له‌سه‌رهێل 130
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ئێران گەورەترین زیندانى رۆژنامەنووسان!

 

رژێمى ئێران یەک لەو رژێمانەیە کە بەهۆی سەرکوت و گرتن و زیندانى کردنى رۆژنامەنوسان لەلایەن رێکخراوەکانى داکۆکی لە ئازادى ڕادەربڕین و چاپەمەنیەوە مەحکوم دەرکرێ و هەرجارە پێناسەیەک بە کار و سەرکوتگەریەکانى دەدەن.

رێکخراوى ڕاپۆرتدەرانى بێ سنوور لە نوێترین راپۆرتى خۆیدا رژێمى ئێرانى بەسەرکوتگەرترین رژێم بۆ ئازادى رۆژنامەنووسان ناودێر کردوە، وە لە باری ئازادی رۆژنامەنووسی لە نێوان 179 وەڵات رژێمى ئێرانی لە پلەی 169دا داناوە. ئەو رێکخراوە لەو بارەوە دەڵێ سنووردار کردنى چاپەمەنى لە ئێران، هەمیشە یەکێک لەو مەسەلانە بووە کە لەلایەن رەخنەگران و نەیاران و چالاکانى مافی مرۆڤەوە زۆرترین باسی لێوەکراوە. بەڵام بەرپرسانى رژێم رەتى دەکەنەوە کە رۆژنامەنووسان و چاپەمەنیان سنووردار کردبێ و دەڵێن ئەگەر چاپەمەنى یان رۆژنامەنووسان سنووردارکرابن بەهۆی ئەمنیەتیەوەیە. لەو بارەوە لە راپۆرتى ئەو رێکخراوەدا ئیشارە بە درۆیەکی یەکساڵ ونیو لەوەپێشی ئاخوند رۆحانى سەرەک کۆماری رژێم کردوە کە لە ئەمریکا ووتى: پێم وانیە لە ئێران کەسێک لە سەر رۆژنامەنووسی و چالاکی راگەیاندن گیرابێ.

ساڵی رابردووش کۆمیتەى پشتیوانى لە رۆژنامەنووسان کە دەفتەرەکەى لە نیۆیۆرکە سەبارەت لە هەل و مەرجی رۆژنامەنووسان لە ئێران و سیاسەتى رژێم لەو بارەوە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و نووسی: ئێران حەوتەمین وەلاتە بۆ سانسۆڕى راگەیاندن و سێهەمین زیندانى رۆژنامەنووسانە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە کە رژێمى ئێران لە گرتنى بەکۆمەڵ و هەرەمەکی بۆ سەرکوتکردنى نەیاران و وەدەرنانى رۆژنامەنووسان بۆ دەرەوەی ئێران کەڵک وەردەگرێ. ئەو رێکخراوە لە راپۆرتەکەیدا هەروەها دەڵێ: سزای زیندان یەکێک لە کاریگەرترین هۆی پەرەپێدانى ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانە لە ئێران. ئێران هەروا یەکێک لە گەورەترین زیندانەکان بۆ رۆژنامەنووسان و فشار و گرتن و سەرکوتى رۆژنامەنووسان لەو وەلاتە زیادی کردوە. بەپێى ئامارەکان زیاتر لە 27 کەس لە رۆژنامەنووسان و نزیک بە 50 وێبلاگنووس لە زیندانەکانى رژێمدان، هەروەها رژێمی ئێران پلەی یەکەمى جیهانى بەدەستهێناوە بۆ زیندانى کردنى راگەیاندنکار و رۆژنامەنووسانى ژن.

بە هۆی سیاسەتى سەرکوتگەرانە و گرتن و راوەدوونان لەلایەن رژێمەوە رۆژنامەنووسان مەجبورن وەلات جێ بێڵن و روو لە وەڵاتانى رۆژئاوایی بکەن. لەو بارەوە 3ی ئاوریلی 2013 رادیۆ فارسی سوئید بڵاوی کردەوە کە نیوەی ئەو رۆژنامەنووسانەى داوای مانەوە لە وەڵاتى سوئید دەکەن خەڵکی ئێرانن.

بەڵام سەرکوتى رۆژنامەنووسان لە ئێران تەنیا بە گرتن و سەپاندنى حوکمى زیندانى درێژماوە کۆتایی نایەت. بەڵکوو سیاسەتى رژێمى ئێران لە حاست رۆژنامەنووسان دەمکوت کردنى هەمیشەییانە، لەو بارەوە دەکرێ ئیشارە بەچەندین نمونەى وەکوو مەرزیە رەسوڵی، مەحسا ئەمرئابادی، نازەنین خوسرەوانى، بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی، عەلیرەزا رەجایی، ئەحمەدی زەیدئابادی و ماشەڵاشەمس لواعزین بکرێ کە هاوکات لەگەڵ حوکمى زیندان حوکمى بێ بەشبوون و قەدەغە بوونى کاری رۆژنامەنووسی و سیاسیان بە سەردا سەپاوە. ئەو رۆژنامەنووسانە باس لەوە دەکەن کە لە دوای تەواو کردنى حوکمەکانیان بەڵام هیچ رۆژنامەیەک رێگەی کارکردنیان پێنادەن بۆ هەمیشە لە کاری رۆژنامەنووسی لە ئێران دوور خراونەتەوە.

ئەم دۆخە بۆ رۆژنامەنووسانى کورد لە کوردستانى ئێران گەلێک قورسترە چوونکە رژێمى ئێران هەموو هەڵسوڕانێکی چاپەمەنى، ژینگەیی و کەلتووری لە کوردستان بەچاوی ئەمنیەتى دەبینێ. بەڵام بە هەوڵ و ڵیبڕانى رۆژنامەنووسان لە ناوخۆو لە هەر چوار پارێزگا کوردستانیەکە بە دەیان رۆژنامە بە زمانەکانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاودەکرێنەوە. کەم نین ئەو رۆژنامەنووسە کوردە هەڵسووڕانەی وەک محەمەد سەیق کەبودوەند، عەدنان حەسەنپوور، خوسەرو کوردپوور و ... کە لە سەر دەربڕینى نەزەراتیان لە کونجی بەندیخانە توند کراون و لە هەموو مافێک بێبەش کراون. 

 
ڕێکه‌وت: 2016-04-21 20:09:30
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی