له‌سه‌رهێل 115
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پێرۆز بێ 10ی خەزەڵوەر رۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات!

ساڵی 1357ی ك خ جەماوەری كورد لە کوردستانی ئێران  بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە ستەم و چەوسانەوە و گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی، لەگەل تێكرای نەتەوە ژێردەست و ئازادیخوازەکانی ئێران، دژ بە رژێمی پاشایەتی ڕاپەڕی و دەورێکی کاریگەرو بەرچاوی گێڕا لە سەرخستنی ئەو ڕاپەڕینانەدا. بەڵام لە دوای خۆسەپێنی ئاخوندان و گرتنی جڵەوی دەسەڵات، وە بە دامەزراندنی سیستەمێکی نادیموکرات و سەرکوتگەر و تاکرەو، بەرهەمی ڕاپەرینی خەڵکی ئێران بە فیرۆچوو. 

بەو سیاسەتە تاكرەویانەی حكومەتی ئاخوندی پەیرەوی دەكرد، گەلی کورد هەر زوو هەستی بە مەترسیەکان کردو دژی خۆسەپێنی ئاخوندان هەڵوێستی گرتو دژایەتی خۆی لەگەل ئەو دەسەڵاتە نادیموکرات و دیکتاتۆردا ڕاگەیاند و ملی بە ویستی دەسەڵاتدارانی نوێ نەدا.  گەلی كورد  هەر لە سەرەتاوە هەوڵی زۆریدا لە رێگەی ئاشتیانە دەسەڵاتدارانی ڕژێم بێنێتە سەر ئەو باوەرەی كە مل بۆ ویستە رەواكانی خەڵكی كوردستان بدەن بەڵام ئاخوندان بە جێی گوێ ڕاگرتن لە ویستی گەلی ئازادیخوازی کوردو رێزگرتن لە داواو  ماف و ئازادیەكانی ئەو گەلە، زمانی هەڕەشەو چاوسوور کردنەوەیان بە کارهێناو دەستیان دایە هێرش بۆ سەر بزوتنەوەی ئاشتیخوازانەو مافخوازانەی کوردستان. ئاخوندان  بریاری شەڕی سەرتاسەریان لەگەڵ کورد داو خومەینی ڕێبەری دیكتاتۆر و خوێنرێژی رژێم، فەرمانی جیهادی دەرکرد و بە تەواوی هێزەکانی راگەیاند هێرش بکەنە سەرکوردستان و نەتەوەی چەوساوەی کورد. ئەو نەتەوەی كە  تەنیا تاوانی مافویستی و ئازادیخوازیی بوو.

جیهادی خومەینی بۆ داگیرکردنی سەر و ماڵی نەتەوەی كورد كە لە خۆراگری و پارێزگاری لە نیشتمانی ناوبانگی گەورەی  لە مێژوودا هەیە، نە تەنیا زیانی بە كوردستان گەیاند بەڵَكو زیانی قەرەبوو نەكراوەی بە دەسەڵاتی ئاخوندان گەیاندو تا ئێستاش ئاخوندان لە كورد و نیشتمانی  وەك نەتەوەو مەلبەند و نیشتمانی جێگەی مەترسی بۆ سەرحكومەتەكەیان دەروانن و بەو هێرشە ستەمكارانەیان كارێکیان بە خۆیان كرد كە هەمیشە لە ترس و دڵەراوکێ دا بن. كاتێك نەتەوەی کورد رێگەیەكی بێجگە لە رێگەی بەرخۆدان و بەرەنگاری نەبوو، هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە بە هەموو توانا دیفاعیان لە خاک و کەرامەتی نەتەوەکەیان کردو بۆ زەربەدان لە هێزە داگیرکەرەکانی رژێم هەموو رێگەیەکی دروست و رێگەپێدراو و مەشروعیان هەڵبژارد و توانیان لە زۆربەی ناوچەکان زەربەی کاری لە هێزە سەركوتگەر و داگیركەرەكانی ڕژێم بدەن و بە چۆکیاندا بێنن.

لە وەها هەلومەرجێکدا ڕژێم لە هەموو ڕێگەیەك بۆ زەربەت دان لە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كەڵکی وەردەگرت و بە سەركوتی بێ بەزییانەی كورد هەوڵی دەدا هێز و توانای خۆی نیشان بداو وا بنوێنێ كە دەتوانێ‌ سەركەوتن بە دەست بێنێ. بەو مەبەستە هێزی تەیار و پۆشتەی  گاردی جاویدان(سپای قودس)یان  ناردە کوردستان، لە دوای هێرشی هێزی پاسداران بۆ سەر كوردستان و هاتنی سپای قودس، مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی بە پێچەوانەی هێندێک لایەنی دیكە، پێی وابوو دەبێ سنوورێک بۆ ملهوڕی و پاوانخوازی و جینایەتەکانی رژێمی نوێ دانرێ. بۆیە بڕیاری لێدانی هێزەکانی رژێم بەتاێبەت گاردی جاویدانی داو پێشمەرگە گیان لە سەردەستەکان لە پێچەکانی هەژدەدۆڵان و کەوپێچی نیوان سەردەشت بانە بەریان بە گاردی جاویدان گرت و تا دەروازەی شاری بانە زۆرێک لەو هێزە پۆشتەیان تەفرو توونا کرد و ژمارەیەکیشیان لێ بەدیل گرتن. سەبارەت بە لە ناوچوونی هێزی گاردی جاویدان بەشداربووانی شەڕەکە ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ۷۰۰ کەس لە بەکرێگیراوان و تێکشکاندنی نزیک بە ٨۰ دەزگای ماشین دەکەن، هەر لەو بارەوە رژێم زیانەکانی لەو شەڕەدا ئاماژە بە کوژرانی 500 پاسدار و بەکرێگیراوی خۆی کردوە. بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەداخەوە بە خوێنی هەشت کەس لە پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات هاتە بەرهەم. كە ناوەكانیان بریتیە لە: شەهیدان حسین حسینی، جەهانگیر مەولانی، حەسەن مەولانی، ئەحمەد ئەحمەدی، كەریم ئەحمەدی، جەلالی محەمەدپوور، رەسوڵ ساڵحزادە و دەروێش ئەحمەد رەسوڵی.

وەك ڕوون و ئاشکرایە کە شەڕی ۱۰ی خەزەڵوەر بووە هۆی رووخانی ورەی هێزەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران، بەجۆرێک رێبەری رژێم یانی خومەینی هاتە سەر خەت و رای گەیاند کە (خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست) و چەند رۆژێک دوای ئەو قارەمانەتیە رژێم داوای ووتووێژی کرد و ئاگربڕی لەگەڵ نەتەوەی کورد، ڕاگەیاند. ئەم قارەمانەتیەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و پاشەكشەی سەرانی رژێم لەلایەك دەستکەوتێکی سەربازی كە هێزە پۆشتەو تەیارەكەی رژێم كە هەڕەشە پێ لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەكرد تووشی خەسارەتێكی گەورە ببوو، وە ئەو زەربە بووە هۆی بەرزكردنەوەی ورەی هێزی پێشمەرگە، و لەلایەكی دیكە دەستکەوتێکی سیاسی گرینگ بوو كە رژێم لەو هەموو پاوانخوازی و خۆبینی و كەللەرەقیەی دەینواند مەجبور بە پاشەكشەو ئاگربڕ كرا.

 قارەمانەتی و دەستکەوتانەی رۆژی 10ی خەزەڵوەر بەرێژەیەک بەرچاوە کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، وەک رۆژی پێشمەرگەی خۆی ناودێر کرد و ساڵانە رێز لە قارەمانەتی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدانی داستانی كەم وێنەی ۱۰ی خەزەڵوەر دەگرێ. ئەو ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە دوو بەرەدا دژ بە شەوپەرەستان وەستاونەوەو لە لایەك بەردەوامن لە كارو ئەركە تەشكیلاتی و تەبلیغی و سیاسیەكانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و بەربەرەكانێ رژێمی دواكەوتووی ئێران تێكۆشان و چالاكی دەكاو و لەلایەكی دیكە لە سەنگری پارێزگاری لە هەرێمی كوردستانی عێراق سینگی خۆی كردۆتە مەترێز و دژ بە شەمشەمە كوێرەكانی داعش وەستاونەوەو لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەو چوارچێوەدا دەوروو نەقشی شۆرشگێڕانەو ئازادیخوازانەی خۆیان گێڕاوە. لە سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ۱۰ی خەزەڵوەر و تێکڕای ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئەو داستانە كەم وێنەیان تۆماركرد و سڵاو درود بۆ ورەی بەرزی ئەو پێشمەرگانەی رێگەو رێبازی شەهیدانی سازمانی خەباتیان گرتووەو لە پێناو سەرخستنی دا بێ هەدادان بۆ پێشەوە هەنگاو دەنێن.
ڕێکه‌وت: 2016-10-28 10:36:08
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی