له‌سه‌رهێل 101
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خەباتی نەتەوەيی شۆرشگێرانەو فرەرەهەندە!

کورد لە ماوەی دەسەڵاتی دوو رژێمی پەهلەوی و ویڵایەتی فەقیە، بەردەوام لە مەیداندا بووەو وەک نەتەوەیەکی سیاسی و مەسئولیەت پەزیر عەمەلی کردوەو لە بەرامبەر هەنگاوە سەرکوتگەریيەکانی هەردوو حکومەتدا راوەستاوەو لە پێناو کۆتایی هێنان بەو سیاسەتانە و ئاسۆیەکی روون خەباتی کردوە، ئەگەر چاوێک لە هەنگاوەکانی ئەو نەتەوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بکەین، دەبینین لە هەلومەرج و رووداوەکاندا بێ تەفاوەت نەبووەو لە بەرامبەر هەر کردارێکدا پارچەکرداری هەبووە، وە دەستەوستان نەبووە. 
لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا کە دەسەڵاتداران لە ئێراندا سیاسەتی نکۆڵی و حاشالێکردنیان پەیرەو کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر تاکتیکیان بەکار هێناوە بۆ دەستەمۆ و پێمل کردنی، بەڵام کورد دیسان توانیویەتی وەک نەتەوەیەکی شۆرشگێر  لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رژێمی داگیرکەردا عەمەل بکات هەر ئەم لایەنە، کوردی وەک نەتەوەیەکی تایبەت و جێ بایەخ چ بۆ وەڵاتانی ناوچە و چ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چ لە نێو ئۆپوزسیۆنی ئێرانی نیشان داوەو ئەوەش هۆی سەرەکی بووە کە لە مەسەلەکانی تایبەت بە ئێران حیسابی تایبەت بۆ بزوتنەوەی نەتەوەی کورد بکرێ. لەلایەکی دیکە رژێمی ئێران لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا هەندێ تاکتیکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کورد وانیشان بدا کە لە پرس و پرۆسەکانی رژێمدا بەشداری هەیەو بە گشتی لە ئیدارەدانی سەهمی هەیە و جیاوازی لەگەڵ نەکراوە. بەڵام کورد جیاواز لەوەی هەر لەسەرەتاوە نیشانی دا کە بەو زێهنیەتەی  دەسەڵاتدارانی ئێران هەیانە، ناچێتە پرۆسەی سیاسی ئەو وەڵاتەو، ئەو سیستەمەی لە بناغەوە رەدکردەوە. ئەگەر چی رژێمی ئێران بە زەبری زۆر توانی کوردستان داگیربکاتەوە بەڵام رژێمی ویلایەتی فەقیە نەیتوانیوە لە کوردستاندا خاوەن پێگەیەکی واقعی بێ، وە لە دوای سیاسەتی قڕکردن و سەرکەوت لە کوردستان، نەتەوەی کورد زیاتر نامۆیی لەو رژێمە کردوەو بەو باوەڕە گەیشتووە کە هیچ کام لە ویست و داواکانی لەو سیستەمەدا رەنگی  نەداوەتەوە. ئەو رژێمە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدەسەڵاتداری خۆیدا کەمترین رێزی نەک هەر بۆ داوا سیاسی و حقوقیەکانی کورد نەبووە بەڵکوو هیچ رێزێکی بۆ مافە ئینسانیەکانی کوردیش نەبووە.
هەر وەک پێشتر ئیشارەی پێ کرا یەکێک لە رەهەندەکانی خەباتی کورد بەشداری نەکردنە لە پرۆسەکانی بەناو هەڵبژاردن و هەر لە سەرەتاوە ئەو پرۆسانەی بە شانۆگەری زانیوەو پێی وانەبووە کە پەیوەندیان بە داوا سیاسیەکانیەوە هەبێ. له ئێستادا ئەو بۆچوونە دروست بووە کە بایکوت و ئەو مەرزبەندیانە لەگەڵ رژێم بە هەڵە دەزانێ‌ و بزوتنەوەی کورد بەوە تۆمەتبار دەکا کە کورد فێری بێ تەفاوەتی دەکا لە حاست رووداوەکان. ئەم بۆچوونەم پێ ناواقعیە چوونکە خودی هەڵوێستی بایکوت کردن شکست پێ هێنانی ئەو پرۆسانە بەشێکە لە خەباتی نەتەوەکەمان و بە هیچ شێوەیەک نیشانەی بێ تەفاوتی نیە بەڵکوو هەڵوێستێکی سیاسی رەق و توندە بۆ رژێم و هەمیشە رژێم ترسی گەورەی لەو هەنگاوەی کورد هەبووە کە پەلبکێشێ بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران.
لەو بارەدا ئێمە دەبێ کەم و کوڕەیەکانی خۆمان دەست نیشان بکەین کە لە راستیدا رەخنەمان لەسەرە کە بەجیددی وە بەو شێوەی پێویسته کارمان بۆ شکستی پرۆسەکانی رژێم لە کوردستاندا نەکردوە، لەکاتێکدا ئەو سیاسەتی بایکوت دەخوازێ لە ناو کۆمەلانی خەڵکی کوردستاندا بە شێوەی جۆراوجۆر کاری بۆ بکەی و چەند میکانيزمێک  بگرینە بەر بۆ فەشەل پێ هێنانی پرۆسەکەو تا رێگەگرتن لە بەرێوەچوونی لە کوردستاندا.
بەپێچەوانەی تەبێعەتی خەباتی سێ دەیەی رابردوو، باسی نەتەوەی کورد لە پرۆسە سیاسیەکان لە ناوخۆی ئێران هاتۆتە پێش، هەر ئەوانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرەککۆماریدا پێیان وابوو رۆحانی لە کوردستاندا کاری گەورەو بێ پێشوونە دەکاو هەموو یەکە ئیداریەکان دەداتە دەست کورد و جۆرێک لە کرانەوەی سیاسی لە ناوچە کوردیەکاندا دێتەئاراوە، کە ئەم بۆچوونە هەڵە لە ناو سیاسیەکانی باشووری کوردستانیشدا رەنگی دابۆوە و هیوایەکی زۆریان لە سەر هەڵچنیبوو. بەڵام وەک بینیمان بە سەرکەوتنی رۆحانی ئەو قسانە بوونە بڵقی سەر ئاو و  لە دوای دەست بەکاربوونی تەنانەت کوردێکی سەربە حکومەتەکەی خۆیان بە شیاوی ئەوە نەبینی بۆ ئوستانداری ئوستانی کوردستان دیاری بکرێ.
باسێکی دیکە هەڵبژاردن و بەشداری بەربڵاوی خەڵکی کوردە لە ورمێ و ئەو شارانەی کوردو ئازەری تێدا دەژین و بەشداری لە بەرێوەبەری ئەو شارانە یەکێکی دیکەیە لە هەڵەکانی ئەو بۆچوونە، رژێم بە کەڵک وەرگرتن لە ناوکۆکی نێوان ئەو دوو نەتەوەو پشتیوانی کردنی سیستەماتیک لە ئازەریەکان، کار بۆ پاکتاوی ئەو ناوچە کوردستانیانەوکەمرەنگ کردنەوەی کوردستانی بوونیان دەکا. هەتا ئەو رژێمە و ئەو سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەییە بوونی هەبێ هەڵەی کوشەندەیە وەک نەتەوە بچینە رقابەتێکەوە کە زەرەرەکەی بۆ کوردە. چونکە بەهەر حەرەکەتێکی کوردی لەو ناوچانە پیلانی دژمنان بۆ وەدەرنانی زیاتری کورد بەهێزتر و خێراتر دەبێ. باشترین رێگە بۆ پەکخستنی ئەو پیلانانەی رژێم تەعاوملی دروست و ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوەی ئازەريه لە ئێستادا.
کۆتا قسە ئەوەیە با خوێندنەوەی دروست و واقعی بۆ هەڵوێستەکانی رابردوو بکەین و لە سەنگ و قورساییان کەم نەکەینەوە، با نەتەوەی کورد نەبەینە پرۆسەیەک کە ساڵانێکی زۆرە بە هی خۆی نەزانیوەو رەتی کردۆتەوە، بەڵکوو درێژە بەو بەرنامەیە بدەین کە نەتەوەکەمان رژێم و بەرنامەکانی، بە نامۆ لە خۆی دەزانێ‌ و لە بەرامبەریاندا زیاتر لە سێ دەیەیە خەبات دەکا. بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە کە پێی وایە بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی ئێستای ئێران نیشانەی کارا کردنی کۆمەڵگەی کوردستانەو دەرچوونە لە بێ تەفاوەتی لە حاست مەسەلەکان، پێم وایە بەهێزکردنی خەباتی فرەرەهەندی شۆرشگێرانە لە بەرامبەر ئەو رژێمە باشترین بژاردەیە کە نەتەوەکەمان دەتوانێ‌ سەرکەوتنی تێدا بەدەست بێنێ
ڕێکه‌وت: 2016-06-16 17:51:12
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی