حیزبی بەعس، وەك وتمان ئەگەر گوێ لە ئاگاركردنەوەكەی رژێمی عێراق بگیرایەو جموجوڵی هێزەكانی بەعس و كشانەوەیان لە بەرچاو بگرتایە شاری هەڵەبجەیان داگیرنەكەكردو  حیزبی بەعس ئەو چەكەی بەكار نەدەهێنا، وە لەلایەكی دیكە ئەگەر رێگری لە خەڵك نەكرایە و كار ئاسانی بۆ رۆشتنی خەڵك لە شارەكە بكرایە، قوربانیانی ئەو كارەساتە بەو رێژەیە زۆر نەدەبوون.

لەگەڵ دەرد و ئازاری هەڵەبجە، دەردێكی دیكە ئەوەیە لە زۆربەی كارەساتەكانی بەسەر كورد و بەتایبەت كوردستانی عێراقدا هاتووە رژێمی ئێران سەرێكی مەسەلەكە بووە، بەڵام لەلایەن كوردەوە سووك و ئاسان چاوپۆشی لێ دەكرێ و لە جێی ئەوەی پەنجە بخرێتە سەر تاواكانی و دەوری نگریسی لە كارەساتەكاندا، بە پێچەوانەوە وەك پشتیوان و رزگاریدەر ناوی دەهێنرێ.

كارەساتی هەڵەبجە ئاكامی ملبەملانێی هەر دوو رژێمی عێراق و ئێرانە، بۆیە دروستر وایە كە هەموو لایەنەكانی ئەو كارەساتە گەنگەشە بكەین و تاوانبارە سەركیەكان دەست نیشان بكەین. چوونكە دەست درێژكردن تەنها بۆ یەكێك لە لایەنەكانی تاوان و چاوپۆشی لەلایەنێكی دیكە، خوێندنەوەیەكی نالۆژیكیانەی مەسەلەكەیە.

هەڵەبجە بۆتە ناسنامەی گەلێكی زۆرلێكراو و بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگری درندەیی و جینایەتی داگیركەرانی كوردستانە. 

كۆتا قسە ئەوەیە هەڵەبجە هەر ماوەو دەمێنێ و هیچ ترادیژیاو جینۆسایدێك بە چۆكیدا ناهێنی، بەڵكوو ئەوە دژمنانی ئەو گەلەن كە ئێستا جەهەندەم دوا مەنزڵگەیانە.
ڕێکه‌وت: 2016-03-16 13:29:58
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی