له‌سه‌رهێل 84
دووشه‌مه‌‌ 27 گوڵان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پێشێلكاریەكانی رژێمی ئێران لە كوردستان

٣ هاوەڵاتی سەقزی دەستبەسەر کران

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، رۆژی یەکشەممە ٢ خەزەڵوەری 1395، سێ هاوەڵاتیی شاری سەقز لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی رژێم لەو شارە دەستبەسەر کران.

بە پێی هەواڵ، ناو و شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی “کامیل شەریفزادە” و  “غەریب شەریفزادە”  كە ئامۆزای یەكن و کەسێکی دیکە بەناوی “ناسر” راگەیاندووە.

هۆی دەستبەسەر کرانی ئەو سێ كەسەو شوێنی راگیراونیان روون نیە.

خەلیل ڕەزایی ٦٠ مانگ به‌ بێ مرەخەسی لە بەندیخانەی کاروون دايه

بەپێی هەواڵی ماڵپەری "مافی مرۆڤ" خەلیل ڕەزایی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی کاروونی ئەهواز راگیراوە، ماوەی ٦٠ مانگە رێگەی مرەخەسی و بینینی خێزانەکەی پێ نەدراوە.

بەپێی ئەو هەواڵە خەلیل رەزایی سزای ٩ ساڵ زیندانی به‌سەردا سەپاوە و لە  ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە.

خەلیل ڕەزایی بەندکراوی سیاسیی کورد ٤٤ ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی شاری سەقزەو بانەمەڕی ١٣٩١ی كۆچی خۆری، لەلایەن هیزە سەركوتگەرەكانی رێژمی ئیرانەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگ لە راگرتن لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بۆ بەندیخانەی کاروون دوور خرایەوە.

بێبەش کرانی ئەو بەندکراوە کوردە لەمافی مرەخەسی و چاوپێكه‌وتنی خێزانەکەی لەکاتێکدایە کە بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بەندکراوە ناوبراو تووشی نەخۆشیی گەدە بووە و له‌ چارەسەری پزیشکیش بێبەش کراوە.

خەلیل رەزایی لە دادگادا پارەێزەرێکی رێژیمی بۆ دیاری کرابوو کە هیچ بەرگیرییەکی لێ نەکرد و تا ئێستاش لە بەندی قاتڵ و ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە.

مامۆستایەکی کورد  كە لە بەندیخانەدایە مرەخەسی پێنادرێ

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، بەرپرسانی دەزگای قەزایی و زیندانی رژێم  له شاری سنە داوای وەرگرتنی مافی مرەخەسی مامۆستایەکی بەندکراوی کوردیان بەناوی “عەلی حوسین‌پەناهی”  بەبێ هیچ هۆیەك رەتکردووەتەوە.

یەکێک لە خزمانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی ، هەواڵی شکەنجە و ئازاری ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی کە عەلی حوسێن پەناهی لەماوەی دەستبەسەر کردنیدا بەتوندی شکەنجە دراوە.

ئەو مامۆستایە کە خەڵکی دێولانە، رۆژی پێنج‌شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٤، لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە دەستبەسەر کرا.

عەلی حوسێن پەناهی دواتر لە دادگای رژێم لە شاری سنە بە تۆمەتی “بێ رێزی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری رێژیمی ئێران ” و “پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەكانی دژبەری رژێم” سزای ٦ ساڵ و ١ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو مامۆستا کوردە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە لە شارەدێی “قروچای” دێولان بەڕێوەچوو داوای لە خەڵک کردبوو کە ” لەهەمبەر هەڵاواردنی بەرپرسانی رێژیم لە کوردستان” بێ دەنگ نەبن و كە دوای ئەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو مامۆستا کوردە بەبڕیاری وەزاری ئیتلاعاتی رژێم لە دوای ٨ ساڵ وانە وتنەوە لە قوتابخانەی شارەکانی سنە و دێولان لەکارەکەی دوور خرایەوە.

4 هاوەڵاتی بۆكانی لە ژێر شكەنجەدان

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی هەرانا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، دەیان هاوڵاتیی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی رژێم ئەو شارە دەستبەسەر کران و  چەند کەسیان بەدانانی بارمتە ئازاد کران، هەنووکە ٤ کەس لەوان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی رژێم شاری ورمێ ڕاگیراون.

 “عەبدولغەفوور ئاسەوار، یەعقوب نوورە، کەماڵ عەلی ئەقدەم و هەژار فارۆقی”  ئەو چوار كەسەن کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێدان لە دۆخێكی خراپی تەندروستیدان.

خزمی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان بە ماڵپەری هەرانای ڕایگەیاندووە، ئەو چوار کەسە لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبن و رۆژانە لەژێر شکنجەدان و هاوكات لە پەیوەندیی تەلەفۆنیش لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
ڕێکه‌وت: 2016-10-26 14:24:19
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی