له‌سه‌رهێل 101
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
250 هەزار كەس لە ناوچەكانی زاهیدان، لە دۆخی 100 ساڵ پێش ئێستادا دەژین

رۆژی دووشەممە 3ی خەزەڵوەر، وەزیری ناوخۆی رژێمی ئێران گوتی: ناوچەی وا هەیە 10 دەقیقە لە شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان دوورە كە 250 هەزار كەس لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بە كەرەستەو هەلومەرجی 100 ساڵ پێش ئێستا ژیان دەبەنە سەر.

بە پێی راپۆرتی تەلەفزیۆنی رژێم، عەبدولرەزا رەحمانی فەزڵی ئەو قسانەی لە چوارەمین فستیواڵی پێشكەوتن و پەرەسەندنی زانستی وەڵات،دا كرد.

ناوبراو وتی: ماوەی 10 دەقیقە دوورتر لە شاری زاهیدان، ناوچەیەك بەدیی دەكەی كە 250 هەزار كەس بە ستانداردەكان، شێوەی ژیان و دۆخی 100 ساڵ لەوە پێش دەژین.

ئەو مۆرەی رژێم ئیشارەی بەناوی ئەو شار و ناوچەیە نەكرد. زۆرێك لە هەواڵدەریەكانی رژێم ئەم بەشە لە قسەكانی ناوبراویان بڵاونەكردەوە.

وەزیری ناوخۆی حكومەتی رۆحانی هەروەها گوتی دوو لەشكەر بۆ دابین كردنی ئاسایش لە پارێزگای بەلوچستان جێگیرن، ئەوە لە كاتێكدایە كە خەرجی ئەو دوو لەشكەرە دوو ئەوندەی پێویستی سەرمایەگوزاری بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكەیە.

ئەو وەزیرەی رژێم هەروەها ئیشارەی بە سیستەمی پلاندانانی رژێم كرد و گوتی كە سیستەمی پلاندانانی ئێمە هی 40 ساڵ پێش ئێستایە و سیستەمێكی ناوەندگەرایە و سیستەمی بوجەی وەلاتیش بەپێی چالاكی و حەشیمەتە.

رەحمانی فەزڵی لە درێژەدا وتی: بەو پێیە باقی خەڵكی ناوچەكانی وەلات دەبێ شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بێڵن و بە بێنە شارە گەورەكان كە ئەوەش خەرجی زۆر بۆ وەلات هەڵدەگرێ.

بەپێی ئامارەكان پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە هەموو بارێكدا لە هەلومەرجێكی خراپدایە.

ناسر كاشانی نوێنەری رژێم لە مەجلیسی نۆهەم ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو كە ئەو پارێزگایە لە هەموو بارێك لە پلەی ئاخردایە.

مەهدی تەباتەبایی جێگری تەندروستی زانستگای زانستی پزیشكی زاهیدان رایگەیاندبوو كە ئەو پارێزگایە لە پلەی سێهەمدایە بۆ خراپی خۆراك و نەبوونی ئاسایش خۆراك، وە نزیك بە یەك لەسەر پێنجی منداڵانی ژێر پێنج ساڵ لەو پارێزگایەدا تووشی كێشەی لاوازی و كێشی كەم و كورتە باڵایی بوون.

مورتەزا رەئیسی جێگری وەزیری فێركردن و بارهێنانی رژێم رۆژی 1ی خەزەڵوەر گوتبووی كە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ساڵی 1393 زۆرترین مەدرەسەی ووشكەچن و گڵی هەبووە.

بەپێی سەرژمێری ساڵی 1385 لە حەشیمەتی دوو ملوێن و 350 هەزاری ئەو پارێزگا زیاتر لە 640 هەزار كەس نەخوێندەوارن.

شەهیندوخت مەولاوێردی جێگری ئاخوند رۆحانی سەرۆك كۆماری رژێم بۆ كار و باری ژنان و خانەوادە رەشەمەی 1394 گوتی: ئێمە لە سیستان و بەلوچستان دێهاتمان هەیە كە تێكڕای پیاوەكانی لە سێدارە دراون.

بەڵێ لە سیستەمی ئاخونداندا ئەوە وەزعی یەكێك لە پارێزگاكانی ئێرانە كە هەر لە سەرەتاوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەراوێز و پشتگوێ خراوە. هاوكات زۆر پارێزگای دیكەی ئێران لەوانە پارێزگا كوردنشینەكان دۆخیان لە سیستان و پەلوچستان باشتر نیە. وە هیچ كات رژێم پلانی بۆ چارەسەری كەم و كوڕی و كێشەكانی ئەو ناوچانە نەكردوە بەڵكوو بەردەوامە لە خولقاندنی قەیران و كێشەی نوێ بۆ خەڵكی چەوساوەو هەژار.
ڕێکه‌وت: 2016-10-28 09:11:07
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی