له‌سه‌رهێل 72
پێنجشه‌ممه‌ 1 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
جان بۆڵتۆن، بەرجام و داهاتووی ئێران!

عەلی بارامی 

رۆژی دووی خاكەلێوەی 1397ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرۆككۆماری ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند كە جان بۆڵتۆنی وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و لە جێی هێربێرت مەك مەستەر دیاری كردووەو بۆچوونەكانی ناوبراویشی قەبووڵە. ئەم هەواڵە هەر زوو لە راگەیاندن و تۆرە كۆمەڵایەتیەكاندا بەشێوەیەكی بەربڵاو رەنگی دایەوە. سەناتۆر لیندزی گراهام لەو بارەوە وتی دیاری كردنی جان بۆڵتۆن هەواڵێكی خۆش بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و هەواڵێكی ناخۆشە بۆ دژمنانی ئەو وەڵاتە.

جان بۆڵتۆن لە ماوەی سەرۆككۆماری جۆرج بووشی كوڕ دا بۆماوەیەكی كورت نوێنەری ئەمریكا لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بوو و لە ئێستادا ئەندامێكی پلەبەرزی دامەزراوەی ئەمریكەن ئیتێرایزە و هەڵوێستەكانی لەبارەی دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان بەتایبەت رژیمی ئێران، كورەی باكوور، سوریە  جێگەی بایەخی میدیا و شرۆڤەكاران بووە. 

ناوبراو لایەنگری هێرشكردنە سەر حكومەتی بەعس و رژیمی ئێران و كاردانەوەی توندی بەرامبەر كورەی باكوور و حكومەتی سوریە بووە.

جان بۆڵتۆن سیاسیەكی بەبرشتە كە خوێندنەوەی دروست بۆ بابەتەكان دەكات. ناوبراو چەندین جار وتوویەتی كە حكومەتی ئاخوندەكان لە ئێران مەترسی و هەرەشەی سەرەكین بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەراست.  جان بۆڵتۆن لەكاتی رێكەوتنی ناوكەیی ووڵاتانی 5+1 لە گەڵ رژیمی ئێران بەتوندی رایگەیاند كە ئەو رێكەوتنە، دەسەڵاتدارانی ئێران ملهورتر دەكات و لە ساڵی 2015 رایگەیاند بەجێی رێكەوتن لەسەر بەرنامەی ناوكەیی بەپێویستی دەزانێ هێرش بكرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی رژیم. 

لەسەر ئەو بۆچوونەی جان بۆڵتۆن شائول موفاز وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل دەڵێ: جان بۆڵتۆن لەكاتی دەسەڵاتی بووشی كور دا بەدوای ئەوەوە بوو كە ئیسرائیل رازی بكات هێرش بكاتە سەر ئێران.

ناوبراو هیچ كات هەڵوێستی خۆی لەبارەی رژیمی ئێران نەشاردۆتەوەو هەوڵی تەواوی داوە سیاسەتی ئەمریكا لەراستای گۆرینی سیستەمی سیاسیی لە ئێران بێ. ناوبراو لە وتووێژیكدا دەڵێ پێویستە دەوڵەتی ئەمریكا پشتیوانی لە سیاسەتی گۆرینی رژیم لە ئێران بكات، لەبەر ئەوەی ئەوە تەنیا رێگەچارەی درێژماوە بۆ بەرەورووبوونەوە لەگەڵ هەرەشەی حكومەتی تاران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراستە.

هەروەها  هاوینی رابردوو لە كۆبوونەوەی ساڵانەی سازمانی موجاهیدینی خەلق لە پاریس رایگەیاند كە دۆناڵد ترامپ دەبێ وەك ئەو سازمانە ئامانجی خۆی بۆ گۆرینی رژیمی كۆماری ئیسلامی بگۆرێ و شۆرای ملی مقاومەت و سازمانی موجاهیدین وەك ئاڵترناتیوی رژیم بناسێ. هەروەها وتبووی كە رژیمی ئێران نابێ یادی 40 ساڵەی خۆی بكاتەوە.

هاوكات خوازیاری پشتیوانی لە ئیسرائیل و كورد وەك دوو هاوپەیمانی ئەمریكا لە ناوچەكەیە. لە كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیشدا، جان بۆڵتۆن داوای كرد كە پشتیوانی لە كورد بكرێ و پێی وابوو كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ. 

بۆیە دیاری كردنی جان بۆڵتۆن بۆ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە پۆستێكی گرینگە لە كابینەی بەرێوەبەریی ئەو وەڵاتە بۆ دۆستان جێگەی دڵخۆشیە و هەر زوو ئیسراییل پێشوازی لەو بریارەی دۆناڵد ترامپ كرد و بەرپرسانی ئەو وەلاتە جان بۆڵتۆنیان بە دۆستێكی راستەقینە ناوبرد.

 عەلیرەزا جەعفەرزادە وتەبێژی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێرانیش لە تویتێكدا رایگەیاند كە جان بۆڵتۆن خوێندنەوەو تێگەیشتنێكی دروستی بۆ ناوچە و بەتایبەت هەڕەشە و مەترسیەكانی رژیمی ئێران و پێویستی ئازادكردنی ئێران هەیە.

 لەبەرامبەر دیاری كردنی جان بۆڵتۆن وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئەوەی زۆر تەنگەتاو بوو رژیمی ئێران بوو، بەرپرسانی ئەو رژیمە بوونی ناوبراو لە كابینەی دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا بە مەترسیەكی جیددی بۆ سەر دەسەڵاتەكەیان دەزانن. عەلائەدینی بروجێردی سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی رژیم لەو بارەوە وتی ئەمریكاییەكان دەیانەوێ‌ سیاسەتێكی توندتر لەبەرانبەر كۆماری ئیسلامی پەیرەو بكەن و ئێمە دەبێ زیاتر لە چین و روسیە نزیك بینەوە.

هەروەها حوسێن نەقەوی حوسێنی وتەبێژی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی رژیم رایگەیاند گۆرینی وەزیری دەرەوە و دیاری كردنی جان بۆڵتۆن وەك راوێژكاری ئاسایسی نەتەوەیی ئەمریكا  نیشانەی هەنگاوی ئامانجداری دەوڵەتی ئەمریكا لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئامانجی كۆتاییان روخانی دەسەڵاتی ئێرانە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیسی رژیم هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمریكا لەبەرامبەر رێكەوتنی ناوكەیی، نارەزایەتی بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و نارەزایەتی بە بەرنامەی مووشەكی و كردەوەكانی رژیمی ئێران لە ناوچە دا، لە راستای روخانی رژیم وێنا كرد.

هەروەها عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجومەنی بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم لەوبارەوە وتی هەڵبژاردنی جان بۆڵتۆن بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی مایەی شەرمە.

بریار وایە رۆژی 20ی خاكەلێوە جان بۆڵتۆن بە فەرمی دەستبەكار بێ لە پۆستی نوێی دا، بەڵام بەهاتنی ناوبراو بۆ كابینەی نوێی ئەمریكا چی روو دەدا و بۆچی بەرپرسانی رژیمی ئێران ترسیان لێ نیشتووە.

بەرپرسانی رژیم زۆر باش ناوبراو دەناسن و دەزانن كە كەسێكی خاوەن تەجروبە و بەبرشتە لە هەڵوێست و بە پێی پێگەی خۆی و پۆستەكەی، كاریگەری زۆری دەبێ لەسەر سیاسەتی كۆشكی سپی بەتایبەت كە دۆناڵد ترامپ رایگەیاندووە بۆچوونەكانی بۆڵتۆنی قەبووڵ و پەسەندە.

ئەوەی لە پێش هەر شتێك دەكرێ جان بۆڵتۆن بیكات ئەوەیە كە ئەگەری زۆری هەیە دۆناڵد ترامپ بریاری دەرچوون لە بەرجام و رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژیمی ئێران بدات. لە دوای ئەو بریارەش دۆخەكە دەگەرێتەوە بۆ پێش رێكەوتنەكە و گەمارۆكانی ئەمریكاو ئەنجومەنی ئاسایش و بە ئەگەری زۆر گەمارۆكانی ئوروپاش بۆسەر رژیم وەك پێش 2015 یان لێ دێتەوە و فشارێكی زۆری ئابووری دەكەوێتە سەر رژیمی ئێران.

ئەمریكا هەوڵی تەواو دەدا بۆ بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانی بەتایبەت ئیسراییل و هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی عەرەبستان بۆ سنووردار كردنی جموجۆڵە تیرۆریستیەكانی رژیم لەناوچەكە.

شۆرای ملی مقاومەتی ئێران وەك ئالترناتیوی رژیمی ئێران بە فەرمی لەلایەن ئەمریكاوە دەناسرێ و پشتیوانی لێ دەكرێ.

ساڵی داهاتوو ساڵێكی پر لە رووداوی نوێ لە ئێران دەبێ، نارەزایەتیە جەماوەریەكان درێژەی دەبێ و بەهاوكاری هێزە سیاسیەكان و بەتایبەت شۆرای ملی مقاومەتی ئێران دەبێتە راپەرین و شۆرشی جەماوەری و رووخانی رژیمی ئێران دەبێتە ئەمری واقع و حەتمی.

لە دوای رووخانی رژیمی ئێران دەسەڵاتێكی خەڵكی و دیموكراتیك كە مافی تێكرای نەتەوەو ئایین و مەزهەبێكی تێدا پارێزراو بێ دادەمەزرێ.

 

پێویستە كورد لە ئێستاوە خاوەن بەرنامەی دیاری كراوی خۆی بێ و خەباتی جەماوەری زیاتر پەرە پێبدات و بزوتنەوەی كوردستان پێویستە پشت ئەستوور بە جەماوەری كوردستان، دۆستایەتی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران بكات لە داهاتووی ئێراندا بە كەمترین كێشە ملمڵانێ  دەسەڵاتێكی دیموكراتیك و خەڵكی  جێگیر بكرێ و مافە نەتەوەییەكانی كورد لە یاسای بنەرەتی ئێران دا بچەسپێ و كار بۆ جێبەجێ كردنیان بكرێ.
ڕێکه‌وت: 2018-03-26 15:15:47
به‌شی ( سیاسی )







  به‌شی : هه‌واڵی کوردستان   کات : 2021-09-22

باوکی ڕامین حسێن پەناهی کۆچی دوایی کرد

به‌شی : هه‌واڵی کوردستان   رۆژ: 2021-09-16


سەعید ئەفکاری برای نەوید ئەفکاری دەست بەسەر کرا.

به‌شی : هه‌واڵی ئێران   رۆژ: 2021-09-13

دیمانه

سیاسی