له‌سه‌رهێل 80
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەرز و پیرۆز بێ یادی شەهیدانی 14ی بەفرانبار، شەهیدی فەرماندە خەلیل محەمەدی (خۆشكەلام) و شەهید تاهیر غەرقی (تاهیر ساوانی)

 
صورة
خوێنەرانی هێژا!

 14ی بەفرانباری 1363ی كۆچی خۆری دوو پێشمەرگەی قارەمان و دڵسۆزی سازمانی خەبات و رێبازی پێرۆزی كوردایەتی لە دوای شەڕێكی قارەمانانە لەبەرامبەر هێزی داگیركەری رژێمی خومەینی بەرگی پیرۆزی شە هادەتیان پۆشی و بەرەو بەهەشتی شەهیدانی كورد و كوردستان لە شەقەی باڵیان دا. بۆ ئەم ساڵیش بەرێزەوە یادی ئەو دوو شەهیدە سەربەرزەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بەرز رادەگرین و بیوگرافی و ژیاننامەكانیان یەك لە دوای یەك بڵاو دەكەینەوە.

سڵاو و درودی بێ پایان بۆ گیانی پاكی شەهید خەلیلی خۆشكەلام و شەهید تاهیر غەرقی و تێكرای شەهیدانی سازمانی خەبات "رێبازی پاك و بێ گەردی كوردایەتی"

یادی سەروەری گەل شه هید خەلیل محەممەدی ناسراو بە( خەلیل خۆشكەلام).

