له‌سه‌رهێل 119
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خۆراگری ئابووری تاکە دەرمانی ئاخوندان بۆ کیشە ئابوورییەکان

ماوەی چەندین ساڵە کە دۆخی ئابووری ئێران لە خەراپترین هەلو مەرجدایە و قەیرانە ئابرییەکان بەرۆکی وەلاتی ئێران و خەڵک و دەسەڵاتی گرتۆتەوە و بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەتە  ناتەباکانی ئاخوندان لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی دووردیمەنی چارەسەری کیشە ئابوورییەکان لێڵ و ناروون دیارە. قەیرانەکان بە رێژەیێک پەرەیان سەندووە کە خامنەیی هەموو سالێک ناوی ساڵ پێوەندیدار بە کەرتی ئابووری دیاری دەکات و لە ووتارەکانی دا بانگەشە بۆ خۆراگری دەکات.

ئەمساڵیش خامنەیی لە ووتاری نەورۆزی خۆیدا ناوی ساڵی نوێی 1395ی ناوە ساڵی (خۆراگری ئابووری ، هەنگاونان و کردەوە). 

ئەوە نەریتی ساڵانەیە کە خامنەیی وەک وەلی فەقیهی رژیمی ئاخوندی ناو و شیعارێک بۆ ساڵەکان دیاری دەکات و  گرینگی ئەو بابەتە و خوێندنەوەی شیعار و ناو نانەکە لەوەدایە کە دەکرێ لە رێگەی لێوردبونەو شیکاری ووتەکانی خامنەیی کێشە و قەیرانە جیددییەکانی رژیمی ئاخوندی بزاندرێ و ئینجا هەڵسەنگاندنێکیش بۆ رێگەکار و بەرنامەی دەربازبوون لەو تەنگەژانەی کە وەلی فەقیه پێشنیاری بۆ دەکا بکرێت و راستی و دروستی و تێچووییان مەزەندە بکرێ. 

هەروەک پێش بینی دەکرا ئەمساڵیش وەک یەک دوو ساڵی رابردوو هەروەک لە ناوەکەش را دەردەکەوێ قەیرانی ئابووری گەورەترین کێشەی بەردەمی رژیمی ئاخوندییە و لەگەڵ ئەوەشدا کە چەند ساڵی یەک لەدوای یەک باس لە زاڵبوون بەسەر کێشە ئابووریەکان دەکرێ بەڵام هەمدیسان قەیرانەکان نەک بەرەو کەمبوونەوە نەچوونە بەڵکو زیاتر و  زیاتر قوڵ دەبنەوە و دوورەدیمەنیش بۆ چارەسەری یەکجاری ئەو قەیرانە تا دێ کەمتر دەبێتەوە. 

بە پێچەوانەی چاوەروانیەکان کە وا هەست دەکرا بە رێکەوتنی رژیم لەگەڵ وەڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر بەرنامەی ناوکەیی ئیتر تەحریم و قەیرانێکی ئابووری لە ئێران بوونی نامێنێ بەلام ئەوەی راستی بێ هیچ ئاڵوگۆرێکی ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری ئێران بەرچاو ناکەوێ بۆیە ناسروشتی نییە کە خەمی گەورەی خامنەیی لەسەر قەیرانی ئابووری کۆ بووبێتەوە و دیوی راستەقینەی خەمەکەش نەک لەبەر بوونی باروۆدخی نالەباری ئابووری بەڵکو لە تەقینەوەی رقی چەندین ساڵەی خەڵک لەو دۆخە خەماوییە ئابووریەی ئێستای وەڵاتە کە دەسەڵاتدارانی تەنگەتاو کردووە. چوونکە وەلی فەقیهیش ئەوەندەی دەوڵەت و حکوومەت بۆ چارەسەری کێشەکان رادەسپێرێ و رێگەچارەی عەمەلی پێشنیار دەکات، زیاتر ئەوە خەڵک بانگهێشت دەکا بۆ سەبر و دان بەخۆگرتن و لە ژێر ناوی خۆراگری ئابووری بانگەوازی دەنگ لێوەنەهاتن و رازی بوونی خەڵک بە دۆخەکە دەکات.

خامنەیی جارێکی دیکە لە قسەکانیدا هەوڵی چەواشەکاریی و بە لارێدابردنی بیرورای گشتی داو بە  لێدانەوەی  قەوانە ناسراوەکەی جاران،  رژیمی ئێرانی بەریی کرد لە هەر جۆرە خەتاو تاوانێک و سەرجەمی کێشەکانی گەراندەوە بۆ دژمنی دستکردی خۆیان و بە تۆمەتبار کردنی ئەمریکا هەوڵی شاردنەوەی دەستە تاوانبارەکانی ناوخۆیی دا کە هۆکاری سەرەکین  بۆ وەدیهاتنی ئەو قەیرانە قوڵەی ئێستا کەبەرۆکی ئێرانی گرتووە .

خامنەیی بەشێکی بەرچاوی قسەکانی تەرخان کرد بۆ دەمەزەرد کردنەوەی تیغی دژمنایەتی کۆنی ئاخوندان لەگەڵ ئەمریکا و شکستی یەک لەدوای یەکی سیاسەتی دەرەوەی رژیمی نەشاردەوە و بە ئاشکرا ووتی کە ئێمە لە بەرجام و دانووستانەکان پاشەکشەمان پێ کرا و تەنازولمان کردوە. بە ووتنی ئەوەی کە دانووستان لەگەڵ ئەو وەڵاتانەی زلهێزن و لە سەرووشیانەوە ئەمریکا بە واتای ملکەچ بوون بۆ ویست و داواکانی ئەوان دێ. 

کە باس لەوە دەکرا بە تەنیا ئەو رێکەوتنە دەرگاکان بەرووی خەڵکی ئێران ناکرێتەوە ، خەڵکانێک هاواریان لێ بەرز دەبوویەوە کە ئەو بۆچوونە تەنیا بە مەبەستی دژایەتی و بە بێ هیچ خوێندنەوەێکی عەقلانی دەکرێ. ئەوەتا خامنەیی لە پەیامی نەورۆزییەکەشی دا ووتی خەراپمان کرد کە هات و هاوارمان لەسەر گرێدانی رێکەوتنکرد و ئەو پەیامەمان گواستەوە کە لەدوای ئەو رێکەوتنە هەموو قەیرانەکانمان چارەسەر دەبن، ئینجا ئەو بە زمانێکی تر و لە ژێر ناوی ئەوەی کە ئەمریکا بە شاراوەیی خەریکە پالەپەستۆمان دەخاتە سەر. 

ئەوە سروشتی رژیمی ئاخوندییە کە بە بێ دژمنی دەرەکی و بەستنەوەی نەهامەتیەکان بەو دژمنە خەیاڵیە، ناتوانن سیاسەت بکەن و لە راستی دا رووی راستی بابەتەکان بەو سیاسەتە ناسراوە دەشارنەوە. ئیتر لێرەدا هیچ باسی ئامانجە شوومەکانی ئاخوندان بۆ دروست کردنی چەکی ناوکەیی و بردنە پێشەوەی ئەو پرۆژەیە بە نەهێنی بۆ ساڵیانی ساڵ و بە کار هێنانی داهاتی نەتەوەیی و سەرمایەی خەڵک بۆ ئەو ئامانجە نگریسە و لەدوایش دا هەڵوەشانەوەی هەموو ریسەکان و کردنەوەی بە خوری ناکرێت و ئەوە دەبێ لە پێش چاوی خەڵک شاراوە بمێنێ و بیری خەڵکی لێ بە لارێدا ببرێ و کەس نەڵێ بۆ چی ساڵیانی ساڵ بە دزی و نەهێنی سەرمایە و داهاتی ئێران خەرجی ئەو بەرنامە شەرئەنگێزیانەیە کرا لە کاتێکدا کە خەڵک هەژارن و لە دۆخێکی خەراپدا دەژین و ئێستاش نابێ پرسیار بکەن کە ئەو گشتە پێداگرییە کرا و رۆژ لەدوای رۆژ باری تەحریمەکان قورستر کرا، بۆ وا بە سانایی پشت لەهەموو سیاسەتەکانی پێشوو کرا.

تراژیدی بوونی مەسەلەکە لەوەدایە کە زۆر شەرمەزارانە چاوەروانی ئەوە لە خەڵک دەکرێ کە بێ دەنگ بن و خۆراگر بن. مەبەستی سەرەکی خامنەیی لە ناولێنانی ئەمساڵ ئەوەیە کە خەڵکینە ئەمریکا درۆی لەگەڵ کردووین و ئێوە پێویستە بە خۆراگری ئابووری نەهێلن ئەمریکا هەست بەوە بکات کە ئێمە کێشەمان تووش بووە. ئەوە لە کاتێدایە چ لە دەسپێک و چ لە درێژەدان و چ لە کۆتایی پێهێنان پارادایمی خەڵک هیچ دەورێکی لە سیاسەتدارێژی ئاخونداندا نەبووە و بۆ هیچ کام لەو دۆخ و قۆناغانەدا گەرانەوەی بۆ رای خەڵک بوونی نەبووە. 

داوای دان بە خوداگرتن دەکرێ وەک بلیێ هۆکاری ئەو کارەساتە یەک لەدوای یەکانە خەڵک بووبن و ئێستاش پێویستە بۆ چارەسەر تێچووەکەی بدەن. 

لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رێگەچارەکانی دیکەی خامنەیی بۆ زاڵ بوون بە سەر قەیرانی ئابووری وەلات جگە لەوەی کە پێویستە خەڵک خۆراگر بن رێگەچارەێکن کە ساڵیانی ساڵە باسی لێوە دەکرێ و پێداگری لەسەر چارەسەر کردنی دەکرێ. باس لە کەم کردنەوەی هێنانەژوورەوە دەکات و یان خود باس لە گرینگی پێدان لە بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەناردەکردن و پێش گرتن لە گەندەڵی و ئیختلاس و قاچاخ دەکات. ئەو واقعیەتە کە کێشەکە ئەوە نەبووە ئەو خاڵانە تا ئێستا نەزاندراوە، بەڵکو پەنجەش خراوەتە سەری بەڵام جێبەجێ نەکراون. بازاری ئێران قۆرغ کراوە لە لایەن کەل و پەلی دەرەکی هەرزان و بێ نرخی چینی و بەرهەمە ناوخۆییەکان بە تەواوی لە ناو چوون و زیاتر لە 60 لەسەدی کارگە و یەکە پێشەسازییە بچووک و گەورەکان یان داخراون یان ئاستی کارەکانیان بە تەواوی دابەزیوە و ئیختلاس و وەلاخستنی پووڵ لە لایەن بەرپرسان و ئاغازادەکان و بەرێوەبەرانی سیستەم بە بەردەوامی روو لە زیادبوونە و سپای پاسداران تا هەنووکەش جگە لە دەست بەسەر داگرتنی بەشێکی بەرچاو لە کەرتی ئابووری بە قاچاخ و هاوردەکردنی کەل و پەلی دەرەکی و سەرپەرشتی کردنی ئەو موعامەلاتە بە تەواوی پشتی ئابووری ئێرانی شکاندووە . خامنەیی باس لەوە دەکات کە پێویستە ئەو پوولانەی لە وەڵاتانی دەرەوە ئازاد دەکرێن و دەگەرێنەوە بۆ ئێران لە کاری بەرهەمهێنان و باش دا هەزینە بکرێن بەلام کەس نییە لێی بپرسی بۆ مەگەر لە بەر تێچووی شەری سوریا و ئاژاوە دروست کردن لە باقی وەلاتان پووڵێک دەمێنیتەوە لە کاری باش و بەرهەمهێنان دا سەرف بکرێ. 

لە حەقیقەت دا تەنیا لایەنی نەسیحەتەکانی خامنەیی رووی لە خەڵکی هەژار و بەڵالێدراوی ئێرانە کە چاوەروانی ئەوەی لێدەکرێ لەبەرانبەر هەموو ئەو ناعەداڵەتی و جینایەتانەی دەستی ئاخوندی دا خۆراگر بێ و بێدەنگی هەڵبژیرێ ئەگینا مەبەست چارەسەر کردنی ریشەیی کێشە ئابوورییەکان نییە و رووی دەمی خامنەیش لە سیستەمی دەسەڵات کە خۆی لە لوتکەی هەرەمەکەدا پاڵی لێداوەتەوە نییە.
ڕێکه‌وت: 2016-06-15 17:28:11
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی