له‌سه‌رهێل 72
پێنجشه‌ممه‌ 1 ره‌زبه‌ر 2721
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
درێژەی تیرۆریزمی دەوڵەتی رژیمی ئێران و كاردانەوەكان!

عەلی بەهرامی

مەبەست لە تیرۆریزمی دەوڵەتی بە كار هێنانی توندوتیژیە بەبێ پشتیوانی قانوون كە لەلایەن حكومەت یان مۆرە حكومەتیەكانەوە دژ بە كەس یان ژمارەیەك خەڵك بەرێوە دەبرێ. تیرۆریزمی دەوڵەتی بەكارهێنانی كەرەستە و ئامرازەكانی دەوڵەتە بۆ سەپاندنی ویستی پاوانخوازانەی دەسەڵاتێك بەسەر حكومەت و دەسەڵاتەكانی دیكەدا.
رژیمی فاشیزمی مەزهەبی لە ئێران لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی تیرۆری وەكوو كەرەستەیەك بۆ لەناوبردنی نەیار و بەرهەڵستكارانی سیاسی و فكری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و زەربەدان لە وەڵاتانی ناوچەكە و بەگشتی جیهان بەرێگەی جۆراوجۆر بەكار هێناوە.
كردەوە تیرۆریستیەكانی رژیم لە نێوخۆی ئێران لە كوشتنی جیابیران، سوتاندنی سینەما رێكسی ئابادان، قەتڵە زنجیرەییەكان، كوشتنی دەیان كەسایەتی سیاسی و مەزهەبیەوە بگرە هەتا جێبەجێ كردنی پیلانی تیرۆری دەیان تێكۆشەری سیاسی كورد و ئێرانی لە وەڵاتانی ئوروپا و كوردستانی عێراق بەرێوەچووە. ئەو رژیمە چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە وەڵاتان وەك تەقاندنەوەی بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەلخوبەری عەرەبستان ساڵی 1995، 18ی ژوییەی 1994تەقاندنەوەی ناوەندی هاوكاری یەهودیان (ئامیا) لە ئارژانتین، 23ی ئوكتۆبری 1983تەقاندنەوەی بنكەی سەربازانی ئەمریكایی لە لوبنان، ساڵی 1390ی هەتاوی بەرنامەی هێرش بۆ سەر سەفارەتخانەكانی عەرەبستان و ئیسراییل لە ئەمریكا، ساڵی  2012 تەقاندنەوەی بۆمب لە بانكۆكی تایلەند بە مەبەستی تیرۆری سەفیری ئیسراییل لەو وەڵاتە، ساڵی 2012 تەقاندنەوەی بۆمب بەمەبەستی تیرۆری چەندین دیپلۆماتی ئیسراییلی لە هیند، ساڵی 2015 دەست بە سەرداگرتنی كارخانەی دروست كردنی بۆمب لە بەحرین كە سەر بە سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران بوو، كردەوە تیرۆریستیەكانی رژیمی ئێران لە عێراق، دەستبەسەر كردنی دوو كەسی سەر بە سوپای پاسدارانی رژیم بە زیاتر لە 100 كیلۆگرام مەوادی تەقەمەنیەوە لەلایەن پۆلیسی كینیا. هەروەها رژیم لە وەڵاتانی ناوچەكە سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی لوجستیكی دەیان گروپی تیرۆریستیە كە لەو رێگەوە ئامانجەكانی خۆی لە وەڵاتان دەپێكێ كە بریتین لە دەستێوەردان و بشێوی و پێشێل كردنی سەروەری ئەو وەڵاتانە كە ئەو تاقمە تیرۆریستیانە بریتین لە: حیزبوڵای لوبنان، حەماس، جیهادی ئیسلامی فەلستین، هێزەكانی بەدری عێراق، هاوكاری ئەلقاعیدە، حوسیەكانی یەمەن، پشتیوانی لە تاقمە چەكدار و توندرەوە شیعەكان لە وەڵاتانی بەحریەن، كوەیت، عەرەبستان، هاوكاری تالیبانی ئەفغانستان و لە رێگەی سوپای تیرۆریستی قودسەوە بەشێك بووە لە شەر و جەنگەكانی سوریە، عێراق و یەمەن و لەو وەڵاتانە لە رێگەی دابین كردنی چەك و تەقەمەنی و هەناردەكردنی هێزە تیرۆریستیەكانی دەوری بەرچاوی بینیوە لە پەرەسەندنی ئاگری شەر و ماڵوێرانی. رژیمی ئێران لەسەر درێژەدان بە كردەوە تیرۆریستیەكانی لەلایەن چەندین رێكخراو و دادگا و ژمارەیەك وەڵاتی وەكوو ئەمریكا، ئاڵمان، ئارژانتین، ئیسراییل، ئینگلیس و عەرەبستانەوە مەحكوم كراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی  2016، 2017 و 2018 دا رژیمی ئێرانی بە پشتیوانی تیرۆریزم و سەرچاوەی نائارامی ناوبردووە. 
شەپۆلی كردەوە تیرۆریستیەكانی رژیمی ئێران بەتایبەت لە وەڵاتانی ئوروپایی هەندێ جار ئەوندە بەرچاو بووە كە ئەو وەڵاتانە كاردانەوەكانیان لە دەركردنی بەیاننامە و مەحكوم كردن تێپەرێوەو نەیانتوانیوە چاو لە جینایەتەكان بپۆشن و مەجبوور بە بەدواداچوون بۆ كەیسی تیرۆرەكانی وەكوو تیرۆری دوكتور قاسملوو لە ویەن و دوكتور شەرەفكەوندی لە برلین، تیرۆری دوكتور كازمی رەجەوی لە سوییس و شاپوری بەختیار لە فەرانسە و چەندین چالاكی سیاسی دیكە، كە لە دوای لێكۆڵینەوەكان ژمارەیەكی بەرچاو لە سەرانی رژیمی ئێران مەحكوم كران و حوكمی گرتنیان لەلایەن دادگای ئەو وەڵاتانەوە بۆ دەرچووە.
لە نوێترین هەنگاودا هاوینی 2018 شەش كەسی ئێرانی لە وەڵاتانی بلژیك، ئاڵمان و فەرانسە دەستبەسەر كران كە یەكێك لەوانەی لە ئاڵمان گیرا دیپلۆمات تیرۆریستێكی رژیم لە ئوتریش بوو كە دوایی هەموویان رادەستی دادگای بلژیك كران، بەپێی بڵاوكراوەی پۆلیسی وەڵاتی بلژیك ئەو تیمە پیلانی كردەوەی تیرۆریستیان لە كۆبوونەوەی ساڵانەی سازمانی موجاهیدین و شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە پاریس بەدەستەوە بووە. لە كاردانەوە بەو هەوڵەی رژیم، فەرانسە چەند كەس لە دیپلۆمات تیرۆریستەكانی ئەو رژیمەی لە وەڵاتەكەی دەركرد و گومان لێكراوەكانیشی رادەستی دادگای بلژیك كرد بۆ لێكۆڵینەوە. 
هەروەها دەزگای هەواڵگری سێ وەڵاتی نۆروێژ، دانمارك و سویید لە كردەیەكی هاوبەشدا سێ  تیرۆریستی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمیان دەستگیر كرد. سەرۆكی رێكخراوی زانیاری و ئاسایشی دانمارك رۆژی سێ شەممە 30ی ئوكتۆبری 2018  رایگەیاند ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەرنامەی تیرۆری چالاكێكی سیاسی خەڵكی ئەهوازیان بووە. لە دوای لێكۆڵینەوەكانیش بەرپرسانی هەواڵگری دانمارك رایانگەیاند هێزەكانیان نامیلكەیەكیان دۆزیوەتەوە كە ناوی چەندین چالاكی سیاسی بەرهەڵستكاری رژیمی ئێرانی تێدابووە. رۆژنامەی یلاندس پۆستنی ئەو وەڵاتە بڵاوی كردەوە كە دوو سەرۆكی پێشووی هەواڵگری دانمارك ئەو نامیلكەیە بە جۆرێك لە لیستی تیرۆر دەزانن. وەڵاتی دانمارك وەك كاردانەوە بەو هەوڵە تیرۆریستیانەی رژیم سەفیری خۆی لە تاران بانگكردەوە و داوای لە یەكیەتی ئوروپا كرد لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی رژیمدا هەڵویستی بە بڕشتیان هەبێ.
دیارە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەبەر قازانجە ئابووریەكان كاردانەوەیەكی ئەوتۆ و شیاو لەبەرامبەر كردەوە تیرۆریستیەكانی رژیمی ئێراندا بوونی نەبووە و زۆر جار چاوپۆشیان لێ كراوە، بەڵام لە ئێستادا كەشی سیاسی بە جۆرێكە كە بە ئاشكرا بوونی هەر هەوڵێكی تیرۆریستی رژیم رێكاری توند دەگیرێتەبەر و رای گشتی زیاتر لێ ئاگادار دەكرێتەوە، كە ئەو هەنگاوانە دەزگای دیپلۆماسی رژیمی ئێرانی تووشی شكستی گەورە كردووە و وەڵاتان نەك وەك دەزگایەكی دیپلۆماسی سەیری ناكەن بەڵكوو وەكوو بەشێك لە شەبەكەیەكی بەربڵاوی تیرۆریستی هەڵسووكەوتی لەگەڵ دەكەن و دیپلۆمات تیرۆریستەكانی رژیم لەلایەن دەزگا ئیلاعاتیەكانی وەڵاتانەوە دەستبەسەر و وەدەر دەنرێن. لە دوای فشارە سیاسی  و ئابووریەكانی ئەمریكا بۆ سەر رژیم و گەرانەوەی گەمارۆكان، كاردانەوەی وەڵاتانی ئوروپایی و ناوچەكەش بە هەوڵە تیرۆریستیەكانی رژیم توندتر و بەبڕشتتر و لەگەڵ هەر هەوڵێكی جینایەتكارانەی رژیم لەباری سیاسیەوە زیاتر و زیاتر گۆشەگیر و بێزراو دەبێ.
ڕێکه‌وت: 2018-11-17 20:12:19
به‌شی ( سیاسی )







  به‌شی : هه‌واڵی کوردستان   کات : 2021-09-22

باوکی ڕامین حسێن پەناهی کۆچی دوایی کرد

به‌شی : هه‌واڵی کوردستان   رۆژ: 2021-09-16


سەعید ئەفکاری برای نەوید ئەفکاری دەست بەسەر کرا.

به‌شی : هه‌واڵی ئێران   رۆژ: 2021-09-13

دیمانه

سیاسی