له‌سه‌رهێل 133
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
رێكەوتنی ئەتۆمی، كێشەی باڵەكان و پاشەكشە لە پیلانەكان تاكە چارەسەر رژێم!

 

لە دوای چەندین ساڵ بێنەو بەردە لەسەر بەرنامەی ناوكەیی رژێم، سەپاندنی چەندین بریارنامەی نێودەوڵەتی دژ بە چالاكی ئەتۆمی و ئابڵۆقەكانی ئەمریكا و ئوروپا تەنگیان بە رژێم هەڵچنی. ئەگەر چی لە پێشدا زۆریان پێداگری لە سەر ئەو بەرنامانە و دانانی خەت و نیشانی جۆراوجۆر دەكرد بۆ نەچوونە ژێر باری سیاسەتەكانی رۆژئاوا و ئەمریكا. بەڵام فشارە ئابووریەكان هەموو رێگەكانی لە دەسەڵاتداران بەتایبەت وەلی فەقیە گرت و ناچار بە هەڵدانی جامی ژەهر، و پێملی سیاسەت و ویستەكانی ئەمریكا بوو.

رێكەوتن لە سەر بەرنامەی ناوكەیی ئەگەر چی لەلایەن رژێمەوە زۆری هەرا نایەوە و كەوتنە وەعد و بەڵێن دان بە خەڵك كە بە ئازادبوونی پارە راگیراوەكان هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام نەك ئەو بەڵێنانە نەبوونە كردار، بەڵكوو وەك زۆرێك لە چاودێران پێشبینیان دەكرد بە ئازادبوونی ئەو پووڵانە رژێم باشتر هەوڵی دەستێوەردان لە ناوچەكە و هەوڵی پەرەپێدانی كێشە لە وەڵاتانی جیران، وە بەگشتی ناوچەكە دەدات.

ئەو خەت و نیشان كێشانەی سەرانی رژێم لەبارەی چارەسەری وەزعی خراپ و ئاڵۆزی خەڵك زۆری نەبرد، كە رژێم لە 18ی رەشەممەی 1394، دەستی دایە تاقیكردنەوەی چەندین مووشەكی بالستیك كە لە سەر راگرتن و كارنەكردن لە سەر ئەو بەرنامەیە پێشتر بەڵێنی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو. بۆیە بە تاقیكردنەوەی ئەو مووشەكانە، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هاتنەسەر خەت و ئەو هەنگاوەی رژێمیان بە پێشێلكردنی بریارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش لە قەڵەم دا.

وەڵاتی ئەمریكا، فەرانسە، ئینگلیس و ئاڵمان لەنامەیەكدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش داوایان كرد كە ئەو ئەنجومەنە سەبارەت بە تاقیكردنەوەی موشەكی 18ی رەشەممەی رژێمی ئێران كۆبێتەوەو لێكۆڵینەوەی لە بارەوە بكات. ئەو چوار لە نامەكەیاندا ئیشارەیان بەوە كردوە كە مووشەكە تاقیكراوەكان توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەیە و ئەو هەنگاوەش پێشێلكردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە.

چەند رۆژ دوای ئەو داوایە ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوویەوە، بەرنامە و تاقیكردنەوەی مووشەكی ئەو رژێمەی خستەبەر باس و لێكۆڵینەوە. هاوكات ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرەی ئەمریكا، داوایەكیان خستە بەردەم كۆنگرە بۆ ئەوەی وەك سزادانێك ئابڵوقەی توند بە سەر رژێمدا بسەپێنن. ئەم هەنگاوانە بوونە سەرەتایەك بۆ بەرەوروو بوونەوەی رژێم لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەنگاوانە بۆ رووبەروو بوونەوەی رژێم باراك ئوباماش ئابڵوقەكانی ئەمریكا دژ بە رژێمی بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كردەوەو ووتی: لەگەڵ ئەوەی كە رژێمی ئێران لەگەڵ وەڵاتانی 5+1 رێكەوتووە بەڵام ئابڵوقەكانی ئەمریكا دژ بە بەرنامەی مووشەكی ئەو رژێمە وەكوو خۆی دەمێنێتەوە.

ئەگەر چیی بە رێكەوتنی ناوكەیی ئاخوند رۆحانی و حكومەتەكەی كەوتنە بەر هێرشی راگەیاندنەكانی سوپای پاسداران و هەر كام لە باڵی توندئاژۆی نزیك لە خامنەیی بە جۆرێك قامكی تۆمەتیان بۆ رۆحانی رادەكێشا. بەڵام لە دوای هەندێ قسەی رۆحانی وەك پشتبەستن بە وتووێژ بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆیی و ناوچەیەكانی رژێم لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی. هەروەها پشتیوانی رەفسەنجانی لە رۆحانی بە ووتنی ئەوەی كە دونیای ئێستا دونیای مووشەك نیە و دونیای وتووێژە، كێشەی نێو باڵەكانی رژێم چووە قۆناغێكی نوێ.

ئاخوند خامنەیی بەشێوەیەكی كەم وێنە رەفەسنجانی لە سەر ئەو بۆچوونەی بە خائین تاوانبار كردو بەو قسانەی بەنزینی بە ئاگردا كرد. دوابەدوای خامنەییش موحسینی رەزایی ووتی ئەوانەی دەڵێن نابێ ئێران مووشەكی هەبێ ئیدعای دڵسۆزی بۆ خەڵك دەكەن، ئەوانە خەیانەتی ئاشكرا بە وەڵات دەكەن.

رەفسەنجانیش لە وەلامی ئەو قسانەدا 15ی خاكەلێوەی 95 ووتی: دەبێ قەدری ئەو خەڵكە بزانین. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو خەڵك دوو جار نیشانیان داوە كە چیان دەوێ. 

هەرچەند رۆژی چوارشەممە 18ی خاكەلێوەی 95 خامنەیی بۆ دڵدانەوەی رۆحانی كەوتە تاریف و بەسەردا هەڵدانی حكومەتەكەی رۆحانی و چەندین جار داوای هاودڵی و یەكگوتاری و یەكیەتی بەرپرسانی رژێمی كرد. بەڵام حەسەنی رۆحانی هاتەپێش و هێرشی كردە سەر تاقمی خامنەیی و دانیە بەر تانەو تەشەر و لە قسەكانیدا پەردەی لەسەر رێكەوتنەكە لاداو ئەوەی روون كردەوە كە رێكەوتنی ناوكەیی هەرچیە كە هەمووی بە پرسی خامنەیی كراوە.

ناوبراو هەروەها گووتی: ئەو دەرفەتەی بەرجام بۆ ئێمەی خولقاندووە هەمیشەیی نیەو ئەگەر خودای نەكەردە، خودای نەكەردە ژمارەیەكی كەم سەركەوتوو بن و رێگە نەدەن كەڵكی تەواو لەو دەرفەتە وەرگرین، هەلی وامان دەست ناكەوێتەوە.

یەكێكی دیكە لە نیشانەكانی دروست بوونی درز و فاسڵە لە نێوان باندەكانی دەسەڵاتداری رژێمی ئێران، قەرار وابوو رۆژی چوارشەممە 18ی خاكەلێوە خامنەیی دیدارێكی نەورۆزانە لەگەڵ سەرانی هەر سێ دەزگا (بەرێوەبەری، یاسادانان، دادوەری) ئەویش بە تێپەڕینی 18 رۆژە بەسەر جەژنی نەورۆزدا، بەڵام سەرانی ئەو سێ دەزگایە ئامادەی دیدارەكەی خامنەیی نەبوون. بە تەواوی روونە كە رۆحانی لە داخی قسەكانی پێشووتری خامنەیی تۆراوەو ئامادە نەبووە چاوپێكەوتن لەگەڵ ناوبراودا بكا. بەشداری نەكردنی بەرێوەرانی دوو دەزگاكەی دیكە بۆ پەردەپۆش كردنی توورەییەكەی رۆحانی بووە.

رژێمی ئێران بەو وەزعەی تێی كەوتووە، وەك خۆیان ئیشارەی پێ دەكەن یان دەبێ لە بەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوەستنەوە و درێژە بە بەرنامەكانیان بدەن. كە لەم بارەیدا خۆیان تاقیكردەوەو بەرگەی فشارە نێودەوڵەتیەكانیان نەگرت و ناچاربوون جامی ژەهر بنۆشن. 

لە لایەكی دیكە هەر وەك جان كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەحرەین ووتی: پاشەكشەی رژێم بە رێكەوتنی ئەتۆمی ناوەستێ، ئەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەیانەوەی ئەوەیە كە رژێم هەنگاو بە هەنگاو لە بەرنامەی دەستێوەردانی وەڵاتان و ناوچەكە و بەرنامەی مەترسیداری موشەكی بكشێتەوەو لە دوای ئەوانەش دەبێ گۆڕانكاری لە مەسەلەی مافی مرۆڤێشدا بكرێ. لەو بارەوە خامنەیی دەڵێ: داوامان لێ دەكەن دەست لە پشتیوانی گەلانی مەزڵومی ناوچەكە هەڵگرین، وە ئەگەر ئێمە وازلەوەش بێنین، دیسان ئەوان داوای دیكەی وەك وازهێنان لە بەرنامەی مووشەكی دێننە پێش و دەست هەڵناگرن تا دەگا بە گۆرانكاری بنەرەتی لە جمهوری ئیسلامیدا. 

قسەی كۆتایی ئەوەیە كە رژێمی ئێران ئەگەر چی حەزی لە زیادەخوازی و پاوانخوازیە لە ناوچەكە و هەوڵی بەرنامەی موشەكی و... دەدا بەڵام لە بەرانبەر هەر فشارێكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا پاشەكشە دەكەن و هەنگاو بە هەنگاو پێملی داواو ویستەكانی رۆژئاوا دەبن.

 
ڕێکه‌وت: 2016-04-13 18:26:09
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی