له‌سه‌رهێل 100
سێ‌شه‌مه 4 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
لە ماوەی 9 مانگدا 12 هەزار كەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان داوە








رێكخراوى پزیشكی قانوونی رژێم لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكا كە لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا  لە ئێران 12 هەزار و 751 كەس بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان داوە.

رۆژی سێ شەممە 5ی رێبەندان، هەواڵدەری حكومەتی ئیرنا لە راپۆرتێكدا لە زاری ئەو ناوەندەی رژێمەوە نووسی كە لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 263 هەزار و 904 كەسیش بەهۆی ئەو رووداوانەوە بریندار بوون.

لەو راپۆرتەدا هاتووە كە تەنیا لە مانگی رەزبەری 95دا، 1140 كەس كوژراون و 26 هەزار و 370 كەسیش بریندار بوون.

ئەو ئامارانە دەرخەری روودانی كارەساتێكە لە وەلاتی ئێران، هەر بۆیە جێی خۆیەتی پێش ئەوەی خەسارناسی بۆ بكەین بەراوردێك بكەین لە نێوان ئێران و هەندێ وەلاتی دیكە لە باری رووداوی هاتووچۆوە.

رێژەی زیانی رووداوی هاتووچۆ لە ئێران 25 ئەوندەی ژاپۆن و 2 ئەوندەی وەلاتی توركیەیە.

لە ئینگلیس لەگەڵ ئەوەی كە سێ ئەوندەی ئێران ترۆمبێڵی تێدایە بەڵام رووداوی هاتووچۆ 322 ئەوندەی ئێران كەمترە.

لە وەلاتی هولەند كە حەشیمەتەكەی 17 ملوێنە لە ساڵدا تەنیا 200 كەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە دەمرن.

ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی زۆرترین رێژەی كەرەستەی گواستنەوەی لەخۆ گرتووە یانی 250 ملوێن دەزگا، بەڵام زیانی جادەیی لەو وەلاتە سێ یەكی ئێرانە.

لە سوئیدیش ئەو ژمارە نۆ یەكی ئێرانە.

وەك دەبینین لە وەڵاتگەلێك كە چەند ئەوندەی ئێرانیش ماشین و كەرەستەی گواستنەوەی تێدایە بەڵام رێژەی رووداوی هاتووچۆ كەمترە، هۆكەی چیە؟

لە رووداوی هاتووچۆدا سێ هۆی مرۆڤ، جادە و كەرەستەی گواستنەوە دەوریان هەیە. بەڵام دەسەڵاتدارانی رژێم مرۆڤ دەكەنە هۆی سەرەكی بۆ ئەوەی خەڵك بە تاوانبار بزانن، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی بەرزبوونی رێژەی رووداوی هاتووچۆ لە ئێران بەهۆی خراپی جادەكانەوەیە، بەشێوەیەك كە 73.8 لەسەدی رووداوەكانی كە دەبنە هۆی مردن، بەهۆی كەمی پانتایی جادەكانەوەیە.

هەر لەم بارەوە وەزیری جادە و شارسازی رژێم گوتوویەتی: سەرمایەگوزاریەكی زۆر كەم لە بەشی راگرتنی جادەكانی وەڵاتدا كراوە. هەر بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە 40 لەسەدی جادەكانی وەڵات لە رەوشێكی خراپدان.

یەكێكی دیكە لە هۆكانی رووداوی هاتووچۆ كەرەستەی گواستنەوەیە، هەژاری و نەداری خەڵكی ناچار بە بەكارهێنانی ماشینی كۆن و بێ كەڵك كردووە كە ئەوەش رێژەی رووداوەكان بەرز دەكاتەوە. لەلایەكیش ژمارەیەك دز كە دەستیان بەسەر پیشەسازی ماشیندا گرتووە، ماشین بە كوالیتێكی زۆر نزم بەرهەم دێنن بۆ نمونە ترۆمبێڵی پراید خولقێنەری 24 لەسەدی رووداوەكانی جادەیە. ئەو ترۆمبێڵە بە هۆی سووكی و شێوەی ئایرۆ دینامیكیەكەی كاتێك بە توندی بروات لە زەوی مەودا دەگرێ وە ئەوە وزەیەك دروست دەكا بەناوی وزەی لیفت، كە وەرگەرانی ترۆمبێڵەكە ئاسانتر دەكات، زیاتر لە 50 ملوێن لەو جۆرە ترۆمبێڵە لە بازاردایە و بە دەست خەڵكەوەیە.

لە نێو 190 وەلات ئێران لە پلەی 189مین وەڵاتدایە، كە ئەوە دەرخەری كارەساتەو تەنیا خەڵكی ئەو وەڵاتە نرخەكەی دەدەن.

ڕێکه‌وت: 2017-01-24 16:18:09
به‌شی ( هه‌والی ئێران )





دیمانه

سیاسی