له‌سه‌رهێل 88
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پێشێلكاری و گرتنی هاوڵاتیانی كوردستان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە








دەستبەسەركرانی هاوڵاتیەكی مەریوانی لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە

خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی هەنگاو، لەماوەی رۆژانی رابردوودا هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی “سۆران رەشیدیان” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژێم لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە سۆران رەشیدیان لەکاتی گەڕانەوە لەباشووری کوردستان و لەخاڵی سنووری باشماخ دەستبەسەر کراوە.

سۆران رەشیدیان پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران بووە و لەماوەی رابردوودا بەردەوام لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لەژێر زەخت و فشاردا بووە.

زیندانیەكی سیاسی كورد لە دۆخێكی خراپدایە

خەباتمێدیا: بەپێی هەواڵەكان چەنگیز قەدەم‌خەیر، بەندکراوی سیاسیی کورد کەلە زیندانی “مەسجد سلێمان” ڕاگیراوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تووشی ئازاری پا بووە بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندان رێگەی دەرمان و چارسەری پێنەدراوە.

جێگەی باسە لە کاتی دەستگیركرانی ئەو زیندانییە کوردەدا، گوللەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە دکتۆری زیندان چەندین جار وریایی داوە بەڵام بەرپرسانی زیندان بێ دەربەست بوون هەر بۆیە “چەنگیز قەدەم خەیر” گورچیلەکانی تووشی هەوکردن بوون و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکیی تایبەتی هەیە.

بەپێی راپۆرتێک کە “کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی” بڵاوی کردووەتەوە، ئەو زیندانییە کوردە ئێستا بە دژواری نان و تەنانەت ئاویش دەخواتەوە.

چەنگیز قدەم خەیر، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تاوانی محاربە  ” بەرەنگاربوونەوەی خودا و تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسدارن” لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سنە دەستگیرکراو دواتر بە هەمان تۆمەت و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران، لە دادگای رژێم لە شاری سنە، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی شاری مەسجد سولەیمان، مەحکووم کرا.

دەستگیركردنی هاووڵاتییەکی کورد لە دێولان

خەباتمێدیا: بەپێی راپۆرتی كەمپینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، رۆژی دووشەممە ٢٦ی رەزبەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی شاری دێولان بەناوی “سەعدی خالیدیان” لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی رژێم لە شاری دێولان دەستگیرکرا.

 هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و هەروەها بەبێ هەبوونی مۆڵەت چوونەتە سەر ماڵی ئەو کەسە و دەستبەسەریان کردووە.

ناسنامەی ٣ کەس لە گیراوانی کامیاران ئاشکرا بوو

خەباتمێدیا: بەپێی راپۆرتی گەیشتوو لەماوەی رۆژانی رابردوودا نزیک بە ٢٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە سەركوتگەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات رژێمی ئەو شارەوە دەستگیرکراون.

ناسنامەی سێ کەس لەو کەسانە بەناوەکانی حەسەن قوربانی، حەیدەر قوربانی و حوسین روحانی ، کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر، دەستبەسەر کراون، ئاشكرا بووە.

ئەو هاووڵاتییانە سەرجەمیان خەڵکی گوندەکانی تەختی زەنگی، پەشاوا، وێزیەر و بزوەشی شاری کامیاران بوون کە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی رێژیم بەناوەکانی جەبار ئیبراهیمی و سدیق ئەمینی لە گوندی تەختی زەنگی، دەستبەسەر کراون.

ڕێکه‌وت: 2016-10-19 15:43:06
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی