له‌سه‌رهێل 79
شه‌ممه‌ 24 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
دۆناڵد ترامپ لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان: رژیمی ئێران تۆوی مەرگ و نەمان دەرێژێ‌

دۆناڵد تڕامپ سەرۆک‌ کۆماری  ئامریکا لە هەفتاوسێیەمین كۆبونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان،بە ئاماژەكردن بە رووداوەکانی جیهان و، بە جەخت کردنەوە لە سەر قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران کرد

ناوبراو سەرەرای ئاماژەكردن بە قەیران و تەنگژەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سوریەو دەورونەخشی تێكدەرانەی رژیم لە شەری ئەو وڵاتەدا گوتی: پێویستە هەرجۆرە رێگەچارەیەك بۆ قەیرانی مرۆیی لە سوریەدا وەك ستراتیژیەك بۆ بەگژداچونەوەی رژیم بێت كە دابینكەری ماڵی ئەو قەیرانەیە. هەروەها گوتی كە دەبێ رژیم کۆتایی بە دەستێوەردان و کێشەنانەوە لەو وڵاتە بێنێ‌.

سەرۆک‌کۆماری ئامریکا بە باس کردن لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی ئێران، ڕێبەرانی ئێرانی بە فێڵ‌باز و فریوكار ناوزەد كرد و وتی کە بەرپرسانی باڵای رژیمی تاران، سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانیان لە گیرفانی خۆیان ناوە.

ناوبراو هەروەها پێداگری کردەوە کە دەبێ تاران پڕەنسیپ و چواڕچێوە نێونەتەوەییەکان بپارێزێ و واز لە دەستێوردان و پێشێلکارییەکانی لە ناوچەکە بهێنێت.

سەرۆک‌کۆماری ئامریکا لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بە سەرەرۆییەکانی رژیمی ئاخوندی دا و، بە وەبیرهێنانەوەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە گرێبەستی “بەرجام” و وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆ نوێیەکان بۆسەر ئێران، باسی لەوەش کرد کە خولی دووەمی ئەو گەمارۆیانە بەڕێوەیەو، لە ٥ی نوامبری ئەمساڵ دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 

دۆناڵدتڕامپ لەو پێوەندییە‌دا داوای لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کرد، کە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خەڵکی چەوساوەی ئێران، واز لە هاوکاری و پشتیوانی کردنی رژیمی ئاخوندی بهێنن و پێوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو رژیمە رابگرن.
ڕێکه‌وت: 2018-09-25 19:41:15
به‌شی ( هه‌واڵی ئێران )





دیمانه

سیاسی