له‌سه‌رهێل 117
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
سەرنجێك بۆ دۆخی رژێمی ئێران!








رۆژی 25ی جۆزەردانی 1395، پاسدار حەسەنی فیروزئابادی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەواڵدەری "فارس"ی سپای پاسداران هێندێ قسەی كرد كە هەركامی دەرخەری دۆخی شێواوی ناوخۆيی رژێمە.

ناوبراو وتی: چەندین ساڵە توانای كاركردنی نەماوە، وه بە دیاری كراوی 12 ساڵە داوای وازهێنانی كردوە، بەڵام خامنەیی قەبووڵی نەكردوە. 

هەر بیسەرێكی ئەو قسە یەكەم پرسیارێك كە بۆی دروست دەبێ ئەوەیە كە، پیاو نەماوە، پاسدارێكی دیكە نەبوو لە جێی دا دانێن؟ ئەویش لە رژێمدا كە وەك خۆیان دەڵێن زیاتر لە 300 هەزار ئەندامی سپای پاسدارانیان هەیە!؟

خاڵی دووهەم لە قسەكانی ناوبراودا دەرخەری بێ باوەری و بوونی باندبازیە لە ناو رژێم و دەڵێ: 4 ساڵە كە جێگرەكەی "پاسدار محەمەد حوسێن باقری" كارەكانی رادەپەڕێنێ و خۆی تەنیا چاودێری دۆخەكە دەكا!

خاڵێكی گرینگی دیكەی قسەكانی پاسدار فیروزئابادی ئەوەیە كە پاسدار محەمەد حسین باقری، یەكێكە لە جینایەتكارترین پاسدارەكان كە هەر لەسەرەتای كوردكوژی رژێم لە كوردستان و پەلاماری كوردستان بەشداری هەبووەو دەورێكی كاریگەری هەبووە لەو تاوانانەی رژێم لە كوردستاندا خولقاندوویەتی، دوای ئەوەش فەرماندەی ئیتلاعات و عەمەلیاتی سپا بووە كە دەوری سەرەكی هەبووە لە كۆمەلگوژی دەیەی 60 لە شارە جیاجیاكانی ئێران و سەركوتی موجاهیدین و تێكۆشەران و ئازادیخوازانی ئێران. هەروەها برای بچوكی پاسدار حەسەنی باقری جێگری فەرماندەی هێزی پیادەی سپا لە شەڕی 8 ساڵەی خومەینی بوو كە هەر لەو شەڕەدا كوژرا.

قسەكە ئەوەیە كە وەها پاسدارێك بەو رابردووەی كە هەیتی و لە خانەوادەیەكی وەهایە، ئەوندە جێی باوەڕ نیە كە دەبێ چوار ساڵ جێگری كەسێكی دیكە بێ تا ئەوەی كە فەرماندەكەی لە پێ بكەوێ ئەوجا رێگەی پێ بدرێ وەك فەرماندەی ناوەندی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی رژێم، لەلایەن خامنەییەوە دیاری بكرێ!

ئەو داستانە دۆخی داروخاوی ناوخۆی رژێم و بەتایبەت دەزگا گرینگەكانی نیشان دەدا.

قسەیەكی دیكەی پاسدار فیروزئابادی لە وتووێژەدا، دەربڕینی خوڵامی خۆی بۆ خامنەیی بە پەڵاماردانی رەفسەنجانی بوو، كە ئەوەش جێی سەرنج و بایەخە، سەرۆكی ناوەندی هاوبەشی هێزە چەكدارەكان كە ئەندامی كۆڕی لێكدانەوەی بەرژەوەندی نیزامە و لە ژێردەستی رەفسەنجانی دایە، لە كاتێكدا دەیەوێ خانەنشین بكرێ، وەك قسەی كۆتایی و نەسێحەتیش بووە، وەك راوێژكاری خامنەیی دەبێ سەرەتا لەگەڵ رەفسەنجانی دا سنووربەندی بكا، نەوەك رۆژێك ئەم لەكار كەوتووەش بۆ لای خۆی راكێشێ!

خاڵێكی دیكەی قسەكانی ئەو پاسدارە، سەبارەت بە سەرۆك كۆماری رژێمەو هەموو شتێكی ژێر بەڕە دەخاتە سەڕ بەڕە، ئەویش دەور و نەقشی رۆحانی و خاتەمیە لە رووداوەكانی 88 و 78، هەرچەند خەڵكیش ئەم راستیە باش دەزانن بەڵام بیستنی ئەم قسانە لە زمانی سەرۆكی ناوەندی هابەشی هێزە چەكدارەكانی رژێم شتێكی دیكەیە!

هەروەها ناوبراو لەو دیمانەدا قسەگەلێكی دیكەی كردوە كە كەمتر نین لەوانەی سەرەوە، بۆ نمونە بێ پێشەكی ئیچخەی مەجلیسی رژێم دەگرێ و دەڵێ: مەجلیس ناتوانێ‌ بە پێچەوانەی ویستی ئاقا! "خامنەیی" قانوون پەسەند بكات! ئەو قسە لەكاتێكدایە كە لە رژێمی ئێراندا تەواوی نوێنەرانی مەجلیسەكەی لە فیلتەری ئەنجومەنی چاودێری و دەیان ناوەندی ئەمنیەتی و سەركوتگەرەوە دەبێ تێپەڕن.

ئەو قسەی فیروزئابادی ئەرۆكە روون دەبێتەوە كە مەجلیس دەیەوێ دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی چاودێری كەم كاتەوە و پەل و پۆی جەنەتی هەڵوەرێنێ. ئەوەش یانی ئەوەی كە مەجلیس بە قازانجی رەفسەنجانی لە قەپۆزی خامنەیی دەدا.

قسەكانی پاسدار فیروزئابادی دۆخی رژێم و شەڕی نێوان تاقمەكان و ئەو رووداوانەی لە پشتی پەردەوە روودەدەن نیشان دەداو پێویستە جار جارێك سەرنجێكی دۆخی رژێم و رووداوەكانی پشتی پەردەو بگرەو بەردەی ئاخوندان بدەین.

ڕێکه‌وت: 2016-10-19 13:14:04
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی