له‌سه‌رهێل 108
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
دانەمرکانەوەی ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران تا سەرکەوتن!

بێهروز ئەردەڵان

ڕاپەڕین و ڕابوونی جەماوەری لەئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کە لە مانگی بەفرانبارەوە دەستی پێکردۆتەوە دامرکانەوەی نیە و ڕێک وەک ئەو شەپۆلەیە کە لەگەڵ هەر ڕاوەستان و گەڕانەوەیێک بۆ دواوە،بەتەوژمێکی بەهێزتر دێتەوە پێش و بەربەستەکانی پێش خۆی ڕادەماڵێ. لەگەڵ سەرکووتی بەردەوامی ڕژیم و هاش و هوش و هەڕەشە، خەڵکی ناڕازی زیاتر دەبن و خواستیان دەچێتەسەر، کە ڕووخان و گۆڕینی سیستمیان کردۆتە ئەولەویەت. مانگرتن و خۆپیشاندان  لە شارە جۆراوجۆرەکان، نیشان لە تەقینەوەی ڕق و توڕەیی جەماوەرە کە ساڵهای ساڵە پەنگی خواردۆتە. کڵپەی ناڕەزایەتی جەماوەر بەتایبەت ژنانی چەوساوە و لاوانی خنکێندراو، دەنگی تەقینەوەیێکی بەهێزە کە دەسەڵاتی ووڕ وکاس کردووە. 

 هاواری نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم و سەرانی دەسەڵات و هاووکات ووتوێژی بەدووی یەکی ئاخوندان دەرخەری ترس و دڵەڕاوکیێکی گەورەی ڕژیمە کە بەهۆی ئاخێزەوە تووشی بوون و هەریەکەیان بەدووی ڕێگەی هەڵاتندا دەگەڕێن. ڕوحانی یەک لەئاخوندانی ترس لێنیشتوە، کە لەسەر گۆڕی خومەینی بەئاشکرا هێماکانی ڕمانی دەسەڵاتی باس کرد و بارودۆخی ئێستای ڕژیمەکەی بە دەورانی پاشایەتی شوبهاندو گوتی دەسەڵاتی پێشوو دەنگی ناڕەزایەتی نەدەبیست. خەڵکی  زیاتر لە 140شارو دێهات تەزاهوراتیان کرد و ئێستاش بەشێوەی ڕێکخراو و جۆراوجۆر دروشمی ڕوخان و هێمای نەویستنی ڕژیم دەڵێن. لەگەڵ بەردەوام بوونیان لە خۆنیشاندان، لەگەڵ کاردانەوە بەرەووڕوون و وەڵامی ڕژیم بۆ کوژاندنەوەی گڕکانی توڕەییان، وەک هەمیشە چەواشەکاری و سەرکوت و ئێعدام بووە. ڕۆحانی و بەرەی چەواشەکاری بەناو ئیسڵاحات، بەدروشم و شێعاری پوپولیستانە و خەڵک هەڵخەڵەتێنەر بۆ بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتی کەوتوونەتە خۆ و لە ڕاگەیاندن و میدیاکانیانەوە هەر ڕۆژێک ووتار و بابەتێکی جیاواز باس دەکەن و شتگەلێکی پێک هاتە شکێن باس دەکەن ودەووروژێنن. سەرلێشێواوی دەسەڵاتی ئاخوندی و هاووکات یەکانگیری جەماوەری، دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە گۆڕانکاری ڕیشەی دێتە ئاراوە. لەمەڕ دامرکانەوەی گڕی شۆڕش و هەستی ئازادیخوازی، چەواشەکارانی مێژوو کەووتوونەتە بونبەستی هەموو لایەنە و تاپێدەچێت کەلێنیان زیاتردەبێ و ڕووش بوونیان لە یەکدی پەرەدەگرێت. سیستمی دادوەری و ئەحمەدی نژادی کۆنە سەرکۆماری ئاخوندی کێشەکانیان قوڵتر بۆتەوە و لەم پێوەندیەدا دوو لایەن ڕوون کردنەوەیێکی باشتریان داوەتە خەڵک کە ڕژیمی ئاخوندی چەندە گەندەڵ و بێ مایەیە. لەلایێکی دیکە کەڕووبی بەشدار لە تاوانەکانی ڕژیم سەبارەت بەگەلانی ئێران لەنامەیێکدا ڕووخانی ڕژیم و هەرەسهێنانی دەسەڵات دەدا بە گوێی خەڵک و سەرانی ڕژیمدا و بە ڕێنماییەکانی، پەتی سێدارە و سزادانیان لەلایەن گەلەوە بە ئاخوندان نیشان ئەدات. خەڵک بە تەواویەتی ڕژیمی خوێندۆتەوە و شێوەی خەبات و ڕابوونیان بەپێی ڕەووتی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە شوومەکانی ڕژیم هەڵبژاردووەو بۆهەر  گەڵاڵەیێک، بەرنامەیێکی تایبەتی گورچووبڕیان ئامادەیە. ئەو خاڵ و بڕگە و بنەمایانەی کە ئاخوندان دەسەڵاتیان لەسەر بونیاد ناوە، ئەمڕۆ بوونەتە ئامانج و جەماوەر له ڕیشەکێشانی ئەم نیزامەی مەبەستە. بابەتە داسەپێنراوەکان وەک حیجابی زۆرەملی کە ئێرانی گەڕاندەوە بۆ چاخی بەردین، لەلایەن ئازادیخوازان و هەڵوەدایانی مرۆڤتەوەر و هاووکات گیان فیدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدرێت و ژنان کە مافەکانیان پێخوست کراوە و ئێستا مەیدانداری موبارزەی چینایەتی و ڕزگاری گشتین، پێشەنگ و سەرقافڵەی شۆڕشێکی ڕاستەقینەن کە ڕژیم بەرەو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوە دەنێت.

 
ڕێکه‌وت: 2018-02-04 12:27:28
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی