له‌سه‌رهێل 44
چوارشه‌مه‌ 7 خه‌زه‌ڵوه‌ر 2720
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شێخ سدیق حوسەینی

یادی سەروەران

 یادی سەروەری گەل پێشمەرگەو ئەندامی شەهید, شێخ سدیق حوسەینی ناسراو بە شێخ سدیقی ساڵووك.

بابەشێخ حوسەینی

گوندی خنجیلانەی ساڵووكی خوارو لە ناوچەی (بەر رێ‌) لە بانە جوان و ڕازاوەیە، مەكۆی تێكۆشەرانێكە كە گیان و ماڵیان فیدای ئازادی گەل و نیشتمان كرد. مەنزڵی چەند شەهیدی ڕوو سووری سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، شەهید جەلال عەبباسی، شەهید عابید فەیزیان، شەهید ئەبوبەكری چەكوشەیی، شەهید عەبدوڵانستانی و شەهید ئەمیر مەریوانی یە. خەڵكی ساڵووك لە ریزی خەڵكی  هەزاران گوندو ناوچەی كوردستانن كە خزمەتی زۆری پێشمەرگەیان كرد، لە ناو خەڵكی ساڵووكیشدا، شەهید كاك شێخ سدیق حوسەینی و خانەوادەكەی لە ماندووترین و پڕ ئەركترین خەڵكی دێكانی كوردستاندابوون.

ئەگەر پێشمەرگە ڕوویان دەكردە ساڵووك، هەوڵیان دەدا بچنە ماڵی شێخ سدیق چونكە هەمیشە بەگەرمی پێشوازی لە پێشمەرگەو تەنانەت كەسانی غەوارە دەكرد. لە ساڵانی رابردوودا، كەم ماڵ لە دێهات چراتۆڕ(لۆكس) یان هەبوو كە بە نەوت كاری دەكرد، چرا تۆڕ، ڕوناكی زۆری هەبوو،  ماڵی شێخ سدیق چراتۆڕەكەیان لە دیوەخان هەڵدەكردو میوان لە ماڵیان جمەی دەهات. كاك شەهید شێخ سدیق نانی لە گەڵ خەڵك دابەش دەكردو لە میوان پەزیریدا كەم وێنە بوو. شەهید كاك شێخ سدیق خولیای كوردایەتی و ئازادیخوازی بوو، لە سەردەمی ڕژیمی شادا یارمەتی تێكۆشەرانی دەكردو ماوەێكیش لە دەست ساواك و جەندرمەكانی ڕژیمی شاە ئاوارەی كوردستانی عێراق بوو.

لە خەباتی گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی شا ، كاك شێخ سدیق یەكێك لەو سەدان هەزار كەسە بوو كە لە شارەكانی كوردستان بەشداری لەڕاپەڕین كردو لە پشت سەری مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بوو. لەو دەگمەن كەسانە بوو كە لە تەزاهورات و ڕێپێوانەكان بە دەمانچەو چەك بەشداری دەكرد. لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی كوردو  هێرشی پاسدارانی ڕژیم بۆ سەركوردستان، شەهید شێخ سدیق لە ریزی ئەو هەزاران تێكۆشەرەی نەتەوەی كورد بوو كە بە پێ‌ توانا لە دیفاع لە كوردستان بەشداری كردو لە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات تێكۆشانی دەست پێ‌ كرد و لە شەڕەی چەند مانگەی بانە، شەڕی هەژدەدۆڵان و شەری گەورەی تێك شكاندنی هێزی زۆر بۆری دوژمن بۆ دەوروبەری سالووك قارەمانانە بەشداری كرد، ئەگەر چی شەهید شێخ سدیق ماوەی چەند مانگی وەك ڕەسمی و تەواو وەخت لە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازماندا بوو بەڵام هەمووكات ئەركی خزمەت بە نەتەوەو نێشتمان و سازمانی خەباتی بەو پەڕی لە خۆبووردووییەوە لە ئەستۆ دەگرت.

شەهید شێخ سدیق تێكۆشانی بۆ ئازادی نیشتمان، بە فیداكاری وگیانبازی و لە خۆبووردوویی دەست پێ‌ كردو هەر لەو پێناوەدا خانەوادەو ماڵ وژیانی بۆ تەرخان كرد. تێكۆشان و فیداكاری لە پێناو ئازادی یەكێكە لە هۆ سەرەكیەكان بۆ گەیشتن بە رزگاری وكۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی،كە شەهید شێخ سدیق بەشێكی زۆر لەو تایەتمەندیانەی بە شێوەی دیارو حاشاهەڵنەگر تێدا هەبوو. هەر ئەو تایبەتمەندی و هەستی نیشتمان ویستی و گەل خۆشەویستی لە سەر ڕێبازی سازمانی خەبات بووە هۆی ئەوە، كە بەكرێگیراوانی ڕژیم لێ‌ بە داخ بنو داوی بۆ دابنێن. بە داخەوە بە پیلانی چەند كەسی خۆفرۆش لە كۆتا مانگی ساڵی ١٣٦٦زیاتر كەوتە بەر هەڕەشەو بە داخەوە لە لایەن هێزە سەركوتگەرەكانی ڕژیم لە بەفرانباری ساڵی ١٣٦٦ گیرا. ماوەی چەند حەوتوو لە ئیدارەی بەد ناوی ئیتلاعات كەوتە ژێر قورسترین شكەنجەی رۆحی و جەستەیی و بە هۆی شكەنجەی سەختی جەللادەكانی ڕژیمی ستەمگەری ئاخوندی شەهید بوو.

قارەمانی و نەبەزی شەهید شێخ سدیق لە ماوەی چەند حەوتوو شكەنجەو ئازای سەخت، نمونەی ئازایەتی و نەبەزی هەر تێكۆشەرێكی ڕێگەی ئازادی و خەباتكارێكی كوردستان و گەلی بەش مەینەتی كوردو هەموو ئەو قارەماناەی ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانە كە هەم لە مەیدانی نەبەردی ڕوبەڕوو، وە هەم لە زیندان و لە سەخت ترین هەلومەرجەكاندا ئازایەتی و قارەمانەتی كەم وێنە لە خۆیان نیشان دەدەن.

شەهید شێخ شدیق كوڕی شێخ بابەكر لە ساڵی   ١٣١٥ كۆچی خۆری لە دێی‌ ساڵووك چاوی بە دونیا هەڵێنا بە داخەوە باوكی لە ساڵی ١٣١٧كۆچی دوایی كرد. شێخ سدیق و براكانی كەوتنە ڕەنج و زەحمەتی زۆر تا گەورە بوون. شێخ سدیق مێرمنداڵ بوو كە لێهاتوویی و ژیری و ئازایەتی لە خۆی نیشانداو سەرپەرەستی براكان و خانەوادەكەی كردو لە پاڵ ئەرك و كاری خانەوادەكەی وەك كەسایەتی و خاوەن دیوەخان و میوان لە ناوچەی بەر رێ‌، دەوری هەبوو وە جێگەی متمانەی خەڵك بوو.

سازمانی خەبات رێبازێكە كەئامانجی سەرەكی بە ختەوەری و رزگاری گەلەو هەر لە بەر ئەو تایبەتمەندیە بەرزو هەروەها لە بەر مێژووی پاك و بێ‌ خەوشی، بۆتە هۆی متمانەی جەماوەر هەروەها تێكۆشەران و قارەمان و لە خۆبوردووانی وەك شەهید شێخ سدیق ئاویتەی دەبن و گیانیان لە پێناو ڕێبازیدا بەخت دەكەن، ئەو ڕێبازەی بۆ رزگاری گەل و ئازادی نیشتمان دارێژڕاوەو هەر لە پێناو گەل ونیشتماندا بەردەوام دەبێ‌ تا سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانی گەل.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید شێخ سدیق قارەمانی مەیدانەكانی نەبەردی و قارەمان و چاونەترس لە زیندانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی.

 

ڕێکه‌وت: 2020-04-01 02:11:13






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین