له‌سه‌رهێل 99
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەواڵەكانی كوردستان و پێشێلكاریەكانی رژێم

بەندکراوێکی کورد لە زیندان فەلەج بووە

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی رەزبەر، دڵشاد وەسیمی بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی پاوە لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج، ئازاد بوو.

ماڵپەری “‌هه‌رانا” لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە دڵشاد بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی نێو زیندانی رەجایی شار، باری تەندروستیی ناجێگیر بووە و بە کەڵکوەرگرتن لە ئامێری ویلچێر لە زیندان هێناویانەتە دەروە.

دڵشاد وەسیمی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ی خۆری شاری پاوەیە کە ١٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو زیندانییە کوردە بە مەبەستی ترساندن چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی به‌ندیخانه‌وه‌ پەتی سێدارە خرابووە ملی و ئەمەش وای کردبوو کە لەرووی دەروونیشەوە تووشی کێشە بێ و باری دەرونیشی ناجێگیر بێت.

هاوڵاتیەكی سەقزی لە میاندواو لەسێدارە درا

 بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر، سزای سێدارەی زیندانییەکی کورد بە ناوی “فەردین سولەیمان‌پەناه” 39 ساڵ و خێزاندارەو لە زیندانی ناوەندیی شاری میاندواو بەڕێوەچووە.

فەردین سولەیمان‌پەناه  کوڕی عەزیز، ١٥ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو لە شاری میاندواو دەستبەسەر و پاش ساڵێک لەڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای رژێم لەو شارەوە بە تۆمەتی “بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

كچە خوێنكارێكی كورد چارەنووسی ناروونە

 بەپێی هەواڵەكان “پەرەستوو حاجیان”، کچی نادر، رۆژی چوارشەمە رێکەوتی 24ی خەرمانان، لە ماڵی خۆیاندا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژێم لە شاری سەقز دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ماڵپەری “رۆژی کورد” لەو بارەوە ڕایگەیاند، پەرەستوو لەحالێکدا لەلایەن هێزە ئەمنیەکان دەستبەسەر کراوە کە بەهۆی نەخۆشی گورچیلە لە  جێدابووە و پێویستی بە وەگرتنی چارەسەری پزیشکی هەیە.

جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی رژێم هەڵیانکوتاوەتە هاوکات لەگەڵ دەستبە سەركردنی نابراو، دەستیان بەسەر کەل وپەلی تایبەتی پەرەستو وەکوو کامپیۆتێر، فلاش و کتێبەکانیدا گرتووە.

سەرەرای بەدواداچونەکانی بنەماڵەی پەرەستوو بۆ بەئاگابوون لە چارەنوسی کچەکەیان، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسیارەتی دەستبەسەرکرانی ناوبراویان وەئەستۆ نەگرتووە و ئەم بابەتە بنەماڵەی ئەو کچە كوردە زیاتر نیگەران كردوە.

پەرەستوو حاجیان، جۆزەردانی ساڵی ڕابردوویش بەهۆی چالاکی سیاسی لە زانکۆی پەیامی نووری شاری سنە لە خوێندن بێ بەش کراو لە جۆزەردانی ئەمساڵیش بۆ جاری دوهەم دەستبەسەر کرا.

لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەڕ زیندانییەکی سیاسیی کورد وریایی دەدا

 بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ی كۆچی، لە بەیانییەیەکدا نیگەرانیی خۆی لەسەر دۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان دەربڕی.

ئەم ڕێکخراوە، لە ئەگەری کوێربوونی چاوەکانی زینەب جەلالیان هۆشداری دەدات.

زینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد، چاوی زیاگۆشتی لێ هاتووە و دەمێکە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت بەڵام بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رژێم رێگە بەچارەسەری پێ نادەن و گرێ و گۆڵ دروست دەكەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیانییەکەیدا داوای لە رژێم كردوە ئەو زیندانیە بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەرێ بكرێ، هاوكات لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هۆی بێبەشکرانی ئەم زیندانیە سیاسییە کوردە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، ئەوە بێ كە ناوبراو خۆ لە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی دەبوێرێ.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی كۆچی خۆری، دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە دادگای رژێم لە کرماشان حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

دواتر لە ساڵی ١٣٩٠حوکەمی سێدارەی ناوبراو بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕا و لە ساڵی١٣٩٣دا بۆ زیندانی خۆی گوازرایەوە.

زەینەب جەلالیان بەهۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لە سەرەتای دەستبەسەرکرانەوە تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر و بەتایبەتی چاو بووە بەڵام بەهیچ شێوەیەک مافی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی پێنەدراوە.

بەرپرسانی زیندان و کاربەدەستانی دەزگای دادوەری رژێم مەرجی پێدانی مافی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و مەرەخسییان، دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی ناوبراو و بارمتە گرتنی یەکێک لە خزمانی نزیکی زەینەب جەلالیان ڕاگەیاندووە.
ڕێکه‌وت: 2016-10-21 12:22:11
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی