له‌سه‌رهێل 80
هه‌ینی 12 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شیلان محەمەدی: بزوتنەوەی ژنان لە ناوخۆ بزوتنەوەیەكی زیندوو چاوكراوەیە

 بەمەبەستی شرۆڤەی دۆخی ژنان و ئاوڕدانەوە لە کێشە و گرفتەکانی ژنانی کورد لە كوردستانی ئێران ماڵپەری هاوار وتوێژێکی لەگەڵ خاتوو شیلان محەمەدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی سازمانی خەبات پێکهێناوە کە بەرێزیان لەو وتووێژەدا تیشك دەخاتە سەر بەشێك لە گرفت و كێشەی ژنان و ئاماژە بە چەندین خاڵ وەك كەم كرنەوەی دیاردە خراپەكانی كۆمەڵگە دژ بەو تووێژە دەكات. لێرەدا دەقی دیمانەی "هاوار" لەگەڵ خاتوو شیلان بڵاو دەكەینەوە. 

هاوار: وەك چالاكوانێكی بواری ئافرەتان لە ئێستادا ڕەوشی ئافرەت لە كوردستان چۆن دەبینی؟

 

محەمەدی: ڕەوشی ئافرەتان لە كوردستان لە دوو بەشی گشتی و تایبەتدا هەم وەك تاكێكی كورد و هەمیش وەك ژن، دەكرێ‌ خوێندنەوەی بۆ بكرێ‌. لە ئاستی گشتی دا لە كوردستانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا دۆخی ژیانی خەڵك بە هەموو پێكهاتەكانیەوە و لە هەموو ڕووەكانیەوە كارەساتبار و خەماوییە و خەڵك  لەگەڵ خراپترین زوڵم و چەوساندنەوە ڕوبەروون و تەواوی پێكهاتە و چینەكانی ئەو وڵاتەی بێ جیاوازی لەگەڵ قەیرانی جیددی ڕوبەروو كردووە. هاوكات لە كوردستان ئافرەتی كورد بە چەند بەرانبەر لەگەڵ ستەمی سیستماتیك ڕوبەروویە  و ژنی كورد لەچاو باقی نەتەوەكانی دیكە جگە لە سێبەری قورسی داب و نەریتە دواكەوتووەكان و سیستەمی پیاوسالاری و لە هەموانیش ئازاربەخشتر ڕێسا و یاسا دژە ژنەكانی نیزامی ئاخوندەكان دەبێ قورسایی ستەمی نەتەوەییش لە سەر شانیان هەڵگرن. هاوكات لەگەڵ ئەو ڕەوشە خەماوییە، بزووتنەوەی ژنان لە ناوخۆ بزووتنەوەیەكی زیندووە و ڕۆژبەڕۆژ ژنان چاوكراوەتر و وشیارتر دەبنەوەو بۆ وەدەست هێنانی مافەكانیان شێلگیرانەتر دێنە مەیدان و لە هەوڵەكان بو نەهێشتنی ستەم لەسەر ئافرەتان بە گشتی و ئافرەتی كورد بە تایبەتی شوێن پەنجەی ئافرەتی كورد دیارە و لەگەڵ ئەوەشدا كە فەزاێكی یەكجار مەحدود و داخراو دەوراندەوری ژنانی كوردستانی تەنیوەتەوە بەڵام ناكرێ‌ حاشا لە بوون و خەبات ی ژنانی كوردستان بكرێ‌ .

 

هاوار: ئافرەتان لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە پێگەیەكی بەرچاویان نییە، تا چەند خۆیان لەو بوارەدا كەمتەرخەمییان كردووە؟

 

محەمەدی: ئەگەر مەبەست لە پرسیارەكەلە ناو سیستەمی ڕژیمی ئێران و لەناوخۆی ئێران بێ بە دڵنیاییەوە ئەوەیە كە نەخێر چونكە ئافرەتان كەمترین دەرفەت و زۆرترین بەربەست و جیاوازییان بۆ دروست كراوە،  ژنان لە ئێراندا خراپترین یاساكانیان بۆ لەنەزەر گیراوە وبە بەردەوامی لەگەڵ بێعەداڵەتی و ماف زەوت كردن و سەركوت ڕووبەروون. ئەگەر بۆ نمایشیش بیان هێننە نێو ساحەی سیاسیەوە ئەوكات لە شوێن گەلێك دایان دەنێن كە كەمترین دەسەڵاتی بەرێوەبەری هەیە و لەژێر دەسەڵات و چاودێری خۆیاندایە و دەبێ بیر و هزر و كاریان پیاوانە بێ. ئەگەر ڕووی پرسیارەكەش لە ئافرەتی كورد بە گشتی و لەدەرەوەی وەڵاتی ئیران بێ بێگومان دەكرێ‌ بەشیك لە خەسارەت و نەبوونی ژنان لە شوێنە سیاسی و ئیدارییە بالاكان بگەرێندریتەوە بۆ خودی ئافرەتان و نەهاتنە دەرەوەیان لەو قالبەی دەقیان پێوە گرتووە، بێكاریگەر نییە لە بێ بەش بوونیان لە ناوەندی بریارەكان و ڕەنگە كەمتەرخەمی و هەوڵنەدانی خۆیان تا ئاستێك هۆكاربێ و نەتوانن داهێنەرو خالقی دۆخێك بن كە جواب دەرەوەی مافەكانیان بێت و جێ دەستیان دیاربێ لەو بوارەدا. هاوكات لەگەڵ ئەو ڕاستیەش نابێ فرامۆش بكەین كە ئەو كۆت و بەندانەی ژنانی كورد بە گشتی گیرۆدەی هەن تەنیا لایەنی یاسا حكوومیەكان نییە بەڵكو بەشێكی بەرچاوی  چەوسانەوەی ژنان لە دەروازەی داب و نەریت و كلتووری سەقەتی كۆن و نیزامی پیاو سالاری بەرێوە دەچێ و هەر بۆیە كێشەی ژنی كورد تەنیا لە چوارچێوەی نیزامە دەسەڵاتدارەكان تاریف ناكرێ‌ و بەشێكی بەرچاوی دەگەرێتەوە بۆ خودی كۆمەڵگا و یاسا و ڕیسا باوەكانی . لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە مەنفیانە دەتوانین هەول و تێكۆشانی ژنانی كورد لە بواری سیاسی و بەرێوەبەرییەكان و خەبات و تێكۆشانیان لەو پێناوەدا چ لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەكان و چ لەناو دام و دەزگای حكوومی هەست پێبكەین و ببینین.

 

هاوار: زۆر جار دابونەریتی كۆمەڵگە بە ڕێگر و كۆسپی بەردەم بەرەوپێشچوونی ئافرەتان دادەنرێ، چۆن دەكرێ بەسەر ئەو نەریتانەدا زاڵ ببن؟ 

 

محەمەدی:  بەڵێ هەروەك لە پرسیارەكانی پێشووش ئاماژەم پێدا، نەریت كۆسپ و ڕێگرێكی دیار لەبەردەم پێش كەوتن و گەشەی خەباتی ژنانە. بەشێك لە ئەرك و كاری ژنان تەرخانە بۆ دۆزینەوەی مكانیزمی شیاو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆسپەكانی بەردەم چوونەپێشەوەیان و لەو چوارچێوەیەدا دا بێگومان وشیاری هەمەلایەن و گشتگیری ئافرەتان دەتوانێ‌ دەورێكی یەكجار گەورە بگیێڕی.  بە خۆشحاڵیەوە دۆخی ئافرەتان ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانی بە لایەنی ئەرێنی بەسەردا دێت و ئافرەتان چاوكراوەتر دەبن لەحاست مافەكانیان. پێویستە وەگەڕخستنی هەوڵ و تواناكانی ژنان و ئاشنابوونی زیاتر بە مافەكانیان ببێتە گرنگترین ئەرك و بەرنامەی ڕێكخراوەكانی ژنان. بێگومان لەو ڕێگایەدا كۆمەلگا و گۆڕینی نرخ و نۆرمە كۆمەلایەتیەكان  كاریگەر دەبێ و پێویستە سیستەمی پەروەردەی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەكسانی و لابردنی هەلاواردنی ڕەگەزی بێ و وشیار كردنەوەی كۆمەڵگاو گۆرین و بەرەنگاربونەوەی داب و نەریتی دواكەوتووانەی ناو كۆمەڵگا.هەنگاوی تەواوكەری ئەركی سەرەتا دەبێ.

 

هاوار: نكۆڵی لەوە ناكرێ كە زۆرینەی میدیای كوردی بایەخیان بە مافەكانی ئافرەت داوە و كەم و تا زۆر كاریان لەسەر كردووە، بەڵام بۆچی تا ئێستا خۆكوشتنی ئافرەتان بەردەوامە؟

 

محەمەدی:  ڕاستە كە میدیاكان لە كوردستان  و تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش بە بەردەوام و بەگرنگیەوە باس لە بزووتنەوەكانی ژنان و كێشەو گرفتەكانیان دەكەن، بەڵام ئەوەندە كافی نیە. من هەمیشە وتومە كە بەداخەوە باسكردن لەسەر دۆخی ئافرەتان تەنیا بۆتە دیاردەیەك و تەنانەت میدیاكانیش زۆربەی كات بۆ پركردنەوەی بەرنامەكانیان گەڵكی لێوەردەگرن و زۆربەی شتەكان دەچنە قاڵبی شوعار و ڕۆاڵەتەوە، تەنیا باسكردنی كێشەو گرفتەكان بەبێ  بوونی چارەسەری ڕیشەیی و قووڵ و گۆرینی ساختاری كۆمەڵگا و یاساكانی دژی ژنان و هەموو كۆت و بەندەكانی تر بێگومان دیاردەی خۆكوژی هەر وا بەردەوامەی دەبێ. لەگەل هەموو دژایەتیەكانمان بۆ ئەو دیاردە نەشیاوە و تا ڕادەێك تەسلیم خوازانەیە، بێ دەرەتانی و گەیشتنی ستەم بە لوتكەی خۆی وەك هۆكاری بەرێوەبردنی ئەو دیاردەیە دەزانین و بۆ كەم كردنەوەی ئەو دیاردەیە  وێرای فەرهەنگ سازی و بردنە سەرەوەی ئاستی ووشیاری ژنان پێویستە دەرەتان و پارێزگاری بۆ ژنانی چەوساوە بەرەو سەر ببەین.

 

هاوار: بەڕای تۆ ئەو میكانیزمانە چین كە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان كەم دەكاتەوە؟

 

 

محەمەدی: پاڵپشتی و چەسپاندنی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە لایەن دەسەڵاتەوە و بوونی ناوەندەكانی ژنان و هەلسوورانیان لەو بوارەدا و پارێزگاری و داكۆكی لە ژنانی توندوتیژی لەبەرانبەر دا كراو و دیاری كردنی سزا و تێچووی قورس بۆ كردەوەی توندوتیژی دەكرێ‌ هاوتەریبی هەنگاوەكانی تر وەك مكانیزمی كەم كردنەوەی ئەو دیاردەیە نەشیاوە لێی برواندرێ‌.
ڕێکه‌وت: 2018-04-23 18:59:59
به‌شی ( دیمانه‌ )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: شیلان محەمەدی: بزوتنەوەی ژنان لە ناوخۆ بزوتنەوەیەكی زیندوو چاوكراوەیە