له‌سه‌رهێل 87
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكاو بزوتنەوەی كورد لە رۆژهەڵات

لە دوای چەند مانگ پروپاگەندەی پاڵێوراوان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، رۆژی چوارشەممە 18ی خەزەڵوەر بەرامبەر بە 8ی نوامبری 2016 دەنگدان لەو وەڵاتە دەستی پێ كرد و لە سەرەتای رۆژیی دوایی دا ئاكامی دەنگدانەكان راگەیەندرا.

بێگوومان پرۆسەی دەنگدانی ئەو جاری ئەمریكا زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگ و باسێكی زۆری لە رای گشتی ئەمریكاو جیهان سازكردو دابه‌ش بوونی كۆمەڵگەی ئەمریكای له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ له‌و ولاته‌ی به‌ دواوه‌ بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و لێكترازانه‌ درێژه‌ ده‌كێشی و به‌رده‌وام ده‌بێ‌. بەپێی رای چاودێران، بەهۆی بۆچوونە توندەكانی دۆناڵد ترامپەوە بەشێكی زۆر لە خەڵك و چاودێرانی سیاسی ئەو پاڵێوراوەیان بە نەزان و رەگەزپەرەست ناودێر دەكرد و پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە براوەی ئەمجارە هیلاری كلینتۆن و دۆراوی حەتمیش ترامپ بێ. بەڵام بە راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان بە پێچەوانەی هەموو ئەو بەراوردانەی پێشوو دۆناڵد ترامپ سەركەوتووی ئەو جاری هەڵبژاردنەكان راگەیەندرا.

 بە سەركەوتنی دونالد ترامپ، بەشێكی زۆر لە شاره‌زایانی سیاسی له‌ كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی توشی شۆك بوون و  سه‌ركه‌وتنی ناوبراویان پێ‌ باش نه‌بوو، چونكه‌ پێ‌ یان وابوو دونالد ترامپ هه‌لومه‌رجی سیاسی جیهان و پێوه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ گه‌ڵ وەلاتانی جیهانی و به‌ بەتایبەت ئوروپا تێكده‌دات و ئه‌و هاوده‌نگی و هاوكاریه‌ی كه‌ حكومه‌ته‌كانی پێشووی ئه‌مریكا له‌ گه‌ڵ ئوروپا هه‌یبوو، هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. یەكێكی دیكه‌ لەو بابەتانەی ترامپ هەرەشەی لێ دەكرد رێكەوتنی ناوكەیی و سیاسەتە پاوانخوازیەكانی رژێمی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا بوو، كە هەر زوو رژێم مەترسی لێ نیشت و سەرانی ئەو رژێمە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خۆیان لە سەركەوتنی ترامپ نەشاردەوە.

ئەگەر چیی من دژ به‌ هه‌رهەستێكی رەگەزپەرەستیم و وەك كوردێكی ئازادیخواز چاو لە رووداوەكان دەكەم، لە بابەت پروپاگەندەكانی ترامپیش بەشێكی زۆری دروشمەكانی بۆ راكێشانی دەنگی ئەمریكیەكان دەبینم و پێم وایە سەركەوتوو بوو لەو پێوه‌ندیه‌دا، ئه‌گه‌رچی بوو به‌ هۆی به‌رز كردنه‌وه‌ی هه‌ستی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی له‌ ئه‌مریكا به‌لام به‌و پروپاگه‌نده‌یه‌ توانی هه‌ستی به‌شێكی به‌رچاو له‌ خەڵكی ئەمریكا بۆی لای خۆی راكێشی،ره‌نگه‌ زه‌حمه‌ت بێ‌ ناوبراو بەكردەوە هەنگاو بۆ كاری رەگەز پەرەستانە و ناقانوونی ببات و ئەوەی دەیكات هەوڵدەدات پێچەوانەی بنەمای سیستەمی ئەمریكی نەبێ و لێدوانەكانی دوای سەركەوتنیشی دەتوانێ‌ بەڵگەی روون بێ بۆ ئەو راستیە. بەڵام سەبارەت بە قسەكانی بۆ پێداچوونەوە بە رێكەوتنی ناوكەیی و فشار خستنەسەر رژێمی ئێران، بابەتێكی گرینگە بۆ ئێمەو نابێ خوێندنەوەی دروستی بۆ نەكەین و پێویستە پێشوازی لەهەر بۆچوونێكی لەو چەشنە بكەین.

بێگومان ئەمریكا وەك حكومه‌تێكی خاوه‌ن هێزی گەورەی جیهان، دەور و كاریگەری هەیە لە سەر سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەت لە دوای سەركەوتنی ترامپ چاوەڕێی گۆران لە سیاسەتەكانی ئەمریكا سەبارەت بەو ناوچەیەی لێدەكرێ. لە كەس شاراوە نیە سیاسەتی دەوڵەتی ئوباما دەور و پێگەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە لاواز كرد و دژبەرەكانی وەك رژێمی ئێران و روسیەی لە ناوچەكە بەهێزتر كردو ئەوەش بە خراپ شكایەوە بەسەر ئەمریكادا.

ئەوەی شیمانە دەكرێ بە هاتنەسەركاری دەوڵەتی ترامپ و دەست بەكار بوونی تیمەكەی، لە سیاسەتی ئەمریكادا بە پێچەوانەی هەشت ساڵی رابردوو گۆرانی بەرچاو لە پێوەند بە رژێمی ئێران و سوریە و سەقامگیری لە عێراق بێتەدیی و ئەمریكا دەوری خۆی وەك زلهێزی یەكەم بگێڕێ و بەر بە پاوانخوازی و دەستێوەردان لە كاروباری و وەڵاتان و پشتیوانی راستەوخۆی لە ترۆریزم لە رژێمی ئێران بگرێ و لە پێوەند بە مەسەلەی مافی مرۆڤ شەرت و مەرج و فشار بخاتە سەر ئەو رژێمە. هەروەها پێویست بە دانی ئیمتیاز بە روسیە چارەسەری رەوشی سیاسی  بكات و كۆتایی بە وێرانی لەوە زیاتری سوریە بهێنێ.

بەهۆی ئەوەی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا هەڵكەوتووەو لە ئێستاشدا بزوتنەوەی كورد بەگشتی لە مەسەلە سیاسیەكانی ناوچەكەدا خاوەن جێگەو پێگەی تایبەتەو لە دژایەتی تاقم و دەستە ترۆریستەكاندا دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، پێویستە پێش هەر جوڵەیەكی سیاسی ئەمریكا لە ناوچەكە، كورد باشتر لە رابردوو قازانجەكانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی و قازانجی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هاوتەریب بكات بۆ ئەوەی بێتە دەرفەتێك بۆ بردنە پێشی زیاتری دۆزەكەی.

هاوكات لە داهاتوودا بۆمان روون دەبێتەوە كە حكومەتی ئەمریكا تا چەند هەوڵی فشار خستنەسەر رژێمی ئێران و پەراوێزخستنی دەدا، بۆیە بچوكترین فشار بۆ سەر رژێمی ئێران بە قازانجی هێزە خه‌باتكارەكانی دژ به‌و رژێمە دەشكێتەوەو ئێمەی كوردیش پێویسته‌ كه‌ڵك له‌ هەله‌كان وەرگرین بۆ ئەوەی بزوتنەوەكەمان بۆ پێشەوە بەرین، بۆ ئەوەش پێویستە به‌ یەكیەتی و تەبایی و ئامادەیی و حزورمان له‌ مه‌یدانی تێكۆشان، لەو هەلانەی دێنەپێش كەڵكی تەواو وەرگرین. بێگوومان نیشاندانی یەكگووتاری و وەزن و قورسایی بزوتنەوەی كوردستانی رۆژهەڵات شەرتی سەرەكی بەرەوپێشچوونە و هۆێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رفه‌ت و هه‌له‌كان كه‌ڵكی پێویست وه‌رگرێ.

روونه‌ كه‌ خه‌باتی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و خه‌باتی ئازادیخوازی له‌ ئێران جولانه‌وه‌و خه‌باتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و به‌ هیچ كام له‌ ئاڵوگۆره‌ سیاسیه‌كان و ئاڵوگۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتی وەلاتانی خاوه‌ن هێز گۆرانی نه‌وعی وسیاسی وهه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ له‌ به‌رنامه‌و كاردا به‌ سه‌ردا نایه‌ت، به‌لام گومانیش له‌دانیه‌ كه‌ پشتیوانی راسته‌وخۆ و ناراسته‌و خۆی حكومه‌تێكی خاوه‌ن هێز له‌ رژیمی سه‌ره‌رۆی ئاخوندی زیانی بۆ جولانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ كوردستان و ئازادیخوازی له‌ ئێران ده‌بێ‌ و رژیمی سه‌ره‌رۆی ئێران كه‌ڵكی لێ‌ وه‌رده‌گرێ‌ هه‌روه‌ك چۆن ئاخونده‌كان كه‌ڵكی زۆریان له‌ سیاسه‌ت و كاركرده‌كانی حكومه‌تی ئۆباما وه‌رگرت. 

ئاشكرایه‌ كه‌ هیچ كات جولانه‌وه‌ی ئازادیخوازی چاوەڕێی ئەمریكا یان هیچ وەڵاتێكی دیكە نەبووە رژێمی ئێرانیان بۆ بروخێنێ یان مافی كورد دابین بكات، به‌لام نزیكی و هاوكاری حكومەتی ئوباما و دۆستەكانی لەگەڵ رژێمی ئێران كاریگەری نەگەتیڤی  لە سەر خەباتی خەڵكی كوردستان و ئێران هەبووە، سه‌ره‌ رای هاوكاریه‌ راسته‌و خۆ ناراسته‌وخۆكانی ئه‌مریكاو چه‌ندین وولاتی دیكه‌ له‌ گه‌ڵ رژیمی ئێران، ده‌بینین كه‌ لە یەك ساڵی رابردوودا جموجوڵی  بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان  لە ئارادا بووە و سیاسه‌تی نزیكی و هاوكاریه‌كانی ئه‌مریكا به‌ رژیمی ئێران نه‌بۆته‌ هۆی كپ كردن و په‌راوێز خستنی. 

بزوتنەوەی كوردستانی ئێران  نە بەهیوای ئەمریكا لە مەیدانی خەباتدایە و نە بە رێكەوتنی ئەمریكا لەگەڵ دەسەڵاتەكان مەیدان چۆڵ دەكا، بەڵام بە مافی خۆی دەزانێ‌ و پێویستیشە هەلەكان بقۆزێتەوە و بۆ بردنەپێشی خۆی و زەربەدان لە رژێمی داگیركەری ئێران تا هاتنەدیی تێكڕای هیواو ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلەكەمان، به‌لام هیوادارین حكومه‌تی نوێی ئه‌مریكا سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشووی ئه‌مریكا نه‌گریته‌به‌رو ئاڵوگۆڕی بەرچاو له‌ سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مریكادا بكات.
ڕێکه‌وت: 2016-11-15 15:17:07
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی