له‌سه‌رهێل 104
هه‌ینی 12 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
راگەێندراوی كومیتەی ناوەندی بە بۆنەی سی و هەشتەمین سالیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات

كۆمەلانی خەڵكی كوردستان

حیزب و لایەنە سیاسیە كوردستانی و ئێرانیەكان

ئەندامان و دۆستان و پێشمەرگە خۆنەویستەكان!

سی و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە 5ی خەرمانانی 1359 ی كۆچی خۆری بناغەی رێكخراوێكی سیاسی كوردستانی بە بیروباوەرێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر دەستی رێبەری هەمیشە زیندوو، جەنابی مامۆستا سەیید جەلالی حسێنی و كۆمەلێك لە مامۆستایان و كەسایەتیەكانی كوردستان دامەزرا وخەباتی بێ‌ ووچانی لە گۆرەپانی كوردستانی ئێران دەست پێكرد. 

دامەزراندنی سازمانی خەبات لەو قۆناغە دا، وەلامێكی پێویست و حەیاتی بۆ زەرورەتێكی مێژوویی بوو، كە هاوكات چەندین بۆشایی سیاسیی و فیكریی دیاری ناو ساحەی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵكی كوردستانی پڕ كردەوە و وەلامێكی شیاوی بە تۆمەتەكانی دەسەڵاتی رەشی ئاخوندانی بە تالانبەری دەسكەوت و بەرهەمی گەلانی ئێران دایەوە، هەر ئەو زەرورەتە حاشاهەلنەگرانە وای كرد بە خێرایی لە سەرانسەری كوردستان ریشاژۆ بكات و بنكە و بارەگا بكاتەوە و تێكۆشانی بێ پەڵە و سادقانەی خۆی بباتە پێش. 

سازمانی خەبات ی كوردستان، ئەوەندەی خۆی وەك رێكخراوێكی سیاسی پێناسە كردووە، زیاتر وەك تەشكیلاتێكی نەتەوەیی بە مانای راستەقینە دەركەوتووە و ئامانجە بەرزەكانی نەتەوەیی لەسەرووی كار و تێكۆشانی دابووە و بە دەیان جار لە پێناو پاراستن و بە خاوەن دەركەوتن لە بەها و نۆرمە نەتەوەیی و ئینتما و برایەتی نەتەوەیی، تووشی كێشە و قەیرانی جیددی بووە و هەڵس و كەوتی سازمانی خەبات لە سەردەمی رژیمی گۆربەگۆری بەعس لە راست برایانی لە كوردستانی عێراق دەرخەری ئەو راستیەن و گەواهیدەرن بو خەبات و هەڵسوورانی پاك و  سادقانە و كەم قسووری سازمانی خەبات ی كوردستان. 

بەحەق ئەو رێچكە لە لایەن رابەری بیرمەندو لوتكەی مرۆڤایەتی و نیشتمان خۆشەویستی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالەوە بۆ خەباتیەكان دیاری كراوە و هەتاكوو ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئەوە سیاسەت و پێناسەی خەباتە كە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی قازانجە حیزبی و كەسیەكانەوە بێ. 

لاپەرەكانی مێژووی سازمانی خەبات پڕن لەداستانی نەبەردی و فیداكاری كەم وێنەی رۆڵەكانی كوردستان و پڕن لە شانازیی و دەسكەوتی لە قازانجی نەتەوە و نیشتمان كە هەمووی لە ئاكامی هەڵوێست و سیاسەتی دروست و ئوسولی و كوردانە و سادقانەی رێبەریی و پێشمەرگە قارەمانەكانەوە وەدی هاتووە. مانەوە لە سەر ئوسول و بناغە ریشەییەكان و سەبر و خۆراگری لەبەرانبەر قەیران و كێشە و كۆسپەكان و تێكۆشانی سەخت لە پێناو  بردنە پێشەوەی كاروانی خەبات و نەشكاندنی بەها و نۆرمە نەتەوەییەكان، بە هیچ نرخێك رەمزی مانەوە و بەردەوامی كار و هەلسوورانی سازمانی  خەبات بووە . 

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسیەكان!

لەكاتێكدا یادی 38 مین ساڵوەگەری دامەزراندنی سازمانی خەبات دەكەینەوە، دۆخی ناوخۆی ئێران بە هەل و مەرجێكی هەستیار دا تێدەپەرێ‌ و قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان دەوراندەوری رژیمی ئاخوندیان تەنیوەتەوە و هەر جۆرە رێگەكارێك بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ دەسەڵاتی تاران بە تێچووی یەكجار گەورە تەواو دەبێ، لە مێژووی 40 ساڵی رابردوو هەل و مەرجێكی لەم چەشنە  كە هاوكات هەموو لایەنەكانی ناوخۆیی و دەرەكی و ناو خودی دەسەڵات هاوتەریب بن بۆ كۆتایی هێنان بە سیستەمی دیكتاتۆر و جینایەتكاری ئاخوندان بێ وێنە بووە. 

تەزاهورات و خۆپیشاندانەكان لە سەرانسەری ئێران لە زستانی پار كەوتوونەتە قۆناغ و رەهەندێكی نوێ و  زیاتر لە 120 شاری ئێران هاوكات جووڵەی نارەزایەتی تێدا دروست بوو و خەڵك رژانە سەر شەقام و دروشمی رووخانی دیكتاتۆریان بەرز كردەوە . لە ئاستی دەرەكی كۆتایی بە خەونی بەرجام هێندرا و سەخترین گەمارۆكان سەپێندراون بە سەر دەسەڵات و خولی دووهەمیش لە پاییزی ئەمساڵ دەست پێدەكات. ئەو بریارەی دەوڵەتی ئەمریكا هەژانێكی بەهێز و كتوپری بوو كە دەركەوتەكانی لە كەرتی ئابووری و بەهای دراوی ئێرانی و چوونەدەرەوەی بە لێشاوی كۆمپانیا و شیركەتە ئابوورییەكان و دابەزینی ئابووری ئێران خۆی نیشان دا و  تەنیا ئەوەی لە ئێستا دا روودەدا رژیمی هێناوەتە سەر ئەژنۆ و دۆشدامان. بێگومان شێواوی لەم ئاستە لە بەشی ئابووری تەنیا بەو بەشە ناوێستێ‌ و هاوكات خەسارە كۆمەلایەتیەكانیش بەرز دەكاتەوە و دەبێ شاهیدی تەقینەوەی كێشە و خەسارەتە كۆمەلایەتیەكان لەداهاتوو دابین. لەگەڵ هەموو ئەو رەوشە نالەبارەش دۆخی ناوخۆیی سیستەمی ئاخوندیش لەگەڵ قەیرانی جیددی روبەروویە و كێشەی باڵەكانی رژیم و هاتنەوە مەیدانی مۆرە سووتاوەكانی رژیم و زێدەخوازیی و هەوڵی گرتنە دەستی بە تەواوی سوكانی نیزام لە لایەن سپای پاسداران و  شكستە یەك لەدوای یەكەكانی سیاسەتی ناوچەیی و دەرەكی و رژیم چ لە سوریا و چ لە یەمەن، لە عێراق تەنگی بە دەسەلاتداران هەڵچنیوە. 

لە بەستێنێكی لەباری  لەم چەشنە دا ئەوەی زیاتر وەك زەرورەتێكی حەیاتی خۆی دەنوێنێ،  یەكریزی و یەگرتوویی چ لە ئاستی ئوپۆزسیون و حیزب و لایەنە كوردستانی و ئێرانیەكان، هەروەها یەكریزیی كۆمەلانی خەڵكی ئێران بە هەموو نەتەوە و كەمینەكانەوەیە . ئەوەی جێگەی خۆشیە لە ئاستی كوردستان بە دانانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئومێدێك لەو پێناوە دروست بووە و پێویستە وێرای پەرەدان بەو هەنگاوە لە بیری بەرفراوان كردنی هاوپەیوەندیی بازنەی ئوپۆوزسیونی رووخانخوازی دەسەڵاتی تاران بین.

 

لە یادی 38 مین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات، وێرای پیرۆزباییەكانمان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆراگۆری سیاسی، كۆمەلانی خەڵكی كوردستان و سەرجەم دۆست و ئەندام و پێشمەرگە و بنەماڵەكانیان ، جارێكی تر بەلێنی تێكۆشانی بێ پەلە و فیداكارانەمان بۆ شەهیدان دووپات دەكەینەوە و ئومێد دەكەین

بە یەكریزی و یەكگووتاری هەمەلایەنە شاهیدی كۆتایی هاتن بە ستەمی ئاخوندانی ستەمكار بین و حكومەتێكی خەڵكی و دیموكراتیك و پارلەمانی  لە كوردستان كە مافی سەرجەم چین و توێژەكان بپارێزێ‌ بێتە دامەزراندن.

 

برۆخێ رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی 

سەركەوێ‌ خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان 

ئازاد و ئاوەدان بێ كوردستان

 

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 

كومیتەی ناوەندی 

5ی خەرمانانی 1397
ڕێکه‌وت: 2018-08-27 11:53:09
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: راگەێندراوی كومیتەی ناوەندی بە بۆنەی سی و هەشتەمین سالیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات