له‌سه‌رهێل 93
یه‌کشه‌ممه‌ 4 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەقوەسێنی میللەتی کورد

بیرەوەرییەک لەگەڵ شەهید عەتا

مامەند رۆژە

دوای حەوت مانگ ئینفرادی و لێپرسینەوە، سەرەنجام بڕیاریان داو و بۆ زیندانی سیاسییان گواستمەوە. ئەوسا زیندانەکە لە تەنیشت دادگای ئینقلاب بوو. مەسافە لەنێوان دادگا و زیندان ٢ خولەک بوو. 

یەک هەفتەی دیکەش لە ئینفرادی زیندانی دادگای ئینقلاب رایانگرتم. دواجار رۆژێک هاتن و چاوبەندێکی رەشیان دامێ کە چاوم ببەستمەوە و بێمەدەرەوە. دڵەراوکەم هەبوو داخۆ بۆ کوێم دەبەن؟ بڵێی بمبەنەوە بۆ سەرەوە یاخود دەمبەنە زیندان؟ 

دوای نیوکاژێڕ ناونووسین، سەرەنجام دەرگای ئاسنی زلی زیندان بەروومدا کرایەوە. سەربازەکە لە پێشمەوە دەچوو. لە حەوشە زیاتر لە سەد بەندی هەندێکیان بەدەم پیاسەوە، هەندێکیان بەدەم کۆڕەوە و هەندێکیشیان لەبن سێبەری دیواری لای سەرووی حەوشەکەوە سەیریان دەکردم. 

منیش دەمێک بوو جەنجاڵی وام نەدیبوو. ریشم هاتبوو و بەشەرمێکەوە بەناو بەندییەکاندا بەدوای سەربازەکەدا رۆیشتمە سەرەوە. لە ژوورێک کە لە ئۆفیس دەچوو، سەربازەکە دۆسێکەمی دایە دەستی کابرایەکی تێسڕماو و هەندێک شتی پێگوت و رۆیشت. ئینجا کەسەکانی ناو دیوەکە یەکە – یەکە هاتن و بەخێرهاتنیان لێکردم. 

یەکیان زۆر بەگەرمی بەپیرمەوە هات. بردمییە ژوورەکەوە و سەبارەت بە ئایینی ناو ژوورەکان و کاتوساتی نانخواردن و خەوتن و چوونەناو حەوشەوە زانیاری پیویستی دامێ. هەر لە یەکەم گفتاردا گوتی: من ناوم عەتایە و لەسەر دۆسێی خەبات دەسگیرکراوم. 

ئەو نیوەرۆیە بەمجۆرە یەکمان ناسی. ئێوارەکەی کاک عەتا کۆمەڵێک شتی بۆ باسکردم:

" ئاگات لەو کەسە بێت. خۆی لێت نزیک دەکاتەوە. ئامان هیچی پێ نەیەژی. ئەوە پیاوی خۆیانە."

کۆمەڵێک ناوی دامێ کە خۆمیان لێ ببوێرم. ئەمەش سەرەتایەکی باش بوو. 

رۆژێکیان لە کۆڕێکی چکۆلەدا کۆمەلێک بەندی چەپ، نەتەوەیی و ئیسلامی مشتومڕیان بوو. شەهید عەتا بێترس، بێ خۆوەشاردن بەرگری لە بۆچوونەکانی کرد. تەنانەت کار گەیشتە ئاستێک دەنگی بەرزکردەوە و گوتی: 

" من بە کێ ئەترسێنن؟ ئاوەسە بانگیان بکەن و باکم نییە چی ئەکەن با بیکەن. من دیفاع لە مەسەلەی خۆم ئەکەم و چۆنی کابرای ئەهلی هەق ئەیوت((من هەقوەسێن کوردم)) منیش ئا لێرەوە ئێژم من هەقوەسێنی کوردم و چیش ئەکەن با بیکەن". 

ئینجا سەربازەکان گوێیان لە مشتومڕەکە بوو. کابرای سیخوڕی ناو خۆمان یەکسەر خۆی گەیاندە دەروازەکە. زۆری نەبرد کەدخودا (ئەوسا دادوەری ئینقلاب بوو و زوو- زوو سەردانی ناو زیندانی دەکرد) هاتەژوورەوە. 

یەکسەر هەموومانی کۆکردەوە و دەستی کرد بە جنێودان. پاشان فەرمانی بە سەربازەکان کرد و گوتی: ئا ئەم واوا لێهاتووەم بۆ بهێنن.

شەهید عەتایان لەگەڵ خۆیان برد. یەک هەفتەی رێک دەنگی نەبوو. دەنگۆ بڵاوبووەوە و گوتیان: بردوویانەتە ئینفرادییەکانی دادگای ئینقلاب. 

دوانیوەرۆیەک هێنایانەوە، تۆزێک دەشەلی. هیلاک و کەنەفت بوو. کە نزیک بووەوە تومەس سەروچاوی رەشوشین هەڵگەڕاوە. زۆریان لێدابوو. بێدەنگ و سەدا رۆیشتە ژوورەوە. کەس نەیدەوێرا توخنی بکەوێت. 

چەند کەسێکمان هەڵساین و لەگەڵ عەبە سوور بەرپرسی ژوورەکە، چووینە لای. زۆریان ئێشاندبوو. کاتێک هاتەقسە گوتی: 

"هەفتەیەکە لێم ئەدەن، بەڵام یەک کەلیمەم نەوتووە کە دڵی ئەوانی پێ خۆش بکەم".

من بۆ هەمەدان گواسترامەوە. دوای دوو ساڵ کاتێک سەرلەنوێ دەسگیرکرامەوە، شەهید عەتام لە رارەوی دادگای ئینقلاب بینییەوە. کەلەپچەکرابوو. لەدوورەوە بەچاوێکی خەمباری پڕ لە ئیرادەوە سەیری کردم. بزەیەکی نارد و بردیانە ژوورەوە. ئیتر قەت ئەو دیمەنە دوبارە نەبووەوە و ئەوە دواهەم بزەی بوو. 

هەمان شەو ئیعدامیان کرد. کە هەواڵەکە بڵاوبووەوە تەزوو بەلەشما هات. قسەکەی ئێستاش لە گوێما دەزرینگێتەوە: 

من هەقوەسێنی میللەتی کوردم....

 

 






ڕێکه‌وت: 2018-07-04 17:51:54
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی