له‌سه‌رهێل 66
دووشه‌مه‌‌ 3 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هێزەكانی نزیك لە رژیمی ئێران، لە پیلاندان دژ بە هەرێمی كوردستانی عێراق

لە دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان  لە 25ی سێپتامبری 2017، هەر زوو رژیمی ئێران كەوتە هەرەشەو گورەشە  و پەلاماردانی سەركردایەتی كورد لەو بەشەی كوردستان، وێرای وەڵاتی توركیە كەوتنە پیلانگێڕان لە كورد و لەگەڵ حكومەتی عێراق بەرەیەكی نوێیان لە دژی هەرێمی كوردستان كردەوە.

 پشتیوانیەكانی رژیمی ئاخوندی بۆ حكومەتی عێراق كە وای كرد حكومەتی عێراق بە نەفەسێكی پاوانخوازانە هاتەپێش ژمارەیەك گەمارۆی بەسەر كوردا سەپاند و لە دوا هەنگاویدا لە دوای هەرەشەكانی حەیدەر عەبادی لە كورد لە 10ی ئۆكتۆبری 2017 هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی كە راستەوخۆ لە سوپای قودسی رژیمی ئێران فەرمان وەردەگرن هێنرانە سنورەكان كوردستان و بوونە هەرەشە بۆ سەر كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان. 

ئەم هەنگاوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە رژیم شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی زۆر بەهێزتر بوو و بەپێی ژمارەیەك لە راگەیەنەكان ئەو هێزانە سەعاتی سفریان بۆ هێرشكردنە سەر پێشمەرگە دیاری كرد بوو، بەڵام بە هۆی پشتیوانی خەڵكی شاری كەركوك و شارەكانی دیكەی كوردستان و بەورەیی و خۆراگری پێشمەرگە، هێزەكانی رژیمی ئێران (حەشدی شەعبی) نەیانوێرا خۆ لەشەر بدەن و پاشەكشەیان كردووە.

لە دوای ئەوەی مەترسیەكان بۆ سەر كوردستان لە زیاد بووندایە و حكومەتی عێراق سیاسەتی خۆسەپاندن پەیرەودەكات، ئەورۆ نێچیروان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڵاوكراوەیەكدا رایگەیاند كە داوا لە سیستانی مەرجەعی شیعە لە عێراق، هەموو لایەنە عێراقیەكان و رێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكا، یەكیەتی ئوروپا، وەڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی دژی داعش، دەوڵەتەكانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش و وەلاتانی جیران دەكات رێگە لە شەرێكی تازە لە ناوچەكە بگرن و داوا دەكان هێزە عێراقیەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروست كردنی ئەو شەرە نەدەن. چونكە لێكەوتەی راستەوخۆی زۆر خراپی دەبێ لە سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستیەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆش دەكاتەوە.

بانگەوازی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە:

دوای ئەوەی بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، رۆژی 10-10-2017 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەی دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازیی سوپا و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و كوردستان راگەیاند، چەند رۆژێكە بە مەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری موسڵەوە تا دەوروبەری كەركووك و خانەقین كۆدەكرێنەوه‌.

ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە به‌ڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەموو رێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمه‌ریكا، یه‌كێتیى ئه‌وروپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە رۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە و داوا دەكەین هێزە عێراقییەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونكە لێكەوتەی راستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆشدەكاتەوە.

ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو چارەسەركردنێكی راستەقینەی هەموو كێشەكان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیه‌كى بنیاتنەرانە نیشان دەدەین و بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێك و لێكەوتە خراپەكانیشی دەخەینە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەڕێز حەیدەر عەبادی.

داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە كورد، عەرەب، توركمان و كریستیانەكان دەكەین بە ورەیەكی بەرزەوە ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی هەر شەڕخوازییەك و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی هەموو شارەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی شارەكانمان هاوشێوەی موسڵ و ئەنبار و شارەكانی دیكەی عێراق تووشی كۆمەڵكوژی و وێرانبوون نەبن، هەروەها داوا لە هەموو حیزب و لایەنەكانی كوردستان دەكەین یەكهەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریكردن لە كوردستان.

شارەكانی هەرێمی كوردستان پەناگەیەك بوونە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حكومەتی عێراق دەیەوێت بە هێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێكبدات.

ساڵی 2014، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری رایكرد و چەكێكی زۆری بۆ داعش جێهێشت، هێزی پێشمەرگە فریای خەڵكی ئەو ناوچانە كەوت و ئه‌وانى لە دەست داعش پاراست، لەو كاتەوە ئەو ناوچانە لە دۆخێكی ئارامی ئەوتۆدا دەژین كە هیچ كاتێك سەقامگیرییەكی بەو شێوەیان بەخۆیانەوە نه‌بینیوه‌، ئه‌مه‌ش بەهۆی فیداكاریی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان و هاوكاریی خەڵك لەگەڵیان.

چەندین جاریش رامانگەیاندووە نابێ هیچ چارەسەرێك دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەكی خاوەن تایبەتمەندی كە ویستی هەموو پێكهاتەكانی رەچاو بكات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاریكردنێكە.

ئێستاش دووبارەی دەكەینەوە كە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێ هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نه‌ك داواكاریى ئێمه‌ بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى هێز و سوپا و هه‌نگاونانى عه‌مه‌لى بۆ شه‌ڕ، وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.
ڕێکه‌وت: 2017-10-13 15:27:50
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )





دیمانه

سیاسی