له‌سه‌رهێل 97
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەواڵەكانی كوردستان و ئێران

رژێمی ئێران 5 كەسی دیكەی لەسێدارەدا

بەپێی هەواڵەكان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ ، ٥ هاوەڵاتی لە زیندانی کەرەج ئێعدام کران.

بەپێی ئەو هەواڵە ئەو ٥ کەسە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، کە حوکمی ئێعدامەکەیان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە ئەورۆ جێبەجێ کرا.

ناوی سێ کەس لەو زیندانیانە "سەعید(حەسەن) پوور حەسەن، میلاد بیگلوو (قازی) و مێهرشاد کەلهۆری" ڕاگەیەندراوە.

کوژرانی مامۆستایەکی قوتابخانە لە تیکاب

 بەپێی هەواڵی هەواڵدەری هاژە، رۆژی دووشەممە 3ی خەزەڵوەر لە یەکێک لە گوندەکانی شاری "تیکاب" سەر بە پارێزگای ورمێ، تەرمی مامۆستایەکی قوتابخانە بەناوی "الف، ك" دۆزرایەوە.

ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەر، "الف، ک"، لە ماڵی خۆی چووەتە دەرێ و نەگەڕاوەتەوە، و ڕۆژی دواتر تەرمی ئەو مامۆستایە لە جاددەی نێوان قەرە عومەر_گوێ ئاغاج، لە ٢٥ کیلۆمیتری شاری تیکاب، بە سووتای لە نێو ماشینەکەیدا دۆزراوەتەوە.

بەپرسێکی سەربازی رژێمی ئێران: کوژرانی کۆڵبەرانی کورد درۆیە!

بەپێی هەواڵەكان، پاسدار سەید مونتەزرولمەهدی وتەبێژی ناجا کوژرانی کۆڵبەرانی کوردی بە دەنگۆ ناوبردووە و رایگەیاندووە کە لەساڵی ٩٤ی هەتاوی کوژرانی هیچ کۆڵبەریکی کورد پشتڕاست نەکراوەتەوە.

میدیاکانی ڕێژیم وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە زمانی ناوبراوەوە رایانگەیاندووە کە :” میدیا بیانییەکان رایانگەیاندووە کە لەساڵی ٩٤ چەندین کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران ( کوردستان) کوژراون، ئەمە درۆیە و هاوکات ئێمە هەوڵمان داوە کە هاتووچۆی کۆڵبەران لە ڕێگا یاساییەکانەوە رێک بخەین کە دەرخەری گرینگی دانی ئێمەیە بە هەژارانی کۆمەڵگا.”

وتەکانی ئەو بەرپرسە پلە بەرزەی هێزە سەركوتگەرەكانی رژێمی ئێران لە حاڵێکدایە کە کە بەپێی راپۆرتێک، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا ٢٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٢٩ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

کچە خوێندکارێکی کورد له زانستگای ورمێ بەشێوەیەكی گوماناوی كوژراوە 

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر، تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی “پەریسا ئیرشاد فەڕ” کە خوێندکاری تێرمی شەشەمی رشتەی “بەرق و موخابرات” لە زانستگای ورمێ بووە، لەلایەن خوێندکارانی ئەو زانستگایەوە دۆزراویەوە.

زانستگای ورمێ بە بڵاوكردنه‌وه‌ی بەیاننامەییەک هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو کچە کوردەی گەڕاندووەتەوە بۆ  بەکارهێنانی سەم.

بە وتەی هاوڕێیانی پەریسا، مردنی پەریسا هیچ پەیوەندییەکەی بە بەکارهێنانی دەرمان یا خۆکوژییەوە نییە و بەیاننامەی زانکۆ پێش لە پشکنیی پزیشکی یاسایی ئەو گومانەی لای خەڵک بەهێز کردووە کە ئەگەری زۆرە ناوبراو كوژرابێ.

هاوکات هەواڵدەریی “ئافتاب” مردنی ئەم خوێندکارە کوردەی خۆکوژی راگەیاندووە و نووسیویە:” دەنگۆی خۆکوژی ئەو کچە خوێندکارە هەیە و لەو پەیوەندییەدا بەمەبەستی دۆزینەوەی هۆکاری مەرگی ناوبراو پزیشیکی یاسایی دەستبەکار بووە”.

تا ئێستا چەندین کچە خوێندکاری کورد لە زانستگای ورمێ لەلایەن کەسانی نێو زانستگاكەوە کوژراون، کەدەتوانین ئاماژە بە کوژرانی شەیدا حاتەمی لە زانکۆی نازلووی ورمێ بکەین کە ناڕەزایەتیی بەرینی خوێندکارانی کوردی لێکەوەتەوە.

مردنی گوماناوی خوێندکارانی کوردی  زانکۆکانی ورمێ نیگەرانی و ناڕەزایەتیی لای خوێندکارە کوردەکان دروست کردووە و خوازیاری پێراگەیشتن و راگەیاندنی ئاکامی لێکۆڵینەوەکان بوون.

کوژرانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی

 بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی هەنگاو پیاوێکی توشبووی ماددە هۆشبەرەکان، هاوژینەکەی خۆی بە چەقۆ كوشتووه‌ و دواتر هەوڵیداوه‌ خۆی بكوژێ.

 شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی “شۆڕێ شاسەواری” کچی یوسێف، خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەر بەشاری ورمێ، بەدەستی مێردەکەی کە تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بووە، بە چەقۆ دەکوژرێت.

“سەعید سۆفی” كە بكوژەكەیە، بەهۆی بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان، توشی وەهم و گومان دەبێ و دوای ئەوەیکە هاوسەرەکەی دەکوژێ، هەوڵی خۆکوژی دەدات.

جێی ئاماژەیە سەعید سۆفی لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
ڕێکه‌وت: 2016-10-25 11:43:23
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی