سەروەری گەل: شەهید جەلال تاژانی
بەهۆی گرنگی كوردستان لە باری ئابووری و جوغڕافیاییەوە لە لایەن نەیارانەوە ئاسمیلە کراوە وهەژاری و بێكاری و نەخوێندەواری و نەبوونی خزمەت گوزاری و دوكتور و دەوا و دەرمان و برسیەتی تەنگی بەژیان هەڵچنیوە.
ناخۆشی و نەخۆشی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی فەوتاندووە. بەهەزاران لاو و پیر و منداڵ، بە بیانووی جۆراو جۆر لە دار دراون و ئێستاش هەر درێژەی هەیە و چاڵە ڕەشەكان ئاخێندراون و لاوانمان لە ژێر قامچی ئەشكنجەدان. شان بە شانی بێ بەشی و چەوسانەوە، خەباتی ڕزگاری خوازانە دژ بە هەر چەشنە زوڵم وستەمێك لە ئارادا بووە و ئەم نەتەوە ڕێگەی تەسلیم بوونی هەڵنەبژاردووە و بەرەو جیهانێكی پڕ لە شادی و كامەرانی چەرخی پێشکەوتنی خسۆتە گەڕ.
هەر لەو سەردەمەوە شنەی ئازادی بۆتە هەوێنی ژیان و بەنرخترین ئاوات و ئارەزووی هەر كوردێكی بەشەرەف. منداڵەكان لەو دەمەدا كە تازە فێری دایە و بابە دەبن فێری وشەی ئازادی كورستان و ئاواتە لە مێژینەکەی دەبن. بڵێسەی گڕی ئاگری خەباتی كوردستان و تێکۆشان بەرز دەبۆوە و وردە وردە وەڵاتی ڕووناك دەکردەوە، دوژمنانی كورد و ئینسانیەت دەكەوتنە فێڵ و تەڵەكەیەكی زیاتر بۆ دامركاندنی شۆڕش و تاریك كردنەوەی كوردستان. ساڵ دەهاتن و دەڕۆشتن كاروانی شۆڕش سەخت و پڕ لە دڕك و داڵی دەبون. لەبن هەر دەوەنێك و لەسەر هەرشاخێك قارەمانان دەبوون بە فیدای ڕزگاری. ئێستاش كاروانی شەهیدان هەر درێژەی هەیە و تا سەرکەوتن درێژەی دەبێت. یەكێك لەو قارەمانانەی كە گیانی پاكی خۆی كردە قوربانی لە پێناوی ئازادی نیشتمانەكەیدا كاك جەلال تاژانیە.
ڕاستە كە ئێمە لە درێژەی خەباتی بێ وچانماندا باشترین و خۆشەویسترین هاوسەنگەرانمان لە دەست دەدەین و شەهید بوونی هەر هاوسەنگەرێك داخێك دەنێتە سەر دڵی چەوسێنەرانی كوردستان، بەڵام دەبێ دژمنان باش بزانن تا جینایەت و چەوساندنەوە هەبێت، موبارزە دەبێ و ئەنجامی هەموو شۆڕشێكی ڕەوایش هەر سەركەوتنە. گەلی كورد تا بە ئامانجی خۆی نەگات، لە قوربانی دان بۆ ڕزگاری ڕاناوەستێ و لە جێی هەر دڵۆپە خوێنی شەهیدێکی كوردستان، چەند کەس لە دژمنان دەخاتە گۆڕ.
شەهید جەلال عوسمانی (تاژانی) كوڕی حوسەین ،لە گەرمای هاوینی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا لە بنەماڵەیەكی هەژار لە ئاوایی تاژانی بانە چاوی بە ژینی بەشخوراوی و نەداری هەڵێنا. لە ئامێزی دایكی خۆشەویستی دا گەورە بوو، تاكو تەمەنی گەیشتە شەش ساڵی و پاشان لە ئاوایی خۆیان نێردرایە قوتابخانە. شەهید جەلال تا پێنجی سەرەتایی درێژەی بە خوێندن دا، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی ئیمكاناتی ژیان نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و بەناچاری دەستی لە خوێندن هەڵگرت و وێڕای دایك باوكی بەو شلكە لاویە دەستی دایە كار وكاسبی. شەهید جەلال کە لە بنەماڵەیەکی هەژار و جوتیار گەورە ببوو، ڕێبازی كوێرەوەری و جوتیاری تاقی كردبۆوە و زیاتر هەستی بە بەشخوراوی گەلەكەی دەکرد، هەر بۆیە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧دا لە ئاوایی تاژانەوە، دەچوو بۆ شاری بانەو لە زۆربەی خۆپیشاندانەكاندا بەشداری دەكرد و كاتێك دەگەڕایەوە بۆ ئاوایەكەی، لاوانی ئاوایی دەستە دەستە كۆدەكردە و چی لە خۆپیشاندانەکاندا بیبیستایەو بی بینیایە بۆی دەگێڕانەوە. لاوانی تێدەگەیاندن كە کورد دەبێ مافی خۆی هەبێت. شەهید جەلال لە ساڵی ١٣٦٠ پێوەندی بە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە كرد و وەك لایەنگرێكی دڵسۆز لە ناوچەدا كاری دەكرد. مەئمووریەت و كاری پێ سپێردراوی لە ناو شاری بانە و ئارمردە بوو. نووسراو و تراكتی سازمانی لە شوێنە حەستەم و بەرچاوەكانی ئەو شارەدا بەدیوارەوە دەچەسپاند. هەمیشە پیشمەرگەی لە جموجۆڵی دوژمن ئاگادار دەكردەوە. شەهید جەلال لەو ماوەیەدا كە لایەنگر بوو و لە ئارمردەو نێو شاری بانە کاری دەکرد لە لایەن ڕژیمەوە 3 جار گیراو دوای چەند ڕۆژ شكنجە و ئازار و خۆڕاگری و قارەمانەتی، ددانی بە هیچدا نەدەنا و لە ئاکامی خۆڕاگریدا ئازاد دەكرا. سەر ئەنجام لە مانگی بەفرانباری ١٣٦٣دا بۆ چوارەمین جار لە لایەن ڕژیمەوە وە پیلانی گرتنی بۆ داڕێژرابوو، ئەمجارە خۆی بەدەستەوە نەداو چووە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات. شەهید جەلال دوای ئەوەی چەكی پیرۆزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی كردەشان و نێردرایە نێو لقی شەهیدانی بۆیەن سەر بەهێزی شەهید سەید خەلیل و لەو لقەدا هەر زۆر زوو لە بەرەكانی شەڕدا قارەمانەتی و ئازایەتی لە خۆی نیشاندا. شەهید جەلال لاوێكی ڕوو خۆش و ودەم بە پێكەنین بوو. هێندەی پێنەچوو كە بە یەكێك لە پێشمەرگە ئازاكانی سازمانی خەبات ناوی دەركرد و لە پێشمەرگە ناودارەكانی سازمان نەدەماوە. شەهید جەلال سەرەڕای ئەوەی
پێشمەرگەیەكی ئازا و بەجەرگ بوو، پێشمەرگەیەكی دەست پاك و ڕازدار بوو. خۆشەویستی خەڵكی ناوچەبوو، هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ناوچە دادەنیشت و شۆڕشی گەلی كورد و سیاسەتی سیاسەتی سازمانی خەبات ی بۆ ڕوون دەكردنەوە. شەهید جەلال بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە لە مانگی خاكە لێوەی ١٣٦٤كرایە ئەندامی ڕێكخراو و دوای ماوەیەک كاركردن لەو ڕێكخراوە، لە لایەن هێزی شەهید سەید خەلیل دوبارە نێردرایەوە نێو لقی شەهیدانی بۆیەن و بەرپرسیارەتی تەداروكاتی ئەو لقەی پێ سپێردرا. لە كاتێكدا كە لە پاییزی ساڵی ١٣٦٤دا هێز وپەلەكانی سازمان لە ناوچەی بانەدا بە تەواوی ئاڵو گۆڕیان پێكرا، شەهید جەلال نێردرایە مەڵبەندی یەك و لەو مەڵبەندەدا كرا بە بەرپرسی ڕێكخراوی نهێنی. زۆر هەڵسووڕاوانە كاری تەشكیلاتی لە ناوچەی پاش ئاربەبا دەست پێكرد. پاشان بەهۆی لێهاتویی و لێ وەشاوەییەوە، لە ڕێكەوتی ٩/١/١٣٦٥لەكۆبوونەوەێکی مەڵبەندی یەكدا ،لە لایەن كادر و ئەندام و پێشمەرگەی ئەو مەڵبەندەوە بە ئەندامی هەیئەتی ئیجرای مەڵبەندی یەك دیاریكرا و بەرپرسیاریەتی كاری تەشكیلاتی مەڵبەندی یەكی پێ سپێردرا. شەهید جەلال لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا زۆرتر كاری تەشكیلاتی لە ئەستۆ بوو و زۆر بە دڵسۆزیەوە ئەو ئەركە گرنگەی بە ئەستۆگرت و دەستی دایە كار و هەڵسووڕان. سەر ئەنجام لە ڕێكەوتی ٦/٣٠/١٣٦٦ بەهۆی ناشارەزایی ڕێگا لەگەڵ دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە دەشتی (وەزنی)بەر بناری قەندیل لە مەڵبەندەكان هەڵدەبڕن و دەكەون بەسەر بنکەی تۆپخانەی دوژمن لە دەشتی وەزنی داو تەقەیان لێدەكرێت. بەداخەوە شەهید جەلال دەپێكرێ و دڵی پڕ لە ئیمانی لەكار دەكەوێ و ڕۆحی پاكی بەرەو بەهەشتی بەرین دەفڕێ و درێژەی خەباتی گەلی كورد بەهاوسەنگەرانی دەسپێرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید جەلال و هەموو شەهیدانی كورد وكوردستان
------------------------------
هەزار سڵاو لە مەزاری پیرۆزت، ئهی شەهیدی نەمر
ئاسۆ موچهیی
هەزاران سڵاو لە مەزاری پیرۆزت بێ، ئهی شەهیدی ڕێگای ئازادی کوردستان. ٣٣ ساڵ تێپەری بە سەر شەهید بونی کادرێکی دڵسۆزی سازمانی خەبات. هێشتا فرمێسکی چاوهکانمان دوای شههیدبوونی سهرکرده و فهرماندهماندهمان شەهید عەبدولكەریم حوسەینی و کاک ساڵح ڕهسووڵی و شههید خهلیل پاشایی و شههید ناسر میراوایی وشک نهببونهوه که بهداخهوه لە دەشتی وەزنە لە ناوچەی پیرانشار کەوتینە کەمینی دوژمنی داگیر کەرەوهو لەو شەڕه دا کاك جەلال شەهید بوو.
شەهید کاك جەلال تاژانی لە گوندی تاژانی سەر بە شاری بانە، لە بنەماڵەکی هەژار و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵێناوە و هاتۆتە ناو باوشی گەرمی نیشتمان. شەهید جەلال هەر لە گوندی تاژان دەچیتە مەدرەسە و وەك زۆربەی لاوانی نیشتمان هەستی شۆڕشگێرانهو نەتەوایەتی و کوردانەی لە بەرانبەر زۆڵم و زۆری ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی، ڕێگهی پێ نادا که دهستهوهستان ڕابمێنێ و سهری لهبهرامبهر ئهو ههموو زوڵم و ستهمهی که لهگهلهکهی دهکرێ نهوی کا، هەر بۆیە بە بیرو هەستێکی نەتەوایتی و شۆڕشگیرانەوه، پهیوهندی به ڕیزی پێشمهرگهکانی سازمانی خەباتەو دەگرێ و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایهتی دەپۆشی.
شەهید جەلال هەر زوو لە ناو ڕیزی پێشمەرگەکان جێگای خۆی کردەوە. شەهید جەلال هەر زۆر زوو خۆی نیشان دا کە کەسێکی بە باوهڕ و پاك و بە توانایه. هەر لە ماویهکی زۆر زوو دەبێتە خۆشەویست و جێگای باوەری هاوسەنگەرانی. شەهید جەلال کوڕێکی قەسە خۆش و دەم بە پێکەنین و زۆر ڕووخۆش و رۆح سوك بوو. شەهید کاك جەلال پێشمەرگەکی قارەمان، ئازا بە بەرنامە و بهباوهڕبوو. لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی بانە و سەرشیوی سەقز بهشداربووه و ئازایانه دژی دوژمنان جهنگاوه.
هەزاران هەزار سڵاو لە مەزاری پیرۆزت بێ شەهیدی نەمر. رۆحت شاد بێ و ڕێگات ئازاد و ئاوەدان بێت.
ڕێکهوت: 2014-11-06 17:43:11