له‌سه‌رهێل 44
چوارشه‌مه‌ 7 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
مام شەریفی ڕەحمانی

یادی سەروەران

سەروەری گەل مام شەریفی ڕەحمانی

نووسینی: بابەشێخ حوسەینی

ئەوانەی گیانیان بۆ سەربەرزی گەلەكەیان فیدا ئەكەن، بەچاوی ڕێز سەیر دەکرێن و بەخوێنی خۆیان نیشتمانیان ئەپارێزن، لە هەموو شتێك پیرۆزترن بۆ كۆمەڵەكەیان. هەرگەلێك شەهیدانی لە یاد بچێ و ڕێز لەو دەسكەوتانە نەگرێ كە بە خوێنی شەهیدان هاتۆتە دی، بێ شك لە گەلەكانی دواكەوتووی جیهانە. تەعریف لە شەهید وسەربەرزییەكانیان بۆ بیرهێنانەوەیە نەك پێمان وابێ كە ئەتوانین بە تەعریفیان ئەوەی پێویستە و هەڵدەگرێ،بۆمان گوتبن. شەهید لە پلەی هەرە سەرەوەی ئینسان دایە وجێگای فەخر و سەربەرزی نەتەوەیە، هەر گەلێك نیشتمانی بە فیداكاری ڕۆڵەكانی وخوێندان ڕزگار بوبێت، لەناو گەلانی تردا جێگای ڕێزن و سەربەرزن. نمونەی ئەو گەلانەی كە بە فیداكاری ڕۆڵەكانیان سەركەوتوون و نیشتمانیان لە دەست بێگانە ڕزگار كردووە، نیشانی داوە لە لایەن وڵاتانی ترەوە بە چاوی ڕێز سەیر دەكرێن. شەهید تەواوكەری گەل ونیشتمانە. ئەگەر شەهید نەبێت، نیشتمان ناحەسێتەوە لە دەست داگیركەران. كوردستان كە ساڵهای ساڵە بۆتە مەیدانی غارغارێنی داگیركەران و خۆیان لێخۆش كردووە بەڵكو بتوانن ببنە خاوەنی.
هەر خوێنی شەهیدان و ڕۆڵەكانی كوردستانە نەیهێشتووە نیشتمان ببێتە پاروە خۆشە و داگیركەران بەرددانیدەن وبیهاڕن.
بەڵێ نیشتمانمان بۆیە سەربەرزە ڕۆڵەی فیداكاری هەیە. كورد ئەگەر بێ كەسیش بێ بە لێبڕاوی ڕۆڵەكانی و فیداكاری و خوێن بەخشینیان لە ناوچوون و فەوتانیان ئاسان نیە و مەحاڵە داگیركەران، كە ئارەزووی نەمانی كوردستانە، بە فیداكاری ڕۆڵەكانی كوردستان قەت ئەو هیوایەیان نایەتەدی. شەهید پارێزەری حەیسییەتی كوردە. شەهید نیشانەی عەزەمەتی میللەتە. شەهید چرای سەر فرازی گەلە، ئاڵای هەمیشە بەرزو شەكاوەی نیشتمانە. بۆیە كورد تا ئێستا پارێزراوە، هۆی فیداكاری ڕۆڵەكانی بووە. كورد مانەوەی وەك نەتەوە، بۆ فیداكاری و لە خۆبردوویی ڕۆڵەكانی دەگەڕێتەوە. ئەگەر فیداكاری نەبێت دەكەوێتە بەر بەرداشی داگیركەران دەبووە تۆزێك و ناوێك لە كوردستان وكورد نەدەما. لە سەر شانی هەموومانە یادی شەهیدان بەرز ڕاگرین وكۆڵ نەدەین تا بتوانین ئاواتی شەهیدان بێنینەدی و نیشتمانمان ڕزگار كەین. شەهیدانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بێ شك گوڵبژێرن لە باغچەی شەهیدانی كوردستان چونكە خۆبەخت كەرانێك بوون. كە هەم كوردستانیان دەویست وهەم بە ئیسلامیش باوەریان هەبوو. چاكترین و پاكترین ڕۆڵەكانی گەلن. یادی شەهیدی ئەمجارەشمان نمونەیەك لەو شەهیدانەیە كە نیشان ئەدات بەڕاستی سازمانی خەبات ڕێگای ڕاستەو ڕەسەنترین ڕێگای نیشتمانمان كوردستانە. كە ئەویش سەروەری گەل شەهید مام شەریف ڕەحمانیە. كە مام شەریف ڕەحمانی پێشمەرگەی كۆڵنەدەر و لە خۆبردووی سازمانی خەبات تا ئاخرین ساتەكانی ژیانی ئەركەكانی بێ هیچ دەغدەغەیەك ئەنجام ئەدا. مام شەریف ساڵی 1312 لە ئاوایی بەرەجۆی مەهاباد لە بنەماڵەیەكی هەرە هەژاری كوردستان لە دایك بوو. بنەماڵەی مام شەریف بە جوتێری ژیانیان دەبردە سەر. باوكی مام شەریف بە ڕەنجكێشانی زۆر توانی لێبڕاو دوای چەند ساڵ كەنفتی ماڵئاوایی لە ژیان كرد. دایكیشی هێندەی پێ نەچوو كۆچی دوایی كرد و شەریفی منداڵیان لە گەڵ چەند خوشكی بە جێهێشت و كەوتە قەزاو قەدەر. مامی مام شەریف كە زۆری لەگەڵ خراپ بوو سەرپەرەستی كرد، تا 15ساڵی و زۆر بێ ڕەحمانە خستیە ژێركارەوە. لە 15ساڵیەوە مامیشی مەسئولییەتی بە ئەستۆ نەگرت و لە ماڵ دەری كرد، ئەم مێرمنداڵە بێ سەر پەنایە ناچار ڕووی لەم لاولا كرد. بۆ ئەوەی بتوانێ سەر پەنایەك بدۆزێتەوە تا ژیانی لێ بەرێتە سەر. بۆیە بە كاری زۆر و لە توانا بەدەر بۆ ماڵان كاری كرد. تا بتوانێ درێژە بە تەمەنی پڕ مەرارەتی بدا. لە مێرمنداڵییەوە كەوتە بەر قورسترین كار كە لە توانای كەسی گەورەش دانەبوو. بە سەرما و گەرما مام شەریف هەر كاری دەكرد. ئەو ژیانە سەختەی چەند ساڵ درێژە پێدا تا كاتی سەربازی هات. لە ماوەی حكومەتی پاشایەتیدا بە زۆر ناردیانە خزمەتی شایەتی و لە ماوەی سەربازیدا لەگەڵ بێ ڕەحمی و بێ عاتیفەی غەیرە كوردەكان دایم بەرەوڕوو بوو. هەموو ئەو ناڕەواییانە لەگەڵ مام شەریف، مام شەریفی وا لێكرد هەر كاتێك دەرفەت هەبوو ببێتە پێشمەرگە، بۆ ڕزگاری نیشتمانی، لە دەست بەرچاو تەنگ و ڕەگەز پەرەستان. هەر بە دەست پێكردنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی شایەتی، مام شەریف هاو دەنگ لەگەڵ ڕۆڵەكانی تری كوردستان لە سەفی پێشەوەی خەباتی دژی شایەتیدا بوو. شێلگیرانە هەوڵی ئەدا، مام شەریف پێی وابوو كورد بە نەمانی شا ڕزگاری دەبێت و چیتر ناچەوسێتەوە. زۆر دڵخۆش بوو بە سەركەوتنی خەڵكی دژی شا كە بە داخەوە ئاواتەكەی مام شەریف نەهاتە دی. ڕوخانی شا تەنیا ئاڵوگۆڕ بەستەمگەران و دژی كوردان بوو. ئەوانەی دوای شای گۆڕبەگۆڕ هاتنە سەر حوكم و قۆلیان بۆ فەوتانی كورد و وێران كردنی كوردستان هەڵماڵی. بەڵێ بە هاتنە سەركاری حكومەتی نا ئیسلامی ئێران گەلی كورد كەوتە بەرتوندترین و بێ
بەزەییانەترین هێرشی پاسدارو چڵكاو خۆرەكانی كۆماری نائیسلامی یەوە. مام شەریفی قارەمان كە بەڵێنی بە خۆی دابوو دەبێ سەربازی كوردبێت چەكی شەرەف و كەرامەتی لە شان كرد و وەك پێشمەرگەیەكی شۆڕشگێر و لە خۆبردوو بەو پەڕی لێبڕاوی و دڵسۆزییەوە چی ئەرك گران بوو ئەنجامی ئەدا. مام شەریف لە ساڵی 1358دا چەكی لە شان كرد بۆ بەرگری كردن لە هێرشی داگیركەران و لە دامەزراندنی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران دا. لە ساڵی 1359دا یەكێك بوو لە یەكەمین پێشمەرگەكانی ئەم ڕێكخراوە. مام شەریف بە ئیمان بە موبارزە بۆ گەلی كوردی قارەمان چەكی هەڵگرتبوو بۆیە زۆر مەردانە و دلێرانە چی ئەركەكانی پێشمەرگایەتی بوو دڵسۆزانە ئەنجامی ئەدا. مام شەریف لە ساڵی 60 و 61 وەك كادری تەبلیغی بڵاوكراوەكانی سازمانی خەباتی لە ناوچەكانی پیرانشار و سەردەشت و مەهاباد بڵاو دەكردەوە و لەم ماوەدا لەگەڵ بەرچاوتەنگانی غەیرە خەباتی و خۆ بە زلزان و بەرچاو تەنگ بەرەنگاری دەكرد. چەند كەڕەت گەمارۆیان دا و ڕێگای هاتوو چۆیان لێگرت و بڵاوكراوەكانیان لێستاند، بەڵام مام شەریف لەگەڵ ئەو نوعە كردارانە زیاتر و جدیتركاری دەكرد. بەڵێ مام شەریف چونكە لە ژیانی منداڵییەوە بێ پسانەوە كاری دەكرد لە شۆڕش بێ بێزوو هەموو كاری دەكرد. كاری شۆڕشی بە ئی خۆی دەزانی و بە دڵخۆشییەوە ئەنجامی ئەدان. سازمانی خەبات جێگای سەربەرزی گەلی كوردە چونكە ڕۆڵەكانی ئەو ریزە لە چینی هەرە هەژاری لە خۆبردوویی گەلن. ئەوانەی لە خەبات دا گیانیان فیدا ئەكەن لە پاكترین ودڵسۆزترین ڕۆڵەكانی نیشتمانن و نمونەی چاكی و فیداكارین. شەهید شەریف نمونەی یەكێك لەو ڕۆڵە گیان بەخشانەی كوردستانە لە ڕیزی سازمانی خەبات كە ژیانی لە منداڵییەوە بە مەینەت و چارەڕەشی بردە سەر. سازمانی خەبات بە جێگای حەسانەوەی خۆی دەزانی و پێی وابوو ئەو ماوەیەی كە لە سازمانی خەباتە ژیانی ئاسوودە بووە. چونكە ویژدانی ڕاحەت بوو. شەهید مام شەریف لە 7ی ڕەشەممەی 1372 دا لە یەكێك لە بنكەكانی سازمانی خەبات لە شاری سلێمانی بە دەستی بە كرێگیراوانی ڕژێمی ئاخوندی لە مانگی ڕەمەزاندا شەهید كراو ڕۆحی بەرەو بەهەشتی شەهیدان لە شەقەی باڵیدا.
(( هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید مام شەریف و نەفرین بۆ ترۆریستان))

 

ڕێکه‌وت: 2020-04-01 02:07:58






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین