له‌سه‌رهێل 91
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی پۆلێك لە شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە مانگی بەفرانبار

صورة

شەهیدان رەسوڵ حەسەن زادە، عەلی سەعیدی، رەحیم قادری و سەید برایمی نەبی زادە

خۆم بە پێی خۆم دەچمە سەر پێچاڵی مەرگم بۆ گەلم     

  قەیدی ناكا من نەمێنم با  ووڵاتم سەركەوێ

كوری كورد، پێشمەرگەی كوردستان، پاسەوانی شەرەف وناموسی گەلە چەوساوەكەیەتی وهیچ كات لە گیانبازی و فیداكاری رانەوەستاوە و بەهەڵمەتی شێرانەی خۆی وەك كێو لە بەرانبەر هێزە داگیركەرەكاندا وەستاوە و بە دەنگی دلێری خۆی بانگی ئازادی و سەربەستی و سەربەرزی بەرز كردۆتەوە و بە گوێی هەموو گەلانی جیهانی گەیاندووە وبە خوێنی پاكی خۆی مێژووی گەلو حەقانییەتی شۆڕشەكەی مۆر كردووە. 

دوژمنانی گەلی كوردكە لە نەعرەتەی شێرانەی ئەو تۆقیون و لە فیداكاری ونەترسی ئەو زراویان چووە. دژمنانی كورد هەمیشە هەوڵی فەوتاندنی بە كۆمەڵی ئەو گوردیان داوە وبە چاوێك سەیری بێ دیفاع  و پارێزەرانی نیشتمانیان كردووە. چاو خشاندنێك بە سەر مێژووی كاروانی شەهیدە نەمرەكانی گەلەكەماندا وێنەو ناوی هەزاران شەهیدمان بەر چاو دەكەوێ كە بۆ سەربەستی و ئازادی نیشتمان گیانیان فیداكردووەو خەباتی گەلی كوردیان بە قۆناغی ئێستا گەیاندووە. ئێمە زیندووەكانی گەلی كورد ئەركی نەتەوەیی و ئایینی مانە بەو پەڕی ئیحترامەوە یادی گوڵاڵەی باغی خەباتی بێ وچان یادی شەهیدانی سەربەرزی گەل و سازمانی خەبات ی خۆێناوی بكەینەوە.

 شەهید رەسوڵ حەسەنزادە كوڕی برایم خەڵكی گوندی ماماڵ كورە كوردێكی هەژار بوو كە لە بنەماڵەیەكی نەداردا، چاوی بەدنیای پڕ لە ئازار و ژان هەڵێنا وكەوتە ناو گێژاوی ژیانی نەداری. شەهید رەسوڵ هەر لە سەرەتای ژیانیەوە هەستی بە زوڵم وسەرەڕۆیی زۆردارانی حاكم كردبوو و هەر بە هۆی ئەوەش لە ساڵی 1360دا بە شانازییەوە هاتە ناو ریزی پێشمەرگە كانی سازمانی خەباتەوە و چەكی تۆڵەی ئەستێنی پێشمەرگایەتی كردە شان. شەهید رەسوڵ لە زۆربەی شەرەكانی ناوچەی بانەدا ئازایانە بەشداری هەبوو, بەڵام بە داخێكی زۆر گرانەوە لە رۆژی 9/10/1362 لە شەڕێكی قارەمانانەدا دوای چەند ساعەت دوژمن تۆقاندن لەساعەتی 5ی دوانیوەڕۆدا لە گردەگوێل پشتی شیوەڵەیی ناوچەی بانە بە گوللەی دوژمنان پێكرا و دڵی پڕ لە ئەوینداری بە گەلەكەی لەكاركەوت و بۆ هەمیشە لە هاوسەنگەرەكانی ماڵئاوایی كرد

               ((هەزاران سڵاولە گیانی پاكی بێت))

شەهید عەلی سەعیدی كوڕی عەبدوڵا خەڵكی گوندی ئۆغەل سەر بە ناوچەی بانە كورە كوردێكی هەژار بوو كە لە بنەماڵەیەكی ڕەشایی لە دایك بوو لە گەڵ فەقیری و نەداری ژیانی گەورە ببو، لە ساڵی 1360 كە هەستی بە بەشخوراوی كرد هاتە ناو ریزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات و دەستی كرد بە خزمەت كردنی گەلەكەی . شەهید عەلی لە كاتی جەولەی پێشمەرگەكانی سازمان هاتە ریزی پێشمەرگایەتی و كەسێكی بە هەست بوو ئەو ماوەیەی لە  ریزی پێشمەرگەكانی سازماند زۆر دڵسۆزانە ئەركەكانی بەرێوەدەبرد. بە تایبەت كە پێشمەرگەی رێكخراوی ناوچەی حەوتەوانەی  سازمان بوو لە گەڵ كادرو پێشمەرگەكانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەكی چالاك هەلدەسووڕا. بە داخەوە بای ئەجاڵ لە ناكاو هات ودەفتەری ژینی دڕی و گوڵی ژیانی هەڵوەراند  و لە رۆژی 3/10/1360 دا بەهۆی نەخۆشیەوە گیانی پاكی تەسلیم بە پەروەردگاری كورەواری كرد.

((هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی بێت))

شەهید رەحیم قادری كوڕی شەریف خەڵكی گوندی هەورازەی نێوان سەردەشت بانە.زەحمەتكێشێكی تێكۆشەر بوو كە لە ساڵەكانی سەرەتای شۆڕشی خەڵكەكانی ئێران دژی رژێمە بۆگەنەكەی حەمەشای گۆڕبەگۆڕدا نەخشێكی بەر چاوی هەبوو و لە ساڵی 1359دا بوو بە لایەنگری سازمانی خەبات و وەك ئەندامێكی سازمان كاروباری سازمانی بەو پەڕی شانازییەوە رادەپەڕاند. لە كاتێك كە دوژمن بۆ گرتنەوەی جادەی بانە سەردەشت هێرشی كرد بەهۆی تۆپ بارانی وەحشیانەی دوژمن لە رۆژی 13/10/1360 دا شەهید كرا.

((هەزاران سڵاو لە گیانی بەرزی و بەرێزی بێت))

 

شەهید سەید برایمی نەبی زادە یەكێك لە پێشمەرگە خاوەن باوەڕەكانی سازمانی خەباتی كوردستانی بوو. سەید برایم چەندین بەرپرسایەتی لە ئەستۆ بوو كە دیارترین بەرپرسایەتی بەرێچوەبردنی زیندانی ناوەندی سازمان لە بنكەی سەركردایەتی لە سەراومیراوا، كێلە و دێ‌ سیرەمێگ لە ناوچەی شارباژێری كوردستانی عێراق بوو. سەید برایم پێشمەرگەییكی دڵسۆز وهەروەها خەلیفەییكی دڵسۆزو دەف زەنێكی شارەزا بوو كە ئەگەر ئێستا لە ژیانادابوایە بێگومان لە یەكەمین هونەرمەندانی دەف زەنی كوردستان دەبوو. سەید برایم بەو پەڕی دڵسۆزی و قارەمانەتی ئەركی پێشمەرگایەتی بەڕێوە برد. شەهید برایم لەشەڕی 38رۆژەی شاری بانە و زۆر لە شەرەكانی ناوچەدا بەشداری كرد و لەگەڵ هێزی شەهید سەید خەلیل  لە بانە و هێزی شەهید وریا لە ناوچەی بانە ئەركی پێشمەرگایەتی بە ئەنجام گەیاند. سەید برایمی نەبیزادە بەراستی پیاوێكی بە بڕشت و بریار بوو لە كاروباری پێشمەرگایەتییدا.  بە داخەوە شەوی سێ شەممە 2/10/1365 لە تەمەنی 70 ساڵدا بە نەخۆشی شەهید بوو. شەهید برایم لە پاییزی 1358 دا هاتە ناوریزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتەوە بەراستی مردنی سەید برایمی نەبیزادە لەدڵی هەڤاڵاندا پەژان بوو.

((هەزاران سڵاو لە گیانی پاك وخۆشەویستی بێت))
ڕێکه‌وت: 2017-01-19 10:19:10
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی