له‌سه‌رهێل 115
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
دواى مەرگی رەفسەنجانی، رژێم بەرەو كوێ مل دەنێ؟!

ئەكبەری هاشمی رەفسەنجانی یەكێك لە دامەزرێنەرانی رژێمی ئێرانه و لە ماوەی 38 ساڵی رابردوودا كارەكتەرێكی دیار و بەرچاوی ئەو رژێم بووە، كە رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ 19 به‌فرانبار لە تەمەنی 82 ساڵیدا به‌ شێوه‌یه‌كی جێ گومان له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تاران مرد.

 لە ماوەی دەسەڵاتی ئاخوندان لە ئێران،ره‌فسه‌نجانی گەلێك بەرپرسایەتی سەرەكی لە ئەستۆ بووەو هیچ دەزگایەكی سه‌ره‌كی ئەو رژیمە نیە، رەفسەنجانی كاری لێ‌ نه‌كردبێ‌.

 له‌ سه‌رده‌می خومەینی دا یەكێك لە راوێژكار و نزیكانی ناوبراو بووەو لە كاتی شەڕی 8 ساڵەداو بەتایبەت لە ساڵەكانی كۆتایی دا جێگری خومەینی بوو بۆ كار و باری شەڕی رژێمی عێراق. هەروەها سەرۆكی مەجلیسی رژێم و لە دوای مەرگی خومەینی لە گەیاندنی خامنەیی بە پۆستی وەلی فەقیهی رژێم دەوری سەرەكی بینی و لە دوای خامنەیش بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆك كۆماری رژێم بوو.

ئاخوند رەفسەنجانی بە به‌رده‌وامی ئه‌ندامی مەجلیسی خوبرەگان بوو و له‌ دوای مردنی ئاخوند مشكینی بۆ ماوەیەك سەرۆكی ئەو مەجلیسەش بووە، هەروەها ناوبراو ماوەیەكی زۆرە سەرۆكی كۆری لێكدانەوەی قازانجەكانی رژێم بوو كه‌ كاریگەری لە بەرێوەبەری ئەو دەسەڵاتەدا هەبوو.

ئەگەر چی رەفسەنجانی و خامنەیی دوو هاوڕێی دێرین و دۆستی یەك بوون، بەڵام لە سەر دەسەڵات و بەرێوەبەری بەتایبەت لەم ئاخریانەدا ناكۆكیی بەرچاویان هەبوو، رەفسەنجانی لە قسەكانیدا، ئه‌و ناكۆكیانەی نەدەشاردەوەو بە شێوەی جۆراوجۆر دەری دەبڕین و هاوكات خامنەییش لە هەموو ئامراز و هێزی خۆی كەڵكی وەردەگرت بۆ سنووردار كردن و وەلا نانی ناوبراو لە دەسەڵاتداریی ئەو رژێمەدا.

وەك پێشتر ئیشارەی پێدرا، رەفسەنجانی لە بەرەوپێش بردنی شەردا دەوری كاریگەری دەبینی و لە كردەوەدا ئەوە رەفسەنجانی بوو شەڕی رژێمی عێراقی كرد و هەر ناوبراو بوو خومەینی بەو بروایە گەیاند كە كۆتایی بە شەری عێراق بێنێ و جامە زەهرەكە بخواتەوە. 

لە ماوەی 38 ساڵی رابردوودا بەرنامەدارێژی سەرەكی به‌شی زۆری كردەوە تیرۆریستیەكانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بووەو لە چەندین كەیسی وەك بۆینس ئایرس و میكونوسدا بە تاوانباری سەرەكی ناسراوەو هەروەها ناوبراو پشتیوان و جێبەجێكاری سەرەكی فتوای خومەینی دژ بە خەڵكی كوردستان بوو.

لە شەری سەرانی رژێم لە سەر دەسەڵات، رەفسەنجانی سەرۆكایەتی باندی ناكۆك لەگەڵ خامنەیی دەكردو بە كردەوە درزێكی گەورە كەوتبووە نێوان ئەو دوو كەسە كە خامنەییش لە بروسكەی سەرەخۆشی مەرگی رەفسەنجانی دا نایشارێتەوە كە ناكۆكیان هەبووە. بە پێی ئەزمون لە رابردووی دەسەڵاتداران و شەر و كێشە ناوخۆییەكانی ئەو دەسەڵاتە و كوشتن و لە مەیدان بەدەر كردنی یەكتر، لەم هەلومەرجەدا،بوونی هەڵوێستی دژ بە خامنەیی، مەرگی رەفسەنجانی بە روداوێكی تەم و مژاوویی نیشان دەداو پێمان دەڵێ كە مردنی ناوبراو دووبارە كردنەوەی سیناریۆكانی پێشووی وەك مەرگی ئەحمەدی خومەینی و چەند كەسی هاوشێوەی لە بازنەی دەسەڵاتدایە.

بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەپێش كە خامنەیی لە مەرگی رەفسەنجانی چی دەست دەكەوێ؟

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەنیا كەسێك توانی پرسیار لەسەر كەسایەتی و بێ توانایی خامنەیی دروست بكات رەفسەنجانی بوو، هاوكات رەفسەنجانی نەیدەشاردەوە كە چەندین سیناریۆی بۆ جێگرەوەی وەلی فەقیه هەیە. هەروەها لە راپەرینەكانی ساڵی 88دا رەفسەنجانی پشتیوانی لە كەروبی و موسەوی كرد و لەلایەن باڵی خامنەییەوە بە سەری مارەكە و دارێژەری فیتنە نێو دەبراو بەردەوام هێرشی دەكرایە سەر. هەروەها لە پشتیوانی كردنی حكومەتی رۆحانیدا دژ بە رەقیبەكانی باڵانسی هێزی راگرتبوو. بۆیە بە نەمانی ره‌فسه‌نجانی، ئیتر خامنەیی بەربەستێكی گەورەی لەبەردەم نەماو لێرە بە دوا هیچ كەس نامێنێ كە بتوانێ‌ لە بەرامبەریدا بكۆكێ و بەرنامە و سیاسەتەكانی بخاتەژێر پرسیار و پاشەكشەیان پێ بكات. دیاره‌ رۆحانی و رەوتی نارازیی ناودەسەڵات كه‌ شوێن كه‌وتوی ره‌فسه‌نجانین، به‌ مه‌رگی ناوبراو، ئەو توانا و هێزەی پێشوویان نەماوەو خامنەیی هەتا كۆتایی بەبێ بەربەست ئەسبی خۆی تاودەدا. 

وه‌ك شاره‌زایانی كاروباری رژیم باسی ده‌كه‌ن، خامنەیی هەوڵی دانانی موجتەبای كوری لە جێگەكەی دەدا، تاكە كەسیش رێگر بوایە لەبەردەم ئەم كارەدا تەنیا رەفسەنجانی بوو وە وەك ناوبراو چەندین جار ئیشارەی پێدابوو كە دەبێ وەلی فەقیه شۆرایی بێ، مەبەست لەم قسەی رەفسەنجانی نەك تەنیا بۆ ئەوەیە كە خۆی بەشی لەو دەسەڵاتەدا هەبێ، بەڵكوو رێگە بە كەسی دیكە بەتایبەت كوری خامنەیی نەدا بە تەنیا ئەو دەورە بگێرێ.

ئەگەر چیی بە مەرگی رەفسەنجانی دەسەلات بۆ خامنەیی یەكدەست بوو، بەڵام وەك پێشتر باسم كرد خامنەییش بۆ خۆی لە ئاخری خەتدایە و پێی لە گوێی قەبر دەلەرزێ، بە مەرگی خامنەیی هیچ كەس ناتوانێ‌ دەسەڵاتێكی رەهای هەبێ و لە راستیدا ئاژاوەو كێشەی گەورە لە مەرگی خامنەییەوە دەست پێ دەكاو بە ئەگەری زۆره‌ سپای پاسدارانی رژێم نەچێتە ژێر فەرمانی كەسی دیكەو بشێوی و ناكۆكی زیاتر باڵ به‌ سه‌ر پێكهاته‌ی له‌رزۆكی ده‌سه‌لاتدا ده‌كێشی و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ سپای پاسداران كودتا بكات بەسەر ئاخوندەكانی دیكەو بە كردەوە باقی دەسەڵاتەكان بۆ خۆی قۆرغ بكات.
ڕێکه‌وت: 2017-01-09 21:51:58
به‌شی ( وتاری سیاسی )





دیمانه

سیاسی