یادی سەروەری گەل شەهید رەحمان پوور كەریمی ناسراو بە ڕەحمان ساردەكۆسانی
ئەی نیشتمانی رەنگین ڕۆڵەكانت بە تاسەی ئازادیت سەر دەنێنەوە، لاوانی خۆێن گەرم دەست لە ژیان و خۆشیەكانی هەڵدەگرن ولە ماڵ و كەس وكاریان پەرتەوازە دەبن لە پێناو ئازادی و سەربەستی و گەیشتنی گەل و نیشتمان بە مافی ڕەوا. لە مێژساڵە ئەم نیشتمانە مەیدانی نەبەردیی و نەبەزی ڕۆڵە خاوەن هەست و لە گیان لەسەردەستەكانە، كە لە بەرانبەر هێزو دەسەڵاتی داگیركەرو دژمنانی قین لە دڵ و حەق نەبیست تێ دەكۆشن و خەبات دەكەن. كوردستانیانی خێر لە خۆ نەدیو،دەردەداری خۆسەپێنی دەسەڵاتە ملهوڕەكان و داگیركراوی نیشتمانی ڕنگین و زوڵمی بێ بەزییانەیانن . هۆ داگیر كەرانی بەدفەساڵی ناشیرین و دزێو، ئێوە بۆ حەق نابیستن و لە كەلی شەیتان نایەنە خوار، مەگەر نەتان زانیوە خەوی داگیركردنی كوردستان ولە ناوبردنی گەلی كورد هیچكات نایەتە دی، لە مێژ ساڵە ئێوە هەر لە خۆڕا خۆتان و چارەنووستان بە داگیركردنی كوردستان وبە چۆكدا هێنانی گەلی كورد بەستۆتەوە، بزانن ئەوە ویستێكی بی بنەمایه كە بێجگە لە دۆڕانی خۆتان هیچ دەستكەوتێكی بۆ وەدی نەهێناون.
لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندە مێشك وشك و دواكەوتووەكان لە ئێران، هێزی پاسدارو بەكرێگیراو هەروەها بە فریودانی ژمارەیەك كوردی خۆفرۆش بە خەیاڵی خاویان دەتوانن هیممەتی مەردانەو بڕیاری لێبڕاوانەی گەلی كوردو ڕۆڵە نەبەزەكانی سست بكەن، بەڵام ئەوە نزیك بە 40 ساڵە بە هەموو توانایان و بە خەرج كردنی پووڵێكی زۆر و بەكارهێنانی پێشكەوتوترین چەك و تەقەمەنی نەیانتوانیوە بڕیاری گەلی كورد بۆ تێكۆشان و لە پێناو گەیشتن بەمافی ڕەوا لە چوارچێوەی ئێراندا سست بكەن. گومان نییە كاتێك گەلێك كە خاوەنی ڕۆڵەی خاوەن هەستی وەك كاك رَەحمان پوور كەریمی ساردەكۆسانی بێ، نیشتمانێك كە قارەمانی وەك كاك رەحمان لە داوێنیدا پەروەردە بوو بێ هیچ كات دوژمنانی ناتوانن سەركەوتووبن لە وەدی هێنانی ئامانجی چەپەڵیان. هەر چەند داگیركەرانی نیشتمانی ڕەنگینمان لە لایەن دەسەڵاتی ستەمگەری ئاخوندی بەردەوامە، بەڵام بوونی قارەمانانی وەك شەهید ڕەحمان كە خۆێنی خۆیان دەكەنە چۆڵەچرای رێگەی ئازادیی و بەختەوەری گەلی كورد، بۆ هەمیشە خەوی ئاخوندانی ملهوڕ لە گۆڕدەنێن و بە بەخشینی گیانی پیرۆزیان حەقانیەت و ڕەوایی خەباتی كۆڵنەدەرانەی گەلی كورد دەسەلمێنن. بێگومان خۆێنی شەهید رەحمان و تێكڕای شەهیدانی رێگەی ئازادی و خەباتی نەپساوەیەو بۆتە هەوێنی شۆرشی بەردەوام لە بەرانبەر حكومەتی ستەمگەری ویلایەتی فەقیه دا.
قارەمانی گەل و رۆڵەی بە وەفای كوردو سازمانی خەبات كاك رەحمان پوور كەریمی كوڕی كاك رەحیم لە ساڵی 1363كۆچی خۆری لە خانەوادەیەكی هەژارو نیشتمانپەروەرو لە داوێنی خاتوو پەریزاد دایكی رەنج كێش، لە دێی ساردەكۆسان لە دایك بوو. تەمەنی منداڵی وەك زۆربەی منداڵانی كوردستان بە بێ نازی بردەسەر، لە تەمەنی 6 ساڵی چووە مەدرەسەی ساردەكۆسان و چەند ساڵی سەرەتایی دەرسی خۆێند بەڵام بە مەبەستی هاوكاری خانەوادەكەی لە كاری ئاژەڵداری و جوتیاری و بۆ دابین كردنی داهاتی خانەوادە دەستی لە خۆێندن هەڵگرت.
زوڵم و ستەمی رژیمی ملهوڕی ئاخوندی و هێزە بەكرێگیراوەكانی لە بەرانبەر خەڵكی كوردستان و خەڵكی ساردەكۆسان و هەروەها ئامانجی كوردایەتی و خزمەت بە ڕێبازی سازمانی خەبات كاك ڕەحمانی هاندا بێتە ریزەكانی سازمانی خەبات و هەر بەو مەبەستە لە پاییزی ساڵی 1382 كۆچی خۆری رووی كردە بنكەكانی سازمانی خەبات و دەورەكانی بارهێنانی سیاسی و نیزامی بە سەركەوتوویی تەواو كرد و لە بنكەی سەرەكی سازمان چەكی شەرەف و پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانی لە شان كرد. بە هۆی بوونی بنكەی تەشكیلاتی و پێشمەرگەیی سازمانی خەبات لە دێی ساردەكۆسان دانیشتووانی ئەو دێَیە بە تیكرا زۆر بە باشی لەگەڵ سازمانی خەبات و ڕێبازەكەی ئاشنا بوون. دێی ساردەكۆسان وەك یەكێك لە دێ و ناوچەكانی كوردستان بە قەڵای سازمانی خەبات دەناسرێ و هەروەها مامۆستا مەلاكەریم سەیادی ناسراو بە مامۆستا ڕاوچی یەكێك لەو كەسایەتیانە بوو كە هاوكاری مامۆستای رێبەر مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو لە دامەزراندنی سازمانی خەبات. ساردەكۆسان یەكێك لەمەڵبەندەكانی كوردایەتی و شۆڕشگێڕیەو خاوەنی چوار شەهیدی سازمانـ شەهید سڵێمان سڵێمان نژاد، شەهید سادق زەندی، شەهید مام خدر پوور كەریمی كە مامی شەهید ڕەحمان بوو هەروەها دێی مامۆستا مەلاكەریم ساردەكۆسانی یەكێك لە دامەزرێنەرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانە.
ئەو راستیانە بوونە هەوێنی ئەوە تا شەهید ڕەحمان زۆر دڵسۆزانە لە پێناو بردنە پێشی سیاسەتەكانی سازمانی خەبات و گەشەی تەشكیلاتی هەڵسووڕێ، و بە چالاكی بەردەوام و نەبڕاوەی پلەو بەرپرسایەتی لە ئورگانەكانی كومسیونی سیاسی نیزامی و بەشی پێوەندیە كوردستانیەكانی سازمانی خەبات پێ بسپێدرێ. كاك ڕەحمان كەسێكی زمان شیرین و زۆر كۆمەڵایەتی بوو زۆر بە زوویی ناسیاوی بەرینی لە گەڵ خەڵك و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كوردستانی عێراق پەیدا كردبوو و ببووە خۆشەویستی خەڵك. شەهید ڕەحمان كادری دڵسۆزو خاوەن باوەڕ لە كاتی سەردانی بۆ لای خانەوادەكەی و هەروەها لە ئەركێكی تەشكیلاتی دوای زیاتر لە سیانزدە ساڵ پێشمەرگەیی و لە ئەستۆگرتنی چەندین بەرپرسایەتی گرینگ لە رۆژی 5ی جۆزەردانی ساڵی 1395 كۆچی خۆری لە لایەن بەكرێگیراوان و خۆفرۆشانی رژیم شەهید كرا. لە بیرەوەری شەهادەتی شەهید رَەحمان پوور كەریمی ڕۆڵەی گوندی ساردەكۆسان مەڵبەندی كوردایەتی وسازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو رۆژە دێتە دی كە رژیمی ملهوڕی ئاخوندەكان لە ئێران بڕوخێ و ئەوكات خەڵكی ئێران و گەلی بەش خوراوی كورد لە نیشتمان و لە ماڵی خۆی بە ئاسودەیی و دوور لە هەڕەشە ژیان بكا.
هەزاران سڵاو لە رۆحی شەهید رەحمان پووركەریمی پێشمەرگەو كادری لیهاتووی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران.
ڕێکهوت: 2020-09-17 11:34:56