له‌سه‌رهێل 49
دووشه‌مه‌‌ 5 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شەهید عومه‌ر عه‌بدولی

یادی سەروەری گەل: شەهید عومەر عەبدولی
بابە شێخ حوسێنی


منداڵانی چاوگەش، خۆشەویستی دایك و بابن و بە هەزار دەردو ماندوو بوون گەورە دەكرێن و زۆری دەوێ‌ و پێ‌ دەچێ‌ تا لە خەم دەڕەخسێن و دەكەونە سەر ڕێڕەوی ژیان، ئەوان ڕوناكی ماڵ و كۆڕی خانەوادەن و جێگەی هومێدی كەس و كارن و داهاتووی پڕشنگدارن.
منداڵە چاوگەشەكانی كوردستان لەبەر هەلومەرجی زاڵ بە سەر كوردستانداو بە هۆی غەدرو زوڵمی ستەمگەران و داگیركەرانی نیشتمان، بە داخەوە بێبەش بوون لە ژیانی ئاسایی، ئەو ژیانەی كە منداڵانی گەلانی ئازاد هەیانەو تیایدا گەشە دەكەن و پەروەردە دەبن. بەڵێ‌ منداڵانی كورد یان لە ئاوارەیی و دەربەدەری و جەنگ و ئاڵۆزترین و حەستەمترین ژیاندان، یان ئەگەر لەسەر ماڵ و حاڵی باوانیانن، بەو حاڵەش ئاسودەیی و ژیانی سروشتیان لێ‌ حەرامە و هەر وەك گەورەكان و بە تێكڕا تەواوی پێكهاتەی نەتەوەی كورد كەوتونە بەر زوڵم و چەوسانەوە. بە داخەوە مندڵان گەلێك زیاتر تامی تاڵی ستەم دەچێژن و ناڕەواییان بەرانبەر دەكرێ‌. بە تایبەت ئەو منداڵ و لاوانەی گوندەكانی نیشتمانی ڕەنگین دەیان جار ژیانی سەختتر و پڕ لە كەندوكۆسپتریان تاقی کردۆتەوە، نە توانیویانە وەك پێویست درێژە بە خوێندن بدەن، نە ژیانێكی ئاسودەیان هەبوە. هەر لە سەرەتای ژیانەوە كەوتونە بەرتەنگوچەڵەمەو ئازاری هەمە چەشنەو كاری قورس و تاقەت پڕوكێن.
ناوچەی ڕەبەت لە كوردستانی ئازیزمان مەڵبەندی دیارو بەرچاوی كوردایەتی و ئازادیخوازی، مەكۆی قارەمانانی گەل و شەهیدانی لە خوێندا شەڵاڵی ڕێگەی كوردایەتی و مافخوازی و ئەو پێشمەرگە نەبەزو كەم وێنەو چاونەترسانەی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی بەشخوراوی كوردە، كە هەر كامیان لە تۆماركردنی داستانی دەگمەن و سەروەری و نەبەزی پێشمەرگانە دەوریان گێڕاوە.
لە یادو و بیرەوەری ئەمجارەدا یادی قارەمانی گەل شەهید عومەر عەبدولی كوڕی مام ئەحمەد دەكەینەوە، شەهید عومەر لە ساڵی ۱۳۴۷ كۆچی خۆری لە گوندی شەمۆڵە لە ناوچەی ڕەبەت لە خانەوادەیەكی هەژار، چاوی بە دونیا هەڵێنا. زۆربەی ژیانی كاك عومەر لە دەربەدەری و ئاوارەییدا بوو، چونكە مام ئەحمەدی باوكی لە خەبات لە بەرانبەر ڕژیمی شاهەنشاهی و ڕوبەروبوونەوە لە بەرانبەر بەكرێگیراوانی ئەو ڕژیمە چالاك بوو. شەهید عومەر ماوەیەك وەك لایەنگرو ئەندامی سازمان لە ناوچەی ڕانیەو قەلادزێ‌ چالاكی دەكرد و لە ساڵی ۱۳۶۶ كۆچی خۆری هاتە ڕیزەكانی سازمانی خەبات. لاوێكی لەسەرخۆ و بێ‌ دەنگ و خاوەن ئەخلاق و بە ڕەوشت بوو. بە باشی ئەركی پێشمەرگایەتی و سازمانی بەجێ‌ دەهێنا. ئارامی و بێ‌ دەنگیەكەی ببوە هۆی ئەوە لە لای هەڤاڵانی پێشمەرگە خۆشەویست بێ‌. شەهید عومەر پێشمەرگەیەكی ئازاو چاونەترس بوو لە جەنگی كەم وێنەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات لە ۵ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۶۷ كۆچی خۆری لە بەرزاییەكانی نێوان گوندی سەدبار، سیوچ، نجنێ‌ی سەروو و گەوركی مەهاباد كە هەرلە بەرەبەیانەوە پێشمەرگەكانی سازمان كەوتبوونە ئابڵوقەی هێزی زۆرو بۆری دوژمن و جەنگ تا تاریكی شەو درێژەی كێشا، بەڵام لەو جەنگە كەم وێنەدا زیاتر لە ۱۰۰ كەس لە هێزەبەكرێگیراوەكانی ڕژیم بە سزا گەیندران و كوژران، بەڵام بە داخەوە شەهید عومەر كەوتە بەر گوللـەی چەكی دوژمن و شەهید بوو. هەر لەو ڕوبەڕوبوونە قارەمانەتیە كەم وێنەدا، بە داخەوە ۳ كەسی دیكە لە پێشمەرگەی قارەمان، شەهیدان، فەرماندەو كادری لێهاتوو، شەهید حوسەین كەریمی و شەهیدی قارەمان محەممەد هەنداوەیی و شەهید ناسر نانەوا شەهید بوون و گیانیان فیدای ئازادی گەل و ڕزگاری كوردستان و خەباتی ڕەوا لە بەرانبەر ڕژیمی ملهوڕی ویلایەتی فەقیهدا كرد. 
یادی شەهیدی قارەمان شەهید عومەر عەبدولی و شەهیدانی گەلی كورد و ڕێبازی سازمانی خەبات لە ناوچەی ڕەبەت، شەهید محەممەد هەنداوەیی، شەهید عەبدوڵا نستانی، شەهید سەید تاهیر ماوەڵۆیی، شەهید سەید تەها ماوەڵۆیی و شەهید قادر نستانی و دەیان شەهیدی سەربەرزی دیكە شادبێ‌ و جیگەیان بەهەشتی بەرین بێ‌.

ڕێکه‌وت: 2014-11-06 17:25:09






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین