له‌سه‌رهێل 95
شه‌ممه‌ 27 خه‌رمانان 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی ٥ شەهیدی ئێعدام كراوی سازمانی خه‌بات لەساڵی 1367 به‌رزو به‌ریز بێ‌

نووسه‌ر: سیامه‌ند

 

هیندێك له‌ مرۆڤه‌كان سه‌رمه‌شقن، نمونه‌ن، كه‌م وێنه‌ن، پێشره‌ون، تروسكی هیوان، پشتیوان و جێگه‌ی پشت پی به‌ستنن، به‌ڵی ئه‌وانه‌ چاكه‌ ده‌زانن و له‌ ته‌نگانه‌دا مه‌ردی مه‌یدانن و هیچ كات له‌ گه‌ڵ خه‌یانه‌ت و بێوه‌فاییدا نین، به‌ڵی ئه‌وانه‌ لێوانلێو له‌ چاكه‌ن و یادیان هه‌میشه‌ ده‌مێنێ‌ و كه‌سانی بێوه‌فاو نامه‌ردو سپله‌و خائین به‌ گه‌ل ئه‌گه‌ر رۆژێك زه‌حمه‌تیان به‌ خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاكه‌ بگرن ژیانی ئه‌و قاره‌مانانه‌ بكه‌نه‌ سه‌رمه‌شق و ده‌رسی ئه‌مه‌ك ناسی و شۆرشگیریان لێوه‌ فێربن و خۆیان له‌ ده‌ردی قین له‌ دڵی و خه‌یانه‌ت و ره‌زاله‌ت رزگار بكه‌ن.

 

 ئه‌و تیكۆشه‌رانه‌ی كه‌ سه‌ربه‌رزی گه‌ل و رێبازی ئازادیی و رێبازی به‌رزی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئیرانن ده‌رده‌كه‌م كه‌وتنه‌ داوای دژمنی قین له‌ دڵ وبه‌و هه‌مووه‌ تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه‌ دیلی ده‌ستی پاسداری به‌دفه‌ساڵی دزێوی دژمن به‌ ئازادیی. 

 

ئه‌گه‌ر باس له‌به‌دیل گیرانی پێشمه‌رگه‌ بكرێ، به‌رووداوێكی سه‌یر ده‌ژمێردرێ، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌متر دیل ده‌كرێ، مه‌گه‌ر بریندار بێ و یان به‌ هۆی پیلان و خه‌یانه‌تی خۆفرۆشانه‌وه‌ بكه‌وێته‌ داوه‌وه‌ و به‌دیل بگیرێ. بێگومان ئه‌وه‌ راسته‌ و له‌مێژووی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر پێشمه‌رگه‌ به‌ دیل گیراون، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بریندار و یا له‌لایه‌ن خه‌یانه‌تكار و خۆفرۆشانه‌وه‌ كه‌وتبنه‌ داوای دژمن.

 

پێنج قاره‌مان، پێنج تێكۆشه‌ر و رۆڵه‌ی نه‌به‌زی سازمانی خه‌بات، شه‌هیدان، (كاك عه‌بدوڵڵا هه‌مزه‌، كاك خه‌لیل جه‌عفه‌ری ناسراو به‌ خه‌لیل ره‌شاش، كاك تاهیر قادری ناسراو به‌ تاهیر یاكوباوایی، كاك غه‌ففور ئه‌حمه‌دی ناسراو به‌ غه‌ففور شیوه‌له‌یی و كاك حه‌سه‌ن سه‌لیمی سه‌قزی) كه‌ له‌رێكه‌وتی ٥ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٥ له‌ كوردستانی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و بنكه‌ی سه‌ركردایه‌تی سازمانی خه‌بات له‌سنووری كوردستانی عێراق ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، له‌لایه‌ن خۆفرۆشانی عێراق كه‌ به‌شێكیان سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و به‌شێكیان سه‌ر به‌ حیزبی ده‌عوه‌ بوون، به‌و فێڵه‌ی كه‌ خۆیان به‌ هێزی ئه‌رته‌شی عێراق ده‌ناسێنن، ده‌توانن له‌و پێنج تێكۆشه‌ر و قاره‌مانەی سه‌نگه‌ری كوردایه‌تی نزیك بنه‌وه‌ و به‌ناوی ئه‌وه‌ی بۆ پایه‌گای ئه‌رته‌شی عێراق له‌شاردێی باسنێ له‌سه‌ر سنووریان ده‌به‌ن چه‌كه‌كانیان لێ ده‌ستێنن. ئه‌و خائینانه‌ به‌ناوی شۆڕشگێر و دیفاع له‌خه‌ڵكی عێراق چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو، به‌لام له‌بنه‌ره‌تدا گوێ به‌فه‌رمانی رژیمی خومه‌ینی بوون و ئه‌وه‌ی ئه‌و رژیمه‌ داوای لێ ده‌كردن جێبه‌جێیان ده‌كرد.

 

به‌لێ ، به‌داخه‌وه‌ پێنج هه‌ڤاڵی تێكۆشه‌ر و لێوه‌شاوه‌ كه‌ چۆكیان به‌ هێزی دژمن داده‌دا و هیچكات مانای شكستیان نه‌ده‌زانی به‌ پیلانی دژمنی قین له‌دڵ و ئه‌و به‌ناو كوردانه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ست رژیمی ئاخوندی و به‌ قورسترین و بێره‌حمانه‌ترین شێوه‌ شكه‌نجه‌ دران. ئه‌و قاره‌مانانه‌ له‌زیندان و چاڵه‌ ره‌شه‌كانی رژیمی ئاخوندی نمونه‌ی ئازایه‌تی و قاره‌مانی بوون. هاوبه‌ندی ئه‌و شه‌هیدانه‌ له‌دوای ئازادبوونیان سه‌ردانی سازمانی خه‌بات یان كرد، هه‌واڵی قاره‌مانی و نه‌به‌زی شه‌هید كاك عه‌بدوڵڵا هه‌مزه‌ و شه‌هید كاك خه‌لیل كاك غه‌ففورئه‌حمه‌دی و شه‌هید كاك تاهیر یاكوباوایی و شه‌هید كاك حه‌سه‌ن سه‌لیمی یان ده‌گێرایه‌وه‌.

 

كاتێك كه‌ جه‌لاده‌كان شكه‌نجه‌یان ده‌دان، ئازایانه‌ و خۆراگرانه‌ له‌به‌رانبه‌ر دژمنانی تینوو به‌ خوێنی گه‌له‌كه‌مان به‌ بێ هاوار ئیش و ئازاره‌كانیان ته‌حمول ده‌كرد وده‌وێستانه‌وه‌. ده‌گێرنه‌وه‌ كاتێك كه‌ قازی شه‌رعی رژیم به‌ناو بۆدادگایی كردنیان دێته‌ ساڵۆنی دادگا، شه‌هید عه‌بدوڵڵا هه‌مزه‌ و هاورێیانی له‌به‌ری هه‌ڵناستن. ئه‌وه‌یش به‌و خۆراگری و نه‌ترسیه‌یان ناره‌حه‌ت ده‌بێ.

 

بێ شك یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و قاره‌مانانه‌، ده‌رد و ئازاره‌كان زیاد ده‌كا و برینه‌كان ده‌كوڵینێته‌وه‌، به‌لام ئه‌گه‌ر یادكردنه‌وه‌ی به‌دیلگیرانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ به‌ ده‌ستی خائینان و به‌كرێگیراوانی رژیمی ئاخوندی برینه‌كانمان ده‌كوڵینێته‌وه‌، ئه‌وه‌شمان بیردێنێته‌وه‌ كه‌ رێبازی پڕ له‌سه‌روه‌ری سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران چ نه‌وعه‌ قاره‌مانانێكی شۆڕشگێر و له‌خۆبووردووی له‌پێناودا فیداكراوه‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ رێزو یادی ئه‌و قاره‌مانانه‌ هه‌میشه‌یی رابگرین و به‌ڵێن به‌كه‌س و كاریان و تێكرای هۆگرانی كوردایه‌تی و ئازادیخوازان و خه‌باتكارانی جولانه‌وه‌، لێبڕاوانه‌ له‌به‌رانبه‌ر رژیمی ملهۆری ئاخوندی دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ خوێنی شه‌هیدان وون نابێ و خه‌یانه‌تی خائینان به‌ كورد و نیشتمان له‌بیرناكرێ.

 

شه‌هید عه‌بدوڵڵا هه‌مزه‌، شه‌هید خه‌لیل جه‌عفه‌ری، شه‌هید غه‌ففور ئه‌حمه‌دی، شه‌هید تاهیر یاكوباوایی و شه‌هید حه‌سه‌ن سه‌لیمی  له‌كۆمه‌ڵكوژی زیندانیانی سیاسی له‌ هاوینی ساڵی 1367 وێرای هه‌زاران زیندانی دیكه‌ی ئازادیخواز له‌ئێران له‌ زیندانی گه‌رهه‌رده‌شت  ئیعدام كران.

 

 

هه‌زاران سلاو له‌روحی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و تێكرای شه‌هیدانی رێگه‌ی ئازادی كورد و كوردستان.
ڕێکه‌وت: 2018-08-16 09:55:41
به‌شی ( شه‌هیدان )





دیمانه

سیاسی