له‌سه‌رهێل 135
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
داهاتووی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرەو كوێ؟!

 شكستی ئاخوندان و پەرەپێدانی فەرهەنگی دواكەوتوویان لە كەس شاراوە نیە. وە ئەو شكستە بۆتە دەستمایەی شەڕی  نێوان تاقمە دەسەڵاتدارەكانی رژێم. نوێترین قسە لەو بارەوە، پاسدار عەلی جەنەتی وەزیری ئیرشادی رژێم، هێرشی كردە سەر ئاخوندەكانی قوم و تێكڕای ئاخوندانی تاقمی رەقیب و گووتوویەتی: ئێمە 50 هەزار كەس عالمان لە قوم هەیە و هەزاران عالمی دیكەمان لە سەرانسەری وەڵاتدا هەیە كە لە حەوزەكاندا خەریكی خوێندنن، ئەی بۆ وەزعیەت بەو شێوەیە؟ ئێمە كە نزیكی 800 خەتیبی جومعەمان لە وەڵاتدا هەیە كە هەموو حەوتوویەك بانگەشەی خەڵك دەكەن بۆ چاكە، یان لە هەموو مزگەوتەكاندا كەسانێك پێشنوێژی دەكەن و هان و رێنوێنی خەڵك دەكەن. ئەی ئەوانە چی دەكەن؟ (مەڵپەرێكی حكومەتی 4ی گەلاوێژی 1395)

ئەو كاربەدەستەی رژێم ئیعتراف بەوە دەكات كە وەزعیەتی فەرهەنگی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئاخوندان، نە تەنیا بەدڵی خودی ئاخوندان نیە بەڵكوو بە دڵی كۆت و شەرواڵ لەبەرەكانی ئاخوندان وەك عەلی جەنەتیش نیە، وە ئێستا خەریكە ئەوە دەكاتە لۆمەیەك و دەیخاتەوە بەردەم ئاخوندان. ناوبراو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا  ئیشارە بە دامەزراوە و بوجە زۆرەكانی وەزارەتی ئیرشاد دێنێ و دەڵێ: زیاتر لە 70 لەسەدی بوجەی فەرهەنگی وەڵات لە بەردەستی ناوەندەكانی ئوسولگەرا دایە كە لە ژێر ناوی جیاجیادا بوجەیەكی زۆریان بۆ خۆیان تەرخان كردوە، وە وەڵام دەرەوەی هیچ ناوەندێكیش نین. 

هەر ئەو كاربەدەستە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ ئەوەی زەربەیەكی قاییمتر لە تاقمی بەرامبەری بدات، ئیعتراف بە شتی گەورەتر دەكاو دەڵێ: كاتێك كە راپەرینمان كرد، ئامانجی ئێمە ئەوە بوو كە حكومەتێكی ئیسلامی دامەزرێنین بۆ ئەوەی بە كۆمەڵگەیەكی ئارام و ئەمین بگەین و لەلایەنی ئابووریشەوە پێشكەوین و جیاوازی چینایەتی كەمتر بێ. ئەوانە ئامانجی ئێمە بوو. بەڵام ئەوەی ئەورۆ لە كۆمەڵگەدا دەیبینین  لە ئامانجەكانمان دوورە و ئەوەش ئاكامی كارەكانی ئێمەیە.

بێ شك ئەوە نەتیجەی كاری تێكڕای دزانی دەسەڵاتدارە لە ئێران. ئەو رۆژەی راپەرینی دژی پاشایەتی كە بە رەنج و فیداكاری رۆڵەكانی وەڵات و ئامادەبوونی ملوێنی جەماوەر لە شەقامەكان سەركەوتنی بەدەست هێنا، جوێ لە ئازادی ئامانجێكی دیكەی نەبوو. بەڵام دێومەزمەیەك بە ناوی خومەینی هاتوو  بەری راپەرینەكەی دزی. ئەو دزە گەورەی كە لەگەڵ خۆیدا رەوە دزێكی كردە دەسەڵاتدار، ئەو دزانەی ئەورۆ فیشی حەقدەستی مانگانەیان بۆتە وێردی سەر زمان.

راستیەكەی ئەوەیە كە فەرهەنگی دواكەوتووانەی ئاخوندان لە نێو لاواندا جێگەی نابێتەوە، وە هەر چەندە تاقمەكانی رژێم بەسەر و كەللەی یەكتردا بكوتن، دەردێكیان لێ دەوا ناكا. ئەنجامی ئەو شەڕ و كێشەی باندەكانیش، روون بوونەوەی زیاتری دزی و غارەتی زیاترە، ئەو شتەی كە دەبێتە هۆی كڵپە كردنی توورەیی جەماوەری ئێران و لاوانی ئازادیخوازی ئەو وەڵاتەو راماڵینی دەسەڵاتی دزان و رووخانی كۆشكی گەندەڵیی ئاخوندان.
ڕێکه‌وت: 2016-07-29 17:10:12
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی