له‌سه‌رهێل 114
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ئاگری شەڕی رژێم بەرەو كوێ؟!

 

 

 

...بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و رووخانی چەندین وەڵاتی دیكەی وەك تونس و میسر و لیبی و یەمەن بەربەستەكانی بەردەم پەلهاویشتنی رژێمی ئێران كەمتر بوونەوە، هاوكات بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی جوڵاندنی شیعەكانی عەرەبستان و كوەیت و بەحرەین دەداو هانیان دەدا كە دژ بە دەسەڵاتی ئەو وەڵاتانە راوەستن، وە ئەو هەوڵانەی رژێم بە دەیانجار لەلایەن دامودەزگاكانی ئەو وەلاتانەوە لەقاو دراوە.

ئەوەی بۆ رژێمی ئێران لەو ماوەدا قورس و گران كەوت سەرهەڵدانەكانی خەڵكی سوریە دژ بە حكومەتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی رژێم بوو  لە ناوچەكەدا، كە وەك دەبینین بۆ مانەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریە رژێمی ئێران بە ماڵ و گیان شانی دا بەر ئەو شەرە، هۆی ئەو پێداگریانەی رژێم بۆ پشتیوانی لە حكومەتی سوریە ئەوە بوو كە بەپێچەوانەی باقی وەڵاتانی عەرەبی وەڵاتی سوریەی زۆرینە سونی لەلایەن كەمینەی عەلەوی لایەنگری رژێمی ئێرانەوە ئیدارە دەكرێ و بەكەوتنی ئەو دەسەڵاتە بەربەستێكی گەورە دروست دەبێ لەبەردەم بەرنامە و سیاسەتەكانی رژێمی ئێران، ئەو بەربەستە دەبێتە هۆی ئەوەی رژێم وەك رابردوو دەستی بە شیعەكانی باشووری لوبنان نەگاو پێگەی لەو ناوچەیە لاواز بێ كە بۆ 35 ساڵ دەچێ سەرمایەگوزاری لەسەر دەكا.

لە دوای ئەوەی حەسەنی رۆحانی بووە سەرەككۆمار، یەكێك لە پروپاگەندەكانی سازكردنی پەیوەندیەكی باش بوو لەگەڵ وەڵاتان، بەتایبەت وەڵاتانی ناوچەكە، بەڵام بەكردار راست پێچەوانەكەی هاتەدیی، لەگەڵ بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتەكانی پێشوو، چەندین كێشەی نوێی لەگەڵ وەلاتانی دیكەی وەك عەرەبستان و یەمەن و ئێستاش بەحرەین سازكردووە و لە یەمەن لە رێگەی پشتیوانی لە حوسیەكان شەڕی حكومەتی یەمەن و عەرەبستان دەكا و هانی شیعەكانی عەرەبستان دەدا لە دژی دەسەڵاتی ئەو وەڵاتە راپەڕن و لە دوای ئێعدامی شێخ نمر النمر، رژێم پەلاماری سەفارەت و كونسولخانەكانی ئەو وەڵاتەی لە ئێران داو پەیوەندیەكانی هەر دوولا تا دێ خراپتر دەبێ.

هەروەها لە دوای بڕیاری حكومەتی بەحرین بۆ لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی بوون لە ئاخوند "عیسا قاسم" ی لایەنگری رژێم، بە تاوانی هاندانی خەڵك لە دژی حكومەتی ئالی خەلیفەی ئەو وەڵاتە، رژێمی ئێران كەوتە هەڵوێست گرتن و هەڕشە كردن لە دەسەڵاتدارانی بەحرەین.

ئەگەر چی خەڵكی بەحرینی زۆرینە شیعە مافی خۆیانە داوای مافەكانیان لە دەسەڵاتدارانی ئەو وەڵاتە بكەن، بەڵام ئەوەی لۆپی باسەكەیە دەستێوەردانی رژێمە لەو وەڵاتە و هەڵدانی بۆ رووخانی ئالی خەلیفە و دامەزرانی حكومەتێكی شیعەی نزیك لە خۆیەتی. 

لەو بارەوە ئەوەی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو راگەیەندراوی پاسدار قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی رژێم و راگەیەندراوی سوپای پاسداران بوو، كە تیایدا پاسدار سلێمانی هەڕەشە لە دەسەڵاتدارانی بەحرین دەكاو خەڵكی بەحرەین بە موسڵمان و چەوساوە پێناسە دەكا، كە ساڵانێكی زۆرە لە ژێر فشار و زۆری دەسەڵاتدارانی بەحرەین دا دەچەوسێنەوە.

راگەیەندراوەكەی قاسمی سلێمانی و سوپای پاسداران لەسەر مەسەلەی بەحرەین دەكرێ دوو خوێندنەوەی بۆ بكرێ، یەكەم ئەوەی كە لە ناوچەكەدا ئەوە حكومەت نیە كە سیاسەتی دەرەوە دادەرێژێ‌ بەڵكوو سیاسەتی دەرەوە لە ژێر هیژموونی سوپای پاسدارانی رژێم و بە دیاری كراویویش باڵی دەرەوەی ئەو هێزە ترۆریستیە دایە، حكومەت و هەنگاوەكانی لەو چوارچێوەدا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ترۆریستی قودس سەركەوتوو نابێ و لە راستیشدا حكومەت دەورێكی رووكەش دەبینێ. 

دووهەم ئەوەی كە لای دەسەڵاتدارانی رژێم موسڵمان و چەوساوە تەنیا شیعەكانی بەحرینن و رێگەی سەركەوتنیشیان بە راپەرینێكی شیعەكان و بە پشتیوانی هێزێكی شیعەی لایەنگری رژێم دەكرێ! لە حاڵێكدا ئەگەر پێچەوانەكەی بێ و رازی بە رژێمی ئێران نەبن یان بەجۆرێك نافەرمانی ئەو دەسەڵاتە بكەن بە دەردی "محمود ئەلحەسەنی ئەلسەرخی" مەرجەعی شیعەكانی عێراق لە كەربەلا دەچن. لە ئاكامی ئەم باسانەدا زۆرجار ئەو پرسیارانە دەوروژێن كە رژێمی ئێران بەوشێوە سەرسەختانە خۆی بەداشداری شیعە دانەنێ، چیی بۆ شیعەكانی ئێران كردوە؟ ئایا حاڵ و گوزەرانی شیعەكانی ژێر دەسەڵاتی ئالی خەلیفە و ئالی سەعود باشترە یان ژیان و گوزەران و ئازادی شیعەكانی دیلی رژێم لە ئێران؟ ئایا عێراق نمونەیەك نیە بۆ حكومەتی شیعەی لایەنگری رژێم، خەڵكی باشوور عێراق ژیانیان باشترە یان شیعەكانی كوەیت؟

بە خوێندنەوەیەكی كورتی ئەو باسە بەو راستیە دەگەین كە رژێمی ئێران رژێمێكی مەترسیدارە كە تەنیا و تەیا بیر لە دەسەڵات و مانەوەی خۆی دەكا، لەو پێناوەدا ناچەكەی نوقمی شەڕ و كێشەی تائیفی كردوە بەبێ ئەوەی خزمەتێكی بە خەڵكی شیعەی ناوچەكە كردبێ،  بێ گوومان هەتا رژێمی ئێران هەبێ و سنوورێك بۆ زیادەرەوییەكانی دانەنرێ ئەم ئاگرە هەر تەشەنە دەكاو ئەو هەرەشە و گورەشانەی لەلایەن سوپای قودس و سوپای پاسداران و باقی دەسەڵاتدارانەوە لە بەحرەین دەكرێ، ئەوەمان پێ دەڵێ كە ئەگەر رێگری لە دەسەڵاتدارانی ئێران نەكرێ ئەوە كێشەیەكی دیكەی ماڵوێرانكەر بەرێوەیە. ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە تا سەر رژێمی ئێران ناتوانێ‌ لە ناوچەیەكی ئاژاوە لێدراودا بە ئارامی بمێنێتەوە بەڵكوو لە داهاتوویەكی نزیكدا خۆیشی لەو باتڵاقەدا رۆدەچێ و ئاگری ئەو شەڕەی سازی كردوە بە ناخیدا دەچێتەخوار.
ڕێکه‌وت: 2016-06-30 17:07:30
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی