له‌سه‌رهێل 87
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەواڵەكانی تایبەت بە كوردستان و پێشێلكاریەكانی رژێم

کوردێک حوكمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

بەپێی هەواڵی ماڵپەری رادیۆ فەردا، رۆژی سێشەممە ٢٧ی رەزبەر، کامران قادری هاولاتی کوردی دانیشتووی ئۆتریش لەلایەن دەزگای دادوەری رژێمی ئێرانەوە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا” بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ئەو هاوڵاتییە كوردە خەڵکی شاری سنۆ و خاوەن رەگەزنامەی ئێرانی_ ئۆتریشییەو  1 مانگ بەر لەئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو،  سەرئەنجام لەلایەن دادستانی رژێم تاران بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا” سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتێک کە “رادیۆ فەردا” بڵاوی کردووەتەوە، دادستانی  رژێم تاران رۆژی سێشەممە ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی رایگەیاندبوو کە پێنج کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا هەرکامەیان سازی ١٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. ناسنامەی دوو کەس لەو پێنج کەسە بەناوەکانی سیامەک و محەممەد باقر نەمازی پێشتر ئاشکرا ببوو، بەڵام سێکەسی دیکە بەناوەکانی کامران قادری، عەلی رەزا ئومیدوار و فەرهاد عەبدولساڵح  پێشتر نێویان لەهیچ میدیایەک و لەلایەن هیچ بەرپرسێکی رێژیمەوە ئاشکرا نەکرابوو.

کامران قادری تەمەن ٥٢ ساڵ، بەرپرسی کۆمپانیای “ئاوەنگ” لە شاری ڤیەنی پایتەختی ئۆتریشە کە لەکاتی سەفەر بۆ ئێران لە مانگی ژانڤیەی ئەمساڵدا، لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لەفڕۆکەخانەی تاران دەستبەسەر کرابوو.

لەپاش ٥ مانگ چارەنووسی ئەسرین ئەمین‌زادە ناڕوونە

 بەپێی هەواڵی ماڵپەری رۆژی كورد،  ئەسرین ئەمین‌زاده کچە خوێندکاری کوردی خەڵكی مەهاباد ٥ مانگ پێش ئێستا و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورد دەستگیرو تاكو ئێستاش ئیدارەی ئیتلاعاتی رژێم لە مەهاباد نکۆڵی لە دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خویندکارە دەکات.

نکۆڵی و حاشا کردن لە دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خوێندکارە، نیگەرانیی لای کەس و کار و بنەماڵەی ئەسرین دروست کردن و سەبارەت بە باری تەندروستی كچەكەیان تووشی دڵە راوکێ بوون.

بەپێی هەواڵ، دوابەدوای دەستبەسەر کردنی ئەسرین ئەمین‌زاده ،بنەماڵەی ناوبراو بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە سەركوتگەرەكانی دیکەی رژێم لە مەهاباد کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی ئەمنی زانیاریی لەسەر شوێنی راگرتن و چارەنووسی ئەو کچە خویندکارە نەدرکاندووە.

ئەسرین ئەمین‌زاده، تەمەن ٢٤ ساڵەو کچی بەهادین و خوێندکاری رشتەی ژمێریاری، لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی  1395 لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی ئیتلاعاتی رژێم لە شاری مەهاباد دەستگیرکرا.

ژنێکی کورد لە زیندان گیانی لەدەست دا

بەپێی هەوالی گەیشتوو رۆژی هەینی ٣٠ رەزبەر، ژنێکی کورد بەناوی “سدیقە جەعفەر زادە” تەمەن 64 ساڵ و خەڵكی ورمێ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەزیندانی ئورمیە گیانی لەدەست داوە.

ئەو ژنە کوردە پێشتر و بەتۆمەتی “بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان” لەلایەن دادگای ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سیدارەی بەسەردا سەپابوو.

دەوترێت بەساڵاچوون و گوشاری دەروونی بە هۆی نزیكبوونەوەی بەڕێوەچوونی سزاکەی هۆکاری جەڵتەی دڵی ئەو ژنە کوردە بووە .

لە زیندانی ئورمیە سەدان کەس چاوەڕوانی بەرێوەچوونی سزای سێدارە دەکەن کە دەیان کەسیان ژنن و زۆربەیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە.

فشار بۆسەر زیندانیانی كوردی سوننی مەزهەبی زیادی كردوە

بەپێی راپۆرتەكان، لەگەڵ دەستپێكی وەرزی سەرما، هێزەكانی رژێم لە گرتووخانەی گەوهەردەشت خۆدەبوێرن لە دابین كردنی كەرەستەی گەرمكەرەوە بۆ گیراوەكان بەتایبەت زیندانیانی كوردی سوننی مەزهەب لە بەندی 21ی ئەو گرتووخانەیە.

نزیك بە 50 بەندیی سوننی مەزهەب لە بەندی 21 دا راگیراون، بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماو خراپی دەرگاو پەنجێرەی زیندانەكە لەلایەك و نەبوونی كەرەستەی گەرمكەرەوە شەوانە زۆر بە نارەحەتی تێدەپەڕێنن. ئەوە لە كاتێكدایە ژمارەیەك لە بەندییەكانی ئەو بەندە نەخۆشی گورچیلەو و دیسكی كەمەریان لەگەڵەو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی سەرما دۆخی ژیانیان قورستر دەبێ.

ئەوە لە كاتێكدایە كە سیستەمی گەرمكەرەوەی زیندانەكە شوڤاژە بەڵام بەهۆی خراپی دەركە و پەنجەرەكان وەڵامدەرەوە نیە و هێزە سەركوتگەرەكانی ئەو گرتووخانەش نەك هەر چارەسەری كەم و كوریەكان ناكەن، رێگە بە زیندانیەكانیش نادەن بۆ خۆیان كەرەستەی گەركەرەوە بۆ خۆیان دابین بكەن.
ڕێکه‌وت: 2016-10-22 13:29:10
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی