له‌سه‌رهێل 116
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
خەباتی ئافرەتان و گرفتەکانی سەرەڕێ!

زێنەب حسینی

باس کردن لەسەر ڕەوشی ئافرەتان و گرفتەکانی سەرەڕێی گەشەی، مێژوویەکی دورودرێژی هەیە .

بۆ ئەوەی وەک کێشەیێک و کەم و کورتیەک لە هەر کۆمەڵگایێک ئاریشەی ئافرەت بکرێتە ڕۆژەف، پێویستە ئاڵوگۆڕ بەسەر داواکاریەکان بێت. کلتور و تایبەتمەندیەکانی فرەڕەنگی، کە پێک بێت لەکۆی پێکهاتەکان شیتەڵ بکرێ و هەنگاوەکانی پێشوەچونی خواستە مرۆڤایەتیەکان لەسەر بنەماکان هەنگاوی بۆ هەڵگیرێ و ئەژماری هەموو پاش هات و لێکەوتەکانی بکرێت. گەیشتن بە مافەکان بە پڕۆسە بکرێ و قەڵەمباز نەدرێ بەسەر فەرهەنگی دێرین و هەنگاو بە هەنگاو ڕێگەکان بۆ گەیشتن بەکەناری ئارامی ببڕدرێت. بە لەبەرچاوگرتنی کلتور و هەڵکەوتەی ناوچەکە و ناسینی خەڵک و گرفتەکان، ڕێگەی دووری خەباتی بەرابەری و هاووتا بوون لە ماف و ئەرکدا نزیکتر دەبێتەوە و کلیلی چارەسەری نادادپەروەریەکان ئاسان دەبێت.

لە کاتێکدا کلتوری سەقەت و دەست کردی زاڵ کراو، کراوەتە پێوەر بۆ ژیان، مرۆڤەکان کاتیان دەوێ تا بە سیستمێکی دیی باربێن و چۆنیەتی ژیان و ئازادی مومارسە بکەن. لە پێناو گۆڕانکاری، هەڵگرتنی هەنگاو گەلێک کە هەرەمەکی هەڵدەگیرێت، پەراوێزخستنی ئافرەتان، بە دووی خۆیدا دەهێنێت. خوێندنەوەی کۆمەڵگا و ڕەچاوی تایبەتمەندی هەر پێکهاتەیک ڕەمزی سەرکەوتن و پێویستیەکی حەیاتیە.

لە وڵاتانی تۆتالیتەو دیکتاتۆر چارەنوسی ئافرەتان نادیارەو ئەم چینە لە دوو لایەنی دەسەڵات و جامیعە لە بەر شاڵاوی زوڵم و نابەرابەریدان.

لە ئێرانی ژێر حوکمی ئاخوندان، دۆخی هەموو چین و توێژێک لەوپەڕی ناهەموار دایەو ئافرەتان لەم چەوسانەوەدا پشکی شێریان بەرکەوتووە. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخە خەباتی ئافرەتان، بەردەوامی هەیەو لە کۆ و پڕۆسەی ووشیاریی، چینی ئافرەت لەسەرەتای ڕێگەی گەیشتن بە مافە سەرەتایەکانن و بۆ ئەم ئامانجە خەباتێکی گەرم وگوڕ لەئارادایە.

ڕژیمی ئێران بە هاتنە سەرکار و ماوەی حوکمڕانی بەنزیک چوار دەیە، خواستە مرۆییەکانی لەبەرچاو نەگرتوە، بەڵکو بۆ خۆی عاملی نەهامەتی و نابەرابەری و ژێر پێ نانی خواستەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە و ئەم نەریتەشی گواستۆتەوە. بۆ سەپاندنی بیری خۆی و پیادەکردنی شۆڕشی فەرهەنگی بۆ ناشیرین کردنی جوانیەکان، زیندانی کردن و ئەشکەنجە و جۆرەها سزا و نانەوەی ترس بەکار دەبات.

ئافرەتان لە سێبەری ئەو دەسەڵاتەدا لە هەموو مافە سەرەتاییەکان بێ بەشن و یاساکان بەدژی ئەو چینە داڕێژراوەو جوابی داوا ڕەواکانیان بە یاسا گەلێک دەدرێتەوە کە داڕێژەرەکەی خۆیانن و بە پێی ویست و قازانجی پۆلێک ئاخوندی دواکەوتوو فورمولە کراوە.

مافە بنچینەیی و سەرەتاییەکان لە وڵاتدا بە زیانی ئافرەتانن و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاش داناوەو دەرفەتی زوڵم و زۆری بۆ هەلپەرستانی دژە ماف و ئینسانیەت فەراهەم کردوە کە چۆن پێیان خۆشە ڕەفتار بکەن و زوڵم و چەوسانەوەی ئافرەتان وەک کلتورێک نیشان بدەن.

ئاسایی بونی دۆخە نابارەکان مەترسیە بۆ سەر هەر کۆمەڵگایەک و زیان و لێکەوتەکانی بۆ درێژ ماوە زیاترو زیاتر دەبن، کە لە ئاکامی درێژەکێشان، تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵی بەدوودا دێت.

ڕەوشی نالەباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، دۆخی ئافرەتان و چین و توێژەکانی لە ئێراندا بەرەو هەڵدێری نادیار بردوە و سەرچاوەکان باس لە ڕوودانی کارەسات دەکەن.

فشارەکانی ڕژیم لە سەر ئافرەت چەند بەرابەر بووە و سەپاندنی یاساگەلێکی دژە ئافرەتان، حیجابی زۆره ملێ و نەبونی پشتیوانی یاسایی بۆ مافی تەڵاق و لە خۆگرتنی منداڵ و هتد... لە جۆرەکانیەتی .

ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بۆتە واقع و لە هەر مەجالێکدا ڕادەبن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و دەنگی ڕەسای مافخوازی دەدەن بە گوێی دەسەڵات و لە هەر میتینگێک و ناڕەزایەتیەکدا، ئافرەتان دەبنە پێشەنگی مەیدان و چاونەترسانە لەوەی کە لە کۆتاییدا گۆشەی زیندان جێگەیان دەبێت، بانگی ئازادی دەدەن.

بەرەنگاربونەوەو داخوازی ئافرەتان لە ساڵانی ڕابردووداو بە تایبەت ساڵی ۱۳۹٦ جۆرێکی دیکە بوو لەو مۆدێلە خەباتەی کە دەبێ بگیرێتە بەر بۆ زیاتر بەرجەستە بون و گۆڕینی نۆڕمی بەرپەرچ دانەوەو خستنەڕووی داوا ڕەواکانی ئەو چینە.

لە حاڵێکدا کە ڕژیم حیجابی زۆرە ملێی فەڕز کردوەو کەسانێک کە بەد حیجاب بن بە قەولی خۆیان، دەیان گرن و ئەزیەت و ئازاریان ئەدەن . لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو لە وەڵامی ئەم فشارە بەردەوامە وەک بەشێک لە خەبات بۆ ڕزگاربوون لەتەوقی دیلی، ئافرەتان بە بەرزکردنەوەی ڕوسەریەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی و نایان بە حیجابی زۆرەملی گوت. ئێستا و بەشێوەی ڕۆژانە لە شوێن و شاری جیاواز سەرهەڵدان دەکرێ، کە بەپێی هێماکانی شۆڕش بەرەوسەرکەوتن، ڕژیم دوایین ساتەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکات.

کێشەو ئاریشەکانی ئافرەتان لە ئێراندا تەنیا حیجابی زۆرەملێ نیەو گرفتە سەرەکی و نادیارەکان لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا بە شاراوەیی ماوەتەوەو بۆتە بەشێک لە کێشە چارەسەر نەبوەکانی ناو خێزان لەو وڵاتەدا ،کە دەسەڵات لەپشت هێشتنەوەی ئەم نەریتەیە.

بەهۆی فشارە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان و چەوسانەوەیێکی سیستماتیک، بەشێک لە ئافرەتان لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئاسایی زۆر جار لا ئەدەن و توشی مادەی هۆشبەرو لادانە کۆمەڵایەتیەکان دەبن و زیان لێکەوتو و بێ چارەسەری ئەو کۆمەڵگایە دەمێننەوە.

نەبوونی سیستمێک بۆ ڕێکخستنەوەی فۆڕمی ستانداردی خێزانی و بەدەنگەوەنەهاتنی دەسەڵات بۆ چارەکردنی ئەوشکستە کە خولقێنەریەتی، پێویست بە خەباتێکی نەپساوەی یەکانگیر و هەمەلایەنەو دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی خەباتە کەبتوانین زۆرترین دەست کەوت و ڕەواترین داوا بە دەست بێنین.

 
ڕێکه‌وت: 2018-03-28 08:32:15
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )





دیمانه

سیاسی