نوسینی: کاک بابه شیخ حسینی

بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانی سەخت وپڕ چەرمەسەری زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ نەهێشتنی زولم و ستەم لە سەرشانی هەژارەكانی نیشتمان، بۆگۆڕینی ئاسەواری چەوسانەوەی گەلێك لە گەلێك وچینێك لە چینێك خەباتێكی سەخت ودرێژماوە پێویستە كە خاوەنی بیرو باوەری رەسەن وپێشكەوتوانە بێ ولەهەستی پاكی نەتەوایەتی جەماوەر هەڵ قوڵابێ. ڕێكخراوێك بۆ پێشرەوی پێویستە كە خاوەنی قەوارەیەكی ڕێك وپێك ورێبازێكی رەسەن وئامانجێكی بەرزو پیرۆز بێ. خەباتێك پێویستە پیاوانی به باوەر ئاڵای بخەنە سەر شان وهەموو دەسەڵاتێكی دەست كرد وپڕتاوانی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا رەد بكەنەوەو پاڵ پێوەنێن وە بەندەكانی دیلی وژێر چەپۆكەیی بشكێنن ورزگاری تەواوی مرۆڤ لە دەست هەموو زۆردارانی سەرزەوی بە دیاری بێنن. لەو مەیدانەدا ڕۆڵەكانی كوردستان ئەوانەی تامی تاڵی دەسەڵاتی تاوانباری داگیركەریان چێشتووە ،بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ستەم دەوری شۆڕشگێری خۆیان بینیوەو لە ڕێكخراوی پێشرەوی خۆیاندا هاوفكری وهاوكاریان كردووەو زۆر ڕۆڵە فیداكاریان كردووەته قوربانی.ڕۆڵەی شۆڕشگێری وەك شەهید خەلیل محەممەدی ناسراوبە(خەلیل خۆشكەلام) پێشمەرگەیەكی بە باوەر لە سەرەخۆ و هێمن وبەسەبروخۆڕاگر,پێشمەرگەیەك كە بە گژدا چوونەوەی دوژمنانی نەتەوە ونیشتمانەكەی بە واجبێكی نه ته وه یی و ئایینی و ئینسانی خوی دەزانی. پێشمەرگەیەك كە خومەینی ودارودەستە خوێن ڕێژو چەپەڵەكه ی به دوژمنی سەرەكی کومه لی مرووایه تی دەزانی. شەهیدخەلیل پێی وابوو كورد دەبێ بۆ چارەسەركردنی ناتەواوییەكانی ژیانی كوردەواری هه ول و تەقەلا بکا، چونکه هەر ئامانجێك كە ئینسان بیهەوێ وەدەستی دەكەوێ و وەدەست دێ. لە هەمان كاتیشدا فیداكاری لە پێناو ئاواتدا بە سەركەوتنی گەورە دەزانی . شەهید خەلیل پێی وابوو دەبێ گیانی له پێناو كورد وكوردستاندا لە دەست بدا. خوێنی بڕژێ وهەموو تاڵی وسوێری رێگای سەخت ودژواری شۆڕش بچێژێ . هه ر بویه لە ساڵی (1358)دا كە كوردستانی دابەش كراو دیسان كەوتە بەر پەلاماری توندی هێزەكانی رژێمی ئاخوندی وخەڵكی كوردستان بو بە نیشانەی تیری بە كرێگیراوەكانی خومەینی، شەهید خەلیل چەكی پارێزگاری لەگەل ونیشتمانی كردە شان وبە گژداگیركەراندا چوەوە . ژیرانە بیری دەكردەوە وئازایانە هەڵمەتی دەبرد . هەر چەند شەهید خەلیل لاوێكی نەخوێندوار بوو بەڵام مانەوەی لە سەنگەری خەباتدا وبوونی لە گەل پێشمەرگەی خەبات هانی دا كە لە بیری خوێندن دابێ . هەر لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا دەستی كرد بە فێربوون تا توانی بخوێنێتەوە وبنووسێ. شەهید خەلیل پاش 5ساڵ پێشمەرگایەتی وقەبوڵی رەنج ودەردی دەربەدەری لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە ڕۆژی 14 بە فرانباری(1363) لە پشتی كیوەروی ناوچەی بانە لەگەڵ برای هاوسەنگەرو ڕۆڵەیەكی دیكەی ساوان كاك تاهیر ساوانی بە گوللەی دوژمنانی كوردستان پێكران وشەهید بوون وگیانی پاكیان بەرەو بەهەشتی بەرین باڵی گرت وئەركی خەبات وتێكۆشانیان بۆ هاوبیروباوەرەكانیان بەجێ هێشت . لەو ڕۆژەدا بوو كە تەمەنی 28ساڵەیی كاك خەلیل كۆتایی پێهات وچواركۆرپەی ساوای كە بریتی بوون لە 2كوڕ و 2كچ بۆ كوردستان وبۆ گەل بە یادگار بەجێ هێشت .

 

یادی سەروەری گەل شەهید تاهیر غەرقی (تاهیر ساوانی)

عەلی بەهرامی

گەلی کورد کە گەلێکی خاک داگیرکراوی دیلی بەندی داگیرکەرانی کوردستانە، لە مێژ ساڵە دژمنان و داگیرکەران بە هەموو شێوەیەک دەیچەوسێننەوە و لەگەڵی توندوتیژن و رێگە نادەن لێوی بە هاوار بگەڕێ وه‌لامی داوا ره‌واكانی بە ئاگر و ئاسن ده‌ده‌نه‌وه‌و هه‌وڵیانه‌ دەنگی کپ کەن. لە کوردستانی ژێردەستی رژیمی ئێران، حاڵی کورد زۆر خراپه‌و لەو مێژووە تاڵەی به‌ سەر کوردا هاتووە گه‌لی كورد له‌ كوردستانی ئێران ئازاری زیاتری چێشتوه‌ . رژیمی خومەینی کە بە ناوی دینەوە بەڵێنی بە خەڵکی ئێراندا کە ماف و ئازادیەکان بۆ گەلانی ئەو وەڵاتە بگێرێتەوە و دەسەڵاتێک لە ئێران دامەزرێنێ کە لە خزمه‌ت خەڵکدا بێ و بۆ خەڵک بێ، بەڵام زۆری پێنەچوو بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی سیستەم و دەسەڵاتێکی جێگیرکرد، کە رووی رژیمەکانی پێش خۆی سپی کرد، هەر زوو تاوی دا سەرکوت، و رێگەی بە هیچ داوایه‌كی ئازادیخوازی نەداو کەوتە گرتن و راوەدوونانی بیرجیاوازان و پەلاماردانی نەتەوە ژێردەستەکان کە بە هیوای هاتنەدیی مافەکانیان و کۆتایی هێنان بە بێ مافی و چەوسانەوە بەشداری ڕاپەرینە جەماوەریەکانی دژ بە رژیمی شایان کردبوو. نەتەوەی کورد لە ئێراندا کە هەر لە دوای دابەش بوونی وەڵاتەکەی، ملی بە زۆرداری نەداوە و لە هەموو دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە بۆ رزگاری نیشتمانی و وەدەرنانی داگیرکەران، بە دەرکەوتنی رووی راستی رژێمی خۆسەپێنی خومه‌ینی و درۆ و دەلەسەی دەسەڵاتداران،  تاوی دایە دیفاع و له‌ خۆی دژایەتی ئەو دەسەڵاتە، وە ئامادە نەبوو پێملی زۆرداریەکانیان بێ و رێگەی بەرخۆدان و بەرنگاری گرتەبەر. کوڕانی کوردەواری پۆل پۆل پەیوەستی ریزەکانی پێشمەرگە دەبوون و سینگیان دەکردە قه‌لغانی خه‌ڵك و سەنگەری دیفاع لە نیشتمان و نەتەوەی کوردی تینووی ئازادیان چۆڵ نه‌ده‌كرد.

 یەکێ لەو لاوانەی بۆ دیفاع لە خاک و گەل وەک بەوری بەیان لە داگیرکەران ڕاپەڕی و چەکی پڕ شانازی پێشمەرگایەتی لە شان کرد شەهید تاهیر غەرقی بوو، شەهید تاهیر لە خانەوادەیەکی هەژارداو ساڵی ۱۳۴۴ ی کۆچی خوری، له گوندی ساوانی ناوچەی بانە، مەڵبەندی سوارچاکانی سازمانی خەبات چاوی به جیهانی پر مه ینه تی کوردا هه‌لینا، ئەو ساوانەی خەڵکە شۆرشگێرەکەی هەمیشه پشتیوانی سازمانی خەبات بوون و ساوان وەک بێشەی شێرەکوڕانی سازمانی خەباتە و ٦ کەس لە رۆڵە ئازاو ئازادەکانی پێشکەش بە رێبازی پڕ سەروەری سازمانی خەبات کردووە.

شەهید تاهیر لە تەمەنی لاویه‌تیدا پەیوەندی بە سازمانی خەباتەوە کرد و بوو بە پێشمەرگە و لە هێزی شەهید مامۆستا سەید خەلیل ئەرکی پێشمەرگایەتی پێ سپێردرا. شەهید تاهیر لاوێکی لە دڵان شیرین، رووخۆش و چوست و چالاک، وه دڵخۆش بوو بە رێبازەکەی و شانازی ئەوە بوو سازمانی خەبات و پێشمەرگەکانی لە ترۆپکی سەرکەوتندا ببینی.

لە دوای شەڕێکی قورس و قارەمانانە دژ بە هێزە زۆر و بۆرەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران لە پشتی کیوەرۆی ناوچەی بانە، بەداخەوە لەگەڵ هەواڵێکی دا بە ناوی شەهید خەلیل خۆشکەلام لە ۱۴ی بەفرانباری۱۳٦۳دا بە گوللەی داگیرکەران پێکران و به پله ی به رزی شه هاده ت گه یشتن و بە خوێنی خۆیان رەوایی بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلی کوردیان مۆر کرد و رێبازەکەیان وەک یادگار بۆ هاوڕێکانیان بە جێهێشت و بەرەو بەهەشتی شەهیدانی کوردو کوردستان لە شەقەی باڵیان دا.

 یادی به رز و ریگای پر ریبوار بی.
ڕێکه‌وت: 2017-01-03 22:13:05
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